رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە ناحیەی چەمانکێی قەزای ئامێدی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان پەکەکە و پێشمەرگەدا روویدا، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕەکەی چەمانکێ "شەهیدبووە."
ئەیوب نەسری پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ئەو پێشمەرگەی گیانی لەدەستداوە ناوی (هێرش جەوهەر )ـە.
هیوا عەبدولستار، کەسوکاری ئەو پێشمەرگەیەی کە گیانی لەدەستداوە بە رووداوی راگەیاند، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک گیانی لەدەستداوە و لەدوای خۆی چوار منداڵی جێهێشتوون.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 04-11-2020، ژمارەیەک گەریلای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری ئامێدی هێرشیانکردە سەر پێشمەرگە، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرەتا بۆمبێک بە هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و دواتر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی لەنێوان پەکەکە و پێشمەرگە روویداوە.
پێشتر ئەلەند ئەمیر، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە لە شەڕەکەدا سێ پێشمەرگە برینداربوون. دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە یەکێک لە پێشمەرگەکان دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی دهۆک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە "شەهیدبوو".
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر لە راگەیێندراوێکدا "بەتووندی" ئیدانەی هێرشەکەی پەکەکەی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە کرد و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووەشە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە" و لەم چوارچێوەیەدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت".
ئەو هێرشەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە لە کاتێکدایە، کە بە گوێرەی بەیاننامەیەکی ناوهندی راگهیاندن و چاپهمهنی هێزهكانی پاراستنی گهل- ههپهگه، بۆریی نەوتی کوردستان لە رۆژی چوارشهممه 28ی تشرینی یهكهمی 2020، لەلایەن گهریلاكانی پەکەکە تهقێندراوەتەوە.
رۆژی 2-11-2020 سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتیی کوردستان کرد و رایگەیاند: "مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە."
لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی رووی قسەی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کردووە و رایدەگەیێنێت "دوای هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان روویانكردە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵکران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزموونیی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی دیکەشیان داگیرکرد و خۆیان وەک جێگرەوەی حکومەت سەپاند و رێگرییان لە خەڵک کرد ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگرن."
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو رەفتارانەی پەکەکە "جێگەی قبووڵکردن نین"، دەشڵێت: هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیاردەکەوێت نەک بە قسە و گوتار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ