رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەڵێت، زاناکانی توانیویانە جۆرە گورگێک بگەڕێننەوە نێو ژیان کە 12 هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر قڕبووە.
ئاژەڵەکە لەو جۆرەیە کە پێی دەگوترێت گورگی دڕ.
کۆمپانیای کۆلۆساڵ بۆ زانستە زیندەییەکان کە بارەگای لە شاری داڵاسی ویلایەتی تێکساسە، دەڵێت، زاناکانی کۆمپانیاکە دی ئێن ئەی کۆنی گورگی دڕیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی تەکنەلۆجیای دەستکاریکردنی جینەکانەوە، دی ئێن ئەی گورگی بۆر بگۆڕن و هاوشێوەی گورگی دڕی لێ بکەن.
ئەو دی ئێن ئەیەی بەکاریانهێناوە، لە کەڵبەیەکی بە بەردبوو و کاسە سەرێکی گورگی دڕ دەرهێنراوە. کەڵبەکە بۆ 13 هەزار ساڵ و کاسە سەرەکەش 72 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.
زاناکان دواتر تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان بەکارهێناوە بۆ دەستکاریکردنی جینەکانی گورگی بۆر تاوەکو هاوشێوەی ئەوانەی گورگی دڕیان لێبکەن.
لە چواردە جینی گورگی دڕدا، 20 جیاوازی لەگەڵ جینی گورگی بۆردا هەبووە.
زاناکان بە دەستکاریکردنی جینەکانی گورگە بۆرەکە و نەهێشتنی جیاوازییەکان، توانیویانە گورگە بۆرەکە وەک گورگە دڕەکە لێبکەن بۆ ئەوەی قەبارەی گەورەتر بێت، سەری پانتر و مووی سپی بێت.
دواتر دی ئێن ئەیە دەستکاریکراوەکە خراوەتە ناو هێلکەیەکی پیتێندراو و دواتر گۆڕاوە بۆ کۆرپەلە.
پاشان کۆرپەلەکەیان خستووەتە نێو سکی سەگی ماڵی، لە ئەنجامدا سەگەکە سێ بێچوە گورگی دڕی بوون کە ناونراون روومەلەس، رێمەس و کالیسی.
ئێستا سێ بێچوە گورگە دڕەکە خراونەتە شوێنێکی پارێزراوی تایبەت لە ئەمریکا؛ لەوێ چاودێریی تەندروستییان دەکرێت.
بە گوێرەی کۆمپانیاکە، ئەمە دەبێتە یەکەمین جار لە جیهاندا گیانەوەرێکی قڕبوو سەرکەوتووانە بگەڕێندرێتەوە نێو ژیان.
بەڵام هەندێ زانا ئامادە نین ئەمانە بە گورگی دڕی رەسەن ناوببەن، بەڵکو گومانیان هەیە و پرسیار دەکەن: ئایا ئەمانە کتومت هاوشێوەی گورگە دڕە قڕبووەکانن یانیش تەنیا لە هەندێ رووەوە لەوان دەچن؟
بۆ زانینی وەڵامی ئەو پرسیارەش، دەبێت رادەی جیاوازیی لەنێوان جینی گورگی دڕ و گورگی بۆردا بزانرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ