ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا کە قژی خۆی بڕی: نابێت بۆردوومانی ئێران بۆ سەر کوردستان قبووڵ بکرێت

06-10-2022
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
 عەبیر سەهلانی، ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا کە لە پێناو ژینا ئەمینی لەنێو پەرلەماندا قژی خۆی بڕی
عەبیر سەهلانی، ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا کە لە پێناو ژینا ئەمینی لەنێو پەرلەماندا قژی خۆی بڕی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەبیر سەهلانی، ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا کە لە پێناو ژینا ئەمینی لەنێو پەرلەماندا قژی خۆی بڕی بە رووداوی راگەیاند، "ئێران هێزێکە ناسەقامگیری دروست دەکات لە ناوچەکەدا. ئەو بۆردوومانانەی کوردستان کە چەندین هاووڵاتیی کردە قوربانی" نیشانەیەکی دیکەی کارەکانی ئێرانە کە نابێت قبووڵ بکرێت و دەبێت بووەستێنرێت.
 
نوێنەری 27 وڵات کە ئەندامن لە پەرلەمانی ئەوروپا، بەیانیی ئەمڕۆ بەرەو هۆڵی کۆبوونەوە چوون بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ کە یەکێکیان دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەبڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر ئێران لە بەرامبەر شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی. لە ئەنجامدا پەرلەمانەکە پڕۆژەبڕیارەکەی لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران پەسندکرد.
 
ئەو دەقەی کە پەرلەمانی ئەوروپا پەسندی کرد، ئەمانە لەخۆ دەگرێت: پشتگیری لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە لە ئێران، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە مردنی تراژیدیی ژینا ئەمینی، کۆتاییهێنان بە جیاکاری لەگەڵ کورد، بەلووچ، عەرەب و خەڵکی دیکەی بەدەر لە شیعە و موسڵمان، هەروەها سزادانی کەسانی بەرپرسیار لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە ئێران. 
 
لە رۆژی سێشەممە، 04ی ئەیلوولی 2022، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە بڕیارەکە کرا. ئەوکات پەرلەمانتارێکی ژنی سوێدی کە لەدایکبووی بەسرەیە، بە بڕینی بەشێک لە قژی، لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا هاوسۆزیی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران دەربڕی.
 
عەبیر سەهلانی، پەرلەمانتاری ئەوروپا دەڵێت، "لێرەدا سێ هۆکاری هەیە، یەکەم بۆ نیشاندانی ئەوەیە کە ژن و کچانی ئێرانیش شایەنی ئازادی، دیموکراسی و بەدەستهێنانی مافی مرۆڤن. چوونەتە سەر شەقامەکان، هاواردەکەن و گیانی خۆیان بۆ ئازادی دەکەنە قوربانی. ئێمەش قەرزاری ئەوانین. دووەم ئەوەیە، ئەم یەکێتییە لەسەر هەندێک بنەما بنیاتنراوە کە ئەوانیش دیموکراسی، یاسا، مافی مرۆڤ و یەکسانیی نێوان رەگەزەکانە، بۆیە ئەو شەڕەی لێرە لەسەر مافی ژنانی ئەوروپی دەکرێت، پێویستە بۆ ماف و یەکسانی و دیموکراسی و ئازادی ژنانی ئێرانیش بکرێت."
 
ژنە پەرلەمانتارێکی دیکەی پەرلەمانی ئەوروپا کە خەڵکی ئیسپانیایە، پەسندکردنی ئەو پڕۆژەبڕیارە بە "هەنگاوێکی گرنگ" دەزانێت و دەڵێت، لە فەرمانگەی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆپۆزەلێک بۆ ئەنجامدانی سزا بەسەر ئێران ئامادە دەکرێت.
 
ئانا میراندا، پەرلەمانتاری ئەوروپا بە رووداوی گوت، "هاوسۆزیی دەربڕین هەنگاوێکی گرنگە، چونکە ئێمە ماف لە جیهاندا دەپارێزین، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا پێویستە سیاسەتی دەرەوەی بەهێزتر بکات تاوەکو بتوانێت سەرکۆنەی ئەو جۆرە رووداوانە بکات. هەروەها پێویستە بەرپرسارێتیی زیاتر بگرێتە ئەستۆ، چونکە قسەکردن بەس نییە کاتێک خەڵک دەکوژرێن".
 
تەنیا ئەمساڵ ئەوە دووەم بڕیارە کە لە پەرلەمانی ئەوروپا دژی ئێران دەردەچێت. بڕیاری یەکەم لە 17ی شوباتی 2022 بوو دژی لەسێدارەدانی بەردەوام لە ئێران و ئەمەی ئەمڕۆش بڕیاری دووەمی ئەمساڵی ئەو پەرلەمانەیە دژی ئەو وڵاتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئالان لیکتمان کە بە پیاوی پێشبینییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا ناسراوە و دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

پیاوی پێشبینییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا باسی 'کارەساتێکی گەورە' دەکات

کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بەڵێنی داوە ئەگەر دەربچێت، 11 ملیۆن کۆچبەر لە وڵاتەکەی دەربکات. میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن، ئەوە ملیارەها دۆلاری تێدەچێت و پێشبینیکارێکی بەنێوبانگی ئەمریکیش دەڵێت، "کارەساتێکی گەورە" دەبێت بۆ ئەمریکا