دایکی رەیان: پێنج رۆژە بە قەد چاوتروکانێکیش خەو نەچووتە چاوم

05-02-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەوڵی رزگارکردنی رەیان لە رۆژی پێنجەمیدایە و تیمەکانی فریاگوزاری لە قۆناخی کۆتایی رزگارکردنی کوڕە پێنج ساڵانەکەدان و تاوەکو ئێستا 32 مەتریان بەشێوەیەکی ستوونی هەڵکەندووە و دەستیان کردووە بە هەڵکەندن بەشێوەی ئاسۆیی بەرەو ئەو خاڵەی رەیانی تێدایە. 
 
بەگوێرەی تیمەکانی فریاگوزاریی، ئێستا تەنیا نزیکەی مەتر و نیوێکیان ماوە بۆ ئەوەی بگەنە رەیان. دایکی رەیانیش دەڵێت، "تەنانەت بە قەد چاوتروکانێکیش خەو نەکەوتووەتە چاوم". 
 
بەهۆی ناجێگیریی خاکەکەوە، تیمەکان لە ترسی داڕمانی خاک بەسەر رەیاندا، زۆر بە وریاییەوە کارەکەیان ئەنجامدەدەن و ئێستا کارکردن بە ئامێری قورسی وەکو بلدۆزەر و شۆفڵ راگیراوە و بە  پاچ و خاکەناس ئەو مەتر و نیوەی ماوە هەڵدەکەنن.
 
ئەوەی زیاتر مەترسیی دروستکردووە ئەوەیە کە فراوانیی دەمی بیرەکە تەنیا 30 سانتیمەترە و ئەو شوێنەی رەیان گیری تێدا خواردووە تەنیا 20 سانتیمەترە، ئەمەش وایکردووە هەر هەڵەیەکی بچووک ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی رەیان.
 
رۆژی شەممە، کەسێکی بەرپرس لە پڕۆسەی هەڵکەندنەکەدا رایگەیاند، کامێرایەکیان ناردووەتە بنی بیرەکە لەو شوێنەی رەیانی تێدایە و بینیویانە رەیان لەسەر لایەکی کەوتووە. 
 
بەڵام عیماد فەهمی، خۆبەخش لە مانگی سوور چووبووە نێو بیرەکە رایگەیاند: "توانیم قسە لەگەڵ منداڵەکە بکەم و لێم پرسی تاوەکو بزانم گوێی لێمە. وەڵامی دایەوە. خولەکێک چاوەڕێم کرد و دواتر بینیم دەستی بە بەکارهێنانی ئۆکسجینەکە کردەوە."
 
هاوکات، ئەمڕۆ تیمەکانی فریاکەوتن رووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەوە، ئەوەش کاتێک بەردێکی گەورە کەوتە بەردەمیان و دەبوو لایبدەن. 
 
رۆژی سێشەممە 1-2-2022 لە گوندێکی ویلایەتی شفشاونی باکووری مەغریب، رەیانی پێنج ساڵان کەوتە نێو ئەو بیرەی لە نزیک ماڵەکایانەوەیە. باوکی رەیان دەڵێت، ویستوویەتی بیرەکە نۆژەن بکاتەوە و رەیانی لەگەڵدا بووە؛ دەڵێت "تەنیا یەک چرکە چاوم لەسەری نەما و رەیان دیار نەما". دواتر زانیویانە کەوتووەتە نێو بیرەکەوە.  
 
دایکی رەیان کە بە تاسەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژە لەگەڵ باوکی رەیان نزیک بیرەکەیان جێنەهێشتووە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "هەموومان بەدوایدا گەڕاین، دواتر زانیمان کەوتووەتە نێو بیرەکە. هێشتا هیوام هەیە بە زیندوویی رەیان بهێندرێتە دەرەوە". 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی مەغریب، تیمەکانی رزگارکردن تەنانەت بۆ یەک کاژێریش لە کارکردن نەوەستاون و بە شەو و رۆژ کار لە هەڵکەندنی دەوروبەری بیرەکەدا دەکەن.
 
چارەنووسی رەیان وایکردووە، بەرپرسانی بەغریب بە قەدەر "شاخێک" زەوی هەڵبکەنن. لەو کاتەوەی رەیان کەوتووەتە نێو بیرەکەوە، بەردوام قەرەباڵخییەکی زۆر لە شوێنەکە بەدیدەکرێت و خەڵکی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی رزگارکردنی رەیان دەکەن. ئەمەش وایکردووە تیمەکانی رزگارکرن پەرژینێک بە دەوری شوێنی هەڵکەندندا دابنێن و رێگە نەدەن جگە لە کەسانی تایبەتمەند و زەویناس کەس لە شوێنەکە نزیک ببێتەوە. 
 
چیرۆکی رەیان رووداوێکی تراژیدیا دێنێتەوە یاد؛ ئەویش کاتێک لە ساڵی 2019 دا بوو لە ئیسپانیا منداڵێکی تەمەن 2 ساڵان کەوتە نێو بیرێکی بەجێهێڵدرا و کە قووڵاییەکەی 70 مەتر دەبوو و دەمی بیرەکەش تەنیا 25 سانتیمەتر بوو. تیمەکانی فریاکەوتن لە دوای 13 رۆژ لە هەوڵی بەردەوامیان، دواجار منداڵەکەیان بە مردوویی لە بنی بیرەکە دەرهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.