رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 27 کەس لە ئاوەکانی سنووری پارێزگاکەدا خنکاون، بەراورد بە پار ئامارەکە نزیکەی حەوت هێندە زیادی کردووە. ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 27 کەس بەهۆی خنکان لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی پاردا تەنیا 4 کەس گیانیان لەدەستدابوو." بەپێی ئەو وردەکارییانەی بەڕێوەبەری دادپزیشکیی کرماشان خستیەڕوو، شوێنی خنکانی ئەو 27 کەسە بەمشێوەیە دابەش بووە: 15 کەس لە رووبارەکاندا، 10 کەس لە بەنداو و حەوزە کشتوکاڵییەکاندا و دوو کەس لە نێو مەلەوانگەکاندا. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران، پار 888 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خنکان لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرترین حاڵەتەکانیش لە سێ مانگی وەرزی هاویندا تۆمارکراون.
کوردستان20-10-2026هەولێر کۆنووسێکی 11 خاڵی دەداتە بەغدا؛ ماسی و پەلەوەر بە بەرهەمی ناوخۆیی هەژمار بکرێن