ئەمریکا لە شەو و رۆژێکدا؛ خوێنڕشتن و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس

07-01-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن خۆپێشاندانی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا رۆژێکی خوێناوی بەڕێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی کۆنگرێس لە دانیشتندا بوو بۆ پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ترەمپ تاوەکو ئێستاش سوورە لەسەر قسەکانی کە هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە و بایدنیش داوایلێکرد بێتە سەر تەلەڤزیۆن و کۆتایی بە "ئابڵوقەی" سەر کۆنگرێس بهێنێت. 
 
ئەو کاردانەوانە لە کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا و 10:00ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەشێوەیەک کە بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ چوونە نێو کۆنگرێسی ئەمریکا بۆئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران رابگرن و نەهێڵن سەرکەوتنی بایدن پەسەندبکرێت.
 
ئەم هەڵکوتانەی سەر کۆنگرێس بەبێ بوونی بەڵگە بوو، لایەنگرەکانی ترەمپ سووربوون لەسەرئەوەی کە "ساختەکاریی کراوە" و مافی سەرۆکی وڵاتەکەیان خوراوە. ئەوان گوتیان کە نابێت کۆنگرێس سەرکەوتنی جۆ بایدن پەسند بکات.
 
ئەم هەڵکوتانە دوای ئەوە دێت کە هەر دوێنێ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێس رایگەیاند، کە بەپێی دەستوور دەسەڵاتی رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی نییە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داوایکردبوو جێگرەکەی "کارە راستەکە" بکات، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای قسەکانی جێگرەکەی لە کۆنگرێس رایگەیاند "مایک پێنس بوێریی ئەنجامدانی ئەوەی نەبوو کە دەبوو بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان و دەستوورەکەمان بیکات." گوتیشی "ئایا هیچ کەس بڕوا بەوە دەکات جۆ بایدن 80 ملیۆن دەنگ بەدەستبێنێت؟ کەس بڕوا دەکات؟ ئەو 80 ملیۆن دەنگی کۆمپیوتەری بردووەتەوە. مایەی شەرمەزارییە. هەرگیز شتی وا رووینەداوە". 
 
دوای ئەوەی گرژیی و ئاڵۆزی لە کاتی هەڵکوتانەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس دروست بوو، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە خۆپێشاندەران کرد کە دەست لە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بپارێزن. پاشان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانی لایەنگرانی ترەمپ، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە جووڵێندراون لەوانە گاردی نیشتمانی.
 
بەشێک لە خۆپێشاندەرانی ترەمپ توانیان بچنە نێو باڵەخانەی کۆنگرێس، بەگوتەی پۆلیس هەندێکیان چەکداربوون. بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆنگرێس بۆ ماوەیەکی کاتی وەستێنرا. 
 
دواتر ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس رایانگەیاند، کە داوایان لێکراوە باڵەخانەکە چۆڵکەن. ئیلیانی لوریا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە هەوڵدراوە لە دەرەوەی باڵەخانەکە "بۆمبی دەستکرد" بەکاربهێنرێت، ئاماژەشی بەوە دابوو کە "گوێی لە دەنگێک بووە هاوشێوەی دەنگی تەقەکردن". دین فیلیپس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا گوتبووی: داوایان لێکراوە کە ماسک بۆ خۆپاراستن لە گاز بپۆشن.
 
چوار کەس لە رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس گیانیان لەدەستداوە
 
لە سەرەتای گرژییەکانی سەر هەڵکوتانەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا، ژنێک بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان بریندارکرا، دواتر پۆلیسی واشنتن هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەو ژنە پاش ئەوەی برینداربووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆش بە کاتی هەرێمی کوردستان، پۆلیسی واشنتن رایگەیاند، کە چوار کەس لە رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان ئەو ژنە بوو کە گوللە بەر سنگی کەوتبوو، سیانەکەی دیکە بەهۆی تێکچوونی تەندروستییانەوە گیانیان لەدەستداوە. دەگوترێت ژنەکە سەربازێکی دێرینی ئەمریکایە و لە سوپای ئەمریکا کاری کردبوو. 
 
بایدن: داوا لە ترەمپ دەکەم بێتە سەر تەلەڤزیۆن و 'ئابڵوقەی' سەر کۆنگرێس کۆتایی پێبهێنێت
 
دوای هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس و چوونی لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر کۆنگرێس، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی خۆپێشاندانی لایەنگرانی ترەمپەوە لێدوانی دا و داوای لە ترەمپ کرد بێتە سەر تەلەڤیزیۆن و "ئابڵوقەی" سەر کۆنگرێس کۆتایی پێبهێنێت.
 
قسەکانی بایدن دوای دەرکەوتنی گرژی و ئاڵۆزی بوو لە کۆنگرێس، گوتی، ئەگەر عاقڵانە مامەڵە نەکەن ئەوا دەدۆڕێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوەی لە کۆنگرێس روویداوە بۆ ئەو مایەی شۆک و دڵگرانی بووە.
 
ترەمپ بۆ لایەنگرانی و خۆپێشاندەران: خۆشم دەوێن و بڕۆنە ماڵەوە

 

[
 
دۆناڵد ترەمپ لە ژێر گوشاری داواکارییەکانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هاتە سەر هێڵ و لە رێگەی تویتەرەکەیەوە بە ڤیدیۆ قسەی بۆ لایەنگرەکانی کرد و رایگەیاند "دەزانم ئێوە خەمبار و دڵشکاون، ئێمە هەڵبژاردنێکمان کرد کە لێمان دزرا، هەڵبژاردنێکی شۆکهێنەر بوو، هەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت بەتایبەتیش لایەنەکەی دیکە، بەڵام دەبێت ئێستا بڕۆنەوە ماڵەوە. پێویستە ئاشتیمان هەبێت. پێویستە یاسا و رێسامان هەبێت. پێویستە رێز لە ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسا بگرین و نامەنەوێت کەس زیانی پێبگات."
 
ئەو ڤیدیۆیەی دۆناڵد ترەمپ پاش ماوەیەکی کەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سڕایەوە لەوانە: فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر و یوتیوب.
 
نێوخۆی باڵەخانەی کۆنگرێس چۆڵکرا
 
دوای گەییشتنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی و هێزی پشتیوانی لە ژمارەیەک ویلایەتەوە، نێوخۆی باڵەخانەی کۆنگرێس چۆڵکرا، بەڵام خۆپێشاندان لە دەرەوەی باڵەخانەکە هەر بەردەوام بوو. چاد وڵف، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند، "تووندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە قبووڵکراو نییە و ئاماژەی بەوەش کرد "هیچ کەس مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە فیدراڵییەکانی وڵات و پێویستە ئەو کەسانە سزابدرێن کە تووندوتیژی ئەنجامدەدەن."
 
دوای چوار کاژێر کۆنگرێسی ئەمریکا دەستی بە دانیشتنە تایبەتەکەی کردەوە 
 
دوای نزیکەی چوار کاژێر لە هەڵپەساردنی بەهۆی خۆپێشاندانەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا دەستی بە دانیشتنە تایبەتەکەی کردەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامی دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیران بە سەرکردایەتیی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستیپێکردەوە.

 

 
لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکان هەموو ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماون بە جیا ئیدانەی خۆپێشاندانەکان و قسەکانی دۆناڵد ترەمپ یان کرد. جۆرج دەبلیو بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کە هەر لە پارتەکەی ترەمپە، هێرشی لایەنگرانی ترەمپی بۆسەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ بە هەڵگەڕانەوە ناوبرد و گوتی "لە سەرەتای هەڵبژاردنەکانەوە رەفتاری نابەرپرسیارانەی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان و ئەو بێڕێزییەی کە ئەمڕۆ بەرامبەر دامەزراوە و نەریت و هێزە ئەمنییەکانمان کردیان منیان شۆک کرد".
 
هەروەها مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کابینەی ترەمپ، سەرکۆنەی لایەنگرانی ترەمپی کرد و گوتی نابێت بەکارهێنانی "تووندوتیژی لە هەڵبژاردنەکاندا" قبووڵبکرێت.
 
داواکرا ترەمپ لە کارەکەی دووربخرێتەوە
 
داواکاری گشتیی دی سی داوای لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد کابینەیەک پێکبهێنێت بە پشتبەستن بە هەمواری یاسای 25 و سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. کارڵ راسین، داواکاری گشتیی دی سی گوتی "جێگری سەرۆک پێنس، بتانەوێ و نەتانەوێت زۆر گونجاوترە بۆ پۆستەکە [پۆستی سەرۆکایەتی].. پێویستمان بە فەرماندەیەکی گشتیی هێزە چەکدارەکانە کە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات". 
 
هەروەها راسین داوای لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە هەنگاوی دواتر بنێت بۆ ئەو مەبەستە، "ئەرکە دەستوورییەکانت جێبەجێ بکە، ئەمریکا بپارێزە، لەپاڵ دیموکراسی بمێنەرەوە و هەمواری ماددەی 25 بەکاربهێنە". ئەو دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستەکەی گونجاو نییە.
 
ماددەی 25  رێگە بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ زۆرینەی کابینەی حکومەت دەدات کە سەرۆک لەسەر کار لابدەن.
 
بەشێک لە سەرکردە جیهانییەکان شۆک بوون بەو رووداوە
 
سەرکردە جیهانییەکان سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕی لە هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە. جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، کەنەدییەکان "زۆر بێزاربوون" بەو "هێرشە بۆسەر دیموکراسی".
هەروەها ئەلبێرتۆ فێرناندز، سەرۆکی ئەرجەنتین پاڵپشتیی خۆی بۆ جۆ بایدن دەربڕی و ئیدانەی "کردەوە جیددییە تووندوتیژییەکان"ی کرد. بە هەمان شێوە ئیڤان دوکی، سەرۆکی کۆڵۆمبیا تووندوتیژیی رەتکردەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەندامانی کۆنگرێس دەربڕی. هەروەها سێباستیان پینێرا، سەرۆکی چیلی ئیدانەی ئەو کردەوانەی کرد کە "دەخوازن شوێنی پرۆسەی دیموکراسی بگرنەوە".
 
فەیسبووک و ئینستاگرام 24 کاژێر و توویتەر 12 کاژێر ترەمپ بلۆک دەکات
 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ ماوەی 24 کاژێر پەیجی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بلۆک دەکات و رێگەنادات پۆست بکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا پێشێلی سیاسەتەکانی کردووە. تویتەریش راگرتنی هەژماری ترەمپی بۆ ماوەی 12 کاژێر راگەیاندبوو. هەروەها یوتیوبیش یەکێک لە ڤیدیۆکانی ترەمپی دیلیتکرد.
 
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، جۆ بایدن توانیی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. ئێستا جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و کامڵا هاریس جێگریەتی و بڕیارە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2021 دەستبەکاربن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە