رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆلەتیکۆی وڵاتەکەی دەڵێ، دوای ئێران نۆرەی کوبایە؛ هاوکات بێزاری خۆی لە ڤۆلۆدێمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەربڕی.
لەبارەی ئێران: "هەموو شتێکمان وێران کردووە"
ترەمپ لەبارەی جەنگی دژی ئێرانەوە دەڵێت: "خەڵک ئەوەی پێ خۆشە کە روودەدات. ئێمە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەمریکا لادەبەین."
سەبارەت بە توانای سەربازیی ئێران، ترەمپ گوتی: "هیچ هێزێکی دەریاییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، رادارەکانیان لەنێوبردراون و سوپاکەیان تێکشکێندراوە. تەنیا بوێرییان ماوە."
ترەمپ گوتی، ئەمریکا لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێران دا رۆڵی دەبێت و گوتی: "کاریگەریی گەورەم دەبێت، کار لەگەڵ خەڵک دەکەین بۆ ئەوەی کەسێک بێتە سەر دەسەڵات کە ئێران بنیات بنێتەوە، بەڵام بێ چەکی ئەتۆمی."
لەبارەی کوبا: "ئەویش دەڕووخێت"
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات دوای ئێران، حکومەتی کوبا بڕووخێت. ترەمپ دەڵێت بەهۆی بڕینی نەوتی ڤەنزوێلا کە تاکە سەرچاوەیان بوو، کوبا لە دۆخێکی خراپدایە.
ترەمپ گوتی: "کوباش دەڕووخێت. ئەوان پێویستیان بە یارمەتییە و گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن."
لەبارەی ئۆکراینا: "زیلینسکی ئاستەنگە"
ترەمپ جارێکی دیکە رەخنەی لە سەرۆکی ئۆکراینا گرت و گوتی: "زیلینسکی دەبێت بێتە سەر هێڵ و رێککەوتن بکات."
بە گوتەی ترەمپ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام زیلینسکی ئاستەنگ دروست دەکات.
ترەمپ گوتی: "تێناگەم بۆچی ئەو [زیلینسکی] دەبێتە ئاستەنگ. تۆ کارتی بەهێزت بەدەستەوە نییە، ئێستا کارتەکانت کەمترن."
لەبارەی کۆمپانیای Anthropic
سەبارەت بە کێشەی پێنتاگۆن لەگەڵ کۆمپانیای ژیریی دەستکردی Anthropic کە خاوەنی بەرنامەی Claudeـە، ترەمپ گوتی: "من ئەنترۆپیکم دەرکرد. ئەوان لە کێشەدان، چونکە وەک سەگ دەرکران، نەدەبوو وا بکەن".
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدان کە ئەنترۆپیک رەتیکردەوە ژیریی دەستکردەکەی لە لایەن پێنتاگۆنەوە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنرێت.


