چەپەکان براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسان

07-07-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەری دەخات، هاوپەیمانیی چەپەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا پێش پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی تووندڕۆ و هاوپەیمانییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن کەوتووە. 
 
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، (بەرەی نیشتمانیی گەل) کە هاوپەیمانیی چەپەکانە، لە پلەی یەکەم دێت و نزیکەی 170 تاوەکو 190 کورسیی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت. 
 
هاوپەیمانیی (پێکەوە)ی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش لە پلەی دووەم دێت و نزیکەی 150 تاوەکو 170 کورسیی پەرلەمان دەباتەوە. 
 
پارتی (بەرەی نیشتمانیی) راستڕۆی تووندڕۆ لە پلەی سێیەم دێت و نزیکەی 130 تاوەکو 150 کورسیی پەرلەمانی بردووەتەوە. هەر بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی کۆماری نزیکەی 60 کورسی دەباتەوە. 
 
خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو و تێیدا بەرەی نیشتمانی 33٪ـی دەنگەکان، هاوپەیمانیی چەپەکان 28٪ و هاوپەیمانییەکەی ماکرۆن 20٪ـی دەنگەکانی بردەوە. 
 
پەرلەمانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسی هەیە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش دەریدەخات هیچ پارت و هاوپەیمانییەک بە تەنیا ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە