رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی نێودەوڵەتیی کیێڤ بۆ کۆمەڵناسی بڵاویکردەوە، تەنیا 52٪ـی ئۆکراینییەکان متمانەیان بە سیاسەتەکانی سەرۆکی وڵاتەکە هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە ئاداری 2022دا 90٪یان متمانەیان پێیبوو.
رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، پەیمانگەی نێودەوڵەتیی کیێڤ بۆ کۆمەڵناسی، نوێترین راپرسیی سەبارەت بە متمانەی هاووڵاتییانی وڵاتەکە بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راپرسییەکە، 52٪ـی ئۆکراینییەکان متمانەیان بە سیاسەتەکانی زیلینسکییە، لەکاتێکدا لە ئاداری 2022دا 90٪ متمانەیان پێیبوو. هەروەها، ئێستا بەراورد بەو کات، ئەوانەی هیچ متمانەیەکیان بە سیاسەتەکانی نییە لە 7٪ـەوە بووەتە 39٪.
ئەنتۆن گروشتسکی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری پەیمانگەکە لەبارەی راپرسییەکەوە دەڵێت، "کەمبوونی متمانە بە زیلینسکی، توانا و سەنگی ئەو وەکو کەسێکی دیار کەم دەکاتەوە."
کەمبوونی متمانەی ئۆکراینییەکان بە زیلینسکی لەکاتێکدایە، چوار ساڵە وڵاتەکە لەدژی رووسیا لە جەنگدایە. ئۆکراینا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت، لەوانە کەمیی سەرباز و وێرانبوونی ژێرخانی وڵاتەکە.
ساڵی 2019، زیلینسکی وەکو سەرۆکی ئۆکراینا هەڵبژێردرا و بەڵێنی لەنێوبردنی جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا کە بەنزیک لە رووسیا دادەندران. پار، ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو، بەڵام بەهۆی یاسای دەسەڵاتی سەربازی و جەنگەوە، نەتواندرا هەڵبژاردن لەو وڵاتە بکرێت.
چەند جارێک بەرپرسانی رووسیا تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی زیلینسکیان لەدژی بەکارهێناوە و رایانگەیاندووە، ئەو چی دیکە سەرۆکی شەرعیی ئۆکراینا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ