مرۆڤەکان سەرەتا لەبەرچی مردوویان بەخاکسپارد؟ زانست ئاشکرای دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
باسی سەردەمێک دەکەین کە پێی دەگوترێت چاخی بەردین. لەنێوان نزیکەی سێ ملیۆن ساڵ تاوەکو دەوروبەری 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
 
لەو سەردەمانەدا، باوانەکانمان هەر وەکو دۆزینەوەی ئاگر، هێڵکاریی سەر بەردەکان، رامکردنی گیانەوەران و دروستکردنی هەندێک لە نەریتەکان، فێری بەخاکسپاردنی مردووەکانیان بوون.
 
ئەوە روون بووەتەوە کە لانیکەم زیاتر لە 100 هەزار ساڵە جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤی وەکو هۆمۆ سەیپیێنس [مرۆڤی ژیر - جۆری خۆمان] و نیاندەرتاڵەکان، مردووەکانیان بەخاکسپاردووە؛ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە سەرەتا لەبەرچی دەستیان داوەتە ئەم کارە یان بۆ چ مەبەستێک بەکاریانهێناوە؟
 
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی L’Anthropologie بڵاوکراوەتەوە، باوانەکانمان سەرەتا بە مەبەستی دیاریکردنی سنووری قەڵەمڕەویی خۆیان مردووەکانیان بەخاکسپاردووە؛ واتە گۆڕی مردوویان لە هەر شوێنێک بووبێ، ئەو شوێنەیان بە خاکی خۆیان زانیوە.
 
کۆنترین گۆڕی مرۆڤ کە دۆزرابێتەوە، لەو جۆرانەی بەئەنقەست بەخاکسپێردراون، دەگەڕێتەوە بۆ 120 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە ئەشکەوتێک بەناوی قەفزە، لە باکووری ئیسرائیلی ئێستا. دەزانرێت کە دواتر ئەم نەریتە گوێزراوەتەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی وەکو ئەفریقا، لەمبەریشەوە باشووری کوردستان (ئەشکەوتی شانەدەر بە نموونە) و ئەورووپا.
 
دوو شارەزای بواری چاخی بەردین و شوێنەوار لە پاش لێکۆڵینەوەی چڕ لە پاشماوەی گۆڕەکان لە هەریەک لە ئیسرائیل، فەلەستین، سووریا و لوبنان بەم تێگەیشتنە گەیشتوون کە مرۆڤە بەراییەکان بە بەخاکسپاردنی مردووەکانیان، نیازیان بووە بە گرووپەکانی دیکە بڵێن، ئەوان خاوەنی ناوچەکەن.
 
د. ئۆمری برازیلای، شوێنەوارناس لە زانکۆی هەیفا لە ئیسرائیل و د. ئێلا بین، شارەزای مرۆڤی چاخی بەردین لە زانکۆی تەلئەڤیڤ، بەراوردی بەخاکسپاردنی مردووی هۆمۆ سەیپیێنس و نیاندەرتاڵیان کردووە لە ناوچەکە و ئەنجامەکەیان لەو گۆڤارە زانستییەدا بڵاوکردووەتەوە.
 
د. ئۆمری برازیلای دەڵێت، "پرۆسەی بەخاکسپاردن بەڕاستی لەم ناوچەیە [رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] دەستیپێکردووە".
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، لە توێژینەوەکەیاندا، بەراوردی چەندین گۆڕی مردووی هەردوو جۆرەکە [سەیێنس و نیاندەرتاڵ]یان لە ئەشکەوتەکاندا کردووە؛ بۆیان دەرکەوتووە، هەر گرووپێک [بە زمانی مۆدێرنتر هەر هۆزێک] مردووی لە هەر ئەشکەوتێکدا بەخاکسپاردبێ، لە وەرزەکانی دیکەی ساڵدا سەردانی ئەشکەوتەکەیان کردووەتەوە و ناوچەکەیان بە موڵکی خۆیان زانیوە.
 
ئەگەرچی سەیپێنس لە دەرەوەوە و نیاندەرتاڵ لە ناوەوەی ئەشکەوتەکاندا مردووەکانیان بەخاکسپاردوون، بەڵام بەپێی توێژینەوەکە هەردوولا هەمان مەبەستیان هەبووە؛ دیاریکردنی ناوچەی دەسەڵات.
 
د. ئێلا بین دەڵێت، "جیاوازی و لێکچوونی زۆرمان لە بەراوردی مردووەکاندا دۆزییەوە [بەڵام گۆڕەکانیان بۆ هەمان مەبەست بوون]".
 
هێشتا بەتەواوی نهێنییەکانی ژیانی رابردووی بوونەوەران، لەنێویاندا باوانەکانی خۆمانمان بۆ ئاشکرا نەبووە، بەڵام تاوەکو ئەو شوێنەی دەیزانین و بەپێی بەڵگەکان، مرۆڤەکانی ئێستا نەوەی جۆری هۆمۆ سەیپیێنسن.
 
بەگوێرەی شیکاری بۆ ئێسکوپروسکە لە ئێمەچووەکان، سەیپیێنس لە دەوروبەری 300 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقاوە پەیدا بوون، لە خوار 100 هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە هەندێک گرووپیان گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چاویان بە نیاندەرتاڵەکان کەوتووە و تێکەڵیان بوون؛ هەر لەبەر ئەمەیە کە لەنێو جیناتی مرۆڤی ئێستادا، جیناتی نیاندەرتاڵەکانیش هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەی دوایین راپرسی 9٪ـی رەشپێستەکان پاڵپشتی ترەمپن

دوایین راپرسی: 87٪ـی رەشپێستەکانی ئەمریکا پاڵپشتیی هاریس دەکەن

لایەنگرانی کامالا هاریس لە زانکۆی میشیگن لە شاری ئێست لانسینگ کۆبوونەوە و چاوەڕێی دەستپێکردنی بانگەشە دەکەن، ئەو لایەنگرانە بەشێکی زۆریان رەشپێستن.