رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی خۆی بۆ خراپترین بارودۆخ لە ئەگەری ئەوەی جەنگ بگاتە ئەورووپا ئامادە بکات؛ هێنانەوەی خزمەتی سەربازیشی بە پێویست زانی.
رۆژی چوارشەممە، 5ی حوزیرانی 2024، بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، "پێویستە تاوەکو ساڵی 2029 ئامادەی جەنگ بین." ئاماژەی بەوەشکرد، کە "لە بارودۆخە لەناکاوەکاندا، پێویستمان بە کوڕان و کچانی گەنجە بەرگریی لەم وڵاتە بکەن."
جاری یەکەم نییە بەرپرسانی ئەڵمانیا داوای ئامادەبوون بۆ جەنگ دەکەن. پێشتریش رۆژی ، 16ـی ئاداری 2024، بێتینا ستارک ڤاتزینگەر، وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا گوتی، پێویستە منداڵان باشتر فێری چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو جۆرە قەیران و کارەساتێک بکەن؛ "کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی وەکو جەنگ، بڵاوبوونەوەی پەتا و کارەساتی سرووشتی ئامادە بکرێت."
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە رێگەیەکی نوێ بۆ خزمەتکردن لە سوپا هەبێت و نابێت گەنجان هیچ ئەرکێکی سەربازییان لەسەر نەبێت.
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئێستا وەزیری بەرگریی بەرپرسانی وەزارەتەکەی راسپاردووە بە دوای رێگەیەکی گونجاو بۆ خزمەتی سەربازی گەنجەکان بدۆزنەوە.
ساڵی 2011 ئەڵمانیا خزمەتی سەربازی ناچاری لە وڵاتەکەیدا نەهێشت. بە گوێرەی دواین راپرسیش، نیوەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە پاڵپشتیی گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازی دەکەن.
بە گوێرەی بەرپرسانی بەرلین، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی کیشوەری ئەورووپا بە گشتی و ئەڵمانیا بەتایبەتی.
سەرکەوتنی مۆسکۆش لەو جەنگەکە، بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر داهاتوویان دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ