رووداو دیجیتاڵ
کۆماری میللیی چین فووی لە مۆمی 75 ساڵەی تەمەنی خۆی کرد؛ ئەم وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووە بە شەو و رۆژێک دروست نەبوو، بە چەندین قۆناخی جیادا تێپەڕیوە تاوەکو بەمڕۆ گەیشتووە.
چین چۆن لە ژێر تەپ و تۆزی جەنگێکی وێرانکەری نێوخۆ هەستایەوە سەرپێ بۆ ئەوەی دوای سێ چارێکە سەدە، لە رووی داهێنان و تەکنەلۆجییەوە ببێتە پێشەنگی جیهان؟ لەم راپۆرتەدا گەشتێک بە نێو دیارترین وێسگەکانی مێژووی چینی کۆمیونیستدا دەکەین.
ساڵی 1949 سەرەتای دروستبوونی ئەم چینەی ئێستا بوو.
ماو زیدۆنگ، سەرکردەی شۆڕشگێڕ لە یەکی تشرینی یەکەم، دامەزراندنی کۆماری میللیی چینی وەک وڵاتێکی کۆمیونیست راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ماو لە شەڕی نێوخۆ دژی حکومەتی نەتەوەپەرستی کایشێک سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
لە ساڵی 1958 ماو، دەستی بە هەڵمەتی گۆڕینی چین بۆ وڵاتێکی پیشەسازی کرد، بۆ ئەوەی لە بەرهەمدا پێش بەریتانیا بکەوێت. بۆ ئەوەش، کێڵگە کشتوکاڵییە تایبەتەکانی قەدەخەکرد و جووتیارانی ناردن بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان.
پلانەکەی سەرکەوتوو نەبوو؛ قاتوقڕی لێکەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 30 ملیۆن کەس.
ساڵی 1966 شۆڕشی کولتووری دەستیپێکرد.
ماو زیدۆنگ دەستیکرد بە ناچارکردنی بۆرژوازییەکان، واتە چینی مامناوەند و دەوڵەمەندی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی هاوشێوەی توێژەکانی دیکە سەربازی بکەن و کار بکەن. ملیۆنان کەس نێردرانە کارگەکان تاوەکو کاری سەخت بکەن. ناکۆکی و گرژی دروستبوو کە بە بەکارهێنانی سوپا کۆتایی هات.
ساڵی 1972، ریچارد نیکسن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە سەردانێکی مێژوویی دەگاتە چین. ئیدی ئەو سەردانە بووە بەردی بناخەی دانپێدانان بە چین وەک وەڵاتی فەرمی لە بری تایوان لە ساڵی 1979ـدا.
لە ساڵی 1976 ماو زیدۆنگ، کۆچی دوایی کرد. ساڵی 1978، دێنگ شیاوپینگ پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا تۆکمە کرد. لەوێوە بۆ ماوەی سێ دەیە لەسەر یەک، گەشەی خێرای پیشەسازی دەستیپێکرد و چین گۆڕا بۆ چینێکی دیکە.
لە ساڵی 1978 خۆپێشاندانێکی گەورە لەلایەن خوێندکارانەوە لە زۆربەی شارەکان لە دژی حکومەت دەکرێت، بەتایبەتی لە گۆڕەپانی تیانانمێن لە پەکین. سوپا رووبەڕوویان دەبێتەوە و سەدان کەس دەکوژرێن.
ساڵی 1997 بەریتانیا دەستبەرداری هۆنگ کۆنگ دەبێت و شارەکە دەگەڕێتەوە ژێر رکێفی چین.
ساڵی 2008 ئۆڵۆمپیادی پەکین دەبێتە گەواهیدەری پێشکەوتنی چین و لە 2012ـشدا، شی جینپینگ دەبێتە سەرکردەی پارتی کۆمۆنسیت.
ساڵی 2018 جەنگی بازرگانی لەنێوان چین و ئەمریکادا دروست دەبێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێناسەی گومرکی لەسەر بەرهەمە چینییەکان زیاد دەکات. لەو کاتەوە، رکابەرایەتیی نێوانیان لە رووی تەکنەلۆجی و سەربازییەوە سەختتر دەبێت.
ساڵی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چین بڵاودەبێتەوە و دەبێتە پەتایەکی جیهانی.
چین پێدەنێتە نێو داخستنی گشتی و قەدەخەی هاتووچۆ و رێکاری تووندی خۆپارێزی. لە ساڵی 2022 تەواوی ئەو رێکارانە کۆتاییان پێ هێنرا.
75 ساڵ بەسەر راگەیاندنی کۆماری چینی میللی تێپەڕی، کە ئەوکاتە چین بەدەست نەهامەتی و خراپیی دۆخی سیاسی و ئابووری و جیۆپەڵەتیکی ناوچەکە دەیناڵاند، بەڵام دوای 75 ساڵ و بە رابەرایەتیکردنی حیزبی شیوعیی چینی وەکو تاکە حیزب لەو وڵاتە، ئێستا دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە و رۆژ بە رۆژ داوای جەمسەری رۆژهەڵاتی هێز دەکات لە جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ