رووداو دیجیتاڵ
نێوەڕاستی شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا جمەی دێت لە گەشتیارانی بیانی. ئەمساڵ زیادبوونی گەشتیاران ئیتاڵیا بەجۆرێکە، پێشبینی دەکرێت ئاستی پێش کۆرۆناش تێپەڕێنێت و 30 ملیۆن گەشتیار تەنیا سەردانی رۆما بکەن.
جیانلوکا دێ گایتانۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی هوتێلەکانی رۆما دەڵێت، "بووژانەوەی لێشاوی گەشتیاری لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکرد و لەم هاوینەشدا زیاتر بوو؛ ئێستا پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی 2019ـش زیاتر بێت، کە ئەو کاتە ساڵی زێڕین بوو بۆ کەرتی گەشتیاریی رۆما و ئیتاڵیا".
دڵگیریی ئیتاڵیا و پایتەختەکەی، رەنگە حکومەتی وڵاتەکە دڵخۆش بکات، بەڵام بۆ هاووڵاتییان بەپێچەوانەوەیە. ئەو قەرەباڵخییەی گەشتیاران دروستیانکردووە خەریکە ئیتاڵییەکان لە کار و پیشەی رۆژانەیان دوادەخات.
ماریا کۆنفیدێنتی، هاووڵاتیی ئیتاڵی دەڵێت، "وا باشترە بەکارهێنانی ئامرازی گواستنەوەی گشتی کەم نەکەینەوە، بەڵکو دەبێت ژمارەیان زیاتر بکەین؛ چونکە هەرچەندە لە هاویندا قوتابخانە نییە، خەڵک هەر کاردەکەن، ژمارەیەکی زۆر گەشتیاریش هەن".
لە رۆما تەنیا دوو هێڵی میترۆ هەن؛ زۆریی ژمارەی گەشتیاران حکومەتی ناچارکردووە دەست بە دروستکردنی هێڵی میترۆی سێیەم بکات.
ئەمانە لەکاتێکدایە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 15 ملیۆن گەشتیار چوونەتە ئیتاڵیا، بەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، رێژەکە 86٪ زیادبووە.
لە ساڵی 2021ـدا، داهاتی سێکتەری گەشتیاریی ئیتاڵیا نزیکەی 163 ملیار یۆرۆ بووە و نزیکەی 9٪ـی ئابووریی وڵاتەکەی پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ