بەهۆی خۆپێشاندانەکانی بەریتانیاوە 378 کەس دەستگیرکراون؛ سەرۆکوەزیران هەڕەشە دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
خۆپێشاندانەکانی بەریتانیا
خۆپێشاندانەکانی بەریتانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەریتانی دەڵێت، 378 خۆپێشاندەریان دەستگیرکردووە و بەهۆیەوە 50 پۆلیس و چەند خۆپێشاندەرێکیش برینداربوون. سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هەڕەشەی پێکهێنانی سوپا دەکات لە دژیان. لە کاتێکدا هەفتەیەکە خۆپێشاندان بەشێک شەقامەکانی ئەو وڵاتەی تەنیوە دوای ئەوەی کەسێک لە هێرشێکدا سێ کچی بە چەقۆ کوشت. 
 
فرۆشگەیەکی شاری رۆتەرهام لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە ئاگری تێبەردرا و دزی لە چەند فرۆشگەیەکیش کراوە و بەشێکیشیان زیانی زۆریان پێگەیشتووە. لەدوای ئەو رووداوانە بەرپرسان هەڕەشە لە خۆپێشاندەران دەکەن. 
 
جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند: "ئەمە رووخێنەرە. ئەمە ناوچەیەک بوو کە دوێنێ دەستی بەسەردا گیرابوو. ئەرکی پۆلیسە وەڵامی هەبێت و ئێستا هەموو شتێکیان لەبەر دەستە بۆ کردنی ئەمە." 
 
هەفتەیەکە خۆپێشاندانەکان بەریتانیای گرتووەتەوە، ئەمە دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی بەریتانی کە دایک و باوکی خەڵکی رواندا بوون لە هێرشێکدا سێ کچی بە چەقۆ کوشت و 10ی دیکەی بریندار کرد.
 
بە گوێرەی پۆلیسی بەریتانیا، تاوەکو ئێستا 378 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون. هەروەها، برینداربوونی 50 پۆلیس و چەند خۆپێشاندەرێکیش پشتڕاستکراوەتەوە. بە گوێرەی میدیای وڵاتەکە، بەهۆی هێرشەکانەوە بازاڕ و دوکانەکان زیانی ملیۆنان دۆلاریان بەرکەوتووە. 
 
نیگەرانیی لە خۆپێشاندان تەنیا لەلایەن حکومەتەوە نییە، بەڵکو بەشێک لە هاووڵاتیانیش نیگەرانن لە خۆپێشاندانەکان. هاووڵاتییەکی بەریتانی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەمە خەمبارم دەکات کە ئینگلیزم، چونکە خەڵک لە هەموو جیهانەوە دەبینن لێرە چی دەگوزەرێت." 
 
لە شاری پۆلیمۆس لە باشووری رۆژئاوای بەریتانیا خۆپێشاندەران و پۆلیس رووبەڕووی یەک بوونەتەوە. دروشمی "شەرمە بۆ ئێوە" دەڵێنەوە و داوای دەرکردنی کۆچبەران دەکەن. 
بەشێک لە پسپۆڕانیش خوێندنەوەی دیکە بۆ هۆکاری خۆپێشاندانەکان دەکەن. 
 
ستیفانی ئەلایس بەیکەر، پسپۆڕی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی لەندەن و ئاماژەی بەوەکرد: کە "من ئەم رووداوە بە هۆکاری ئەم هەموو تووندوتیژییە نازانم. بەڵکو دوایین چیلکەدار بوو کە پشتی حوشترەکەی شکاند. پێموایە ئەو گرووپانە لە مێژە هەست بەوە دەکەن ستەمیان لێکراوە و ئەم رووداوەش بووە دەرفەتێک بۆیان بۆ ئەوەی هەمووی دەربکەن."
 
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران کرد کە سوپایەک لە پۆلیسی وڵاتەکەی لە دژیان پێکدەهێنێت. هەروەها، کارەکانی سیستمی دادوەریش خێراتر دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەوانەی دەستگیرکراون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە