رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا میدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی بەخشییە 19 کەسایەتیی ئەمریکی، لەنێویاندا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
رۆژی هەینی 3ی ئایاری 2024 جۆ بایدن لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی خەڵاتی میدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی بەخشییە چەند کەسایەتییەکی ئەمریکی، کە زۆربەیان ئەندامی پارتی دیموکراتەکانن.
جگە لە نانسی پیلۆسی، هەریەکە لە جەیمس کلایبەرن، یاریدەدەری پێشووی رێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا؛ جۆن کێری، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا لەو کەسایەتییە دیارانەی دیموکراتەکان بوون کە خەڵاتەکەیان پێبەخشرا.
بایدن رێوڕەسمەکەی بە "یەکێک لە رێوڕەسمە باشەکانی کۆشکی سپی" ناوبرد و گوتی، "ئەمڕۆ دووبارە خۆشحاڵین کە گەورەترین خەڵاتی ئەمریکا بە 19 کەسایەتیی گەورە ببەخشین."
میدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە کاریگەریی بەرچاو و گەورەیان بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی لە جیهاندا هەبووە و خزمەتیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە.
هەرچەندە خەڵاتەکە خەڵاتێکی مەدەنییە، دەتواندرێت بە سەربازان و ئەفسەرانی سوپاش بدرێت؛ هەروەها خەڵاتەکە تایبەت نییە تەنیا بە هاووڵاتییانی ئەمریکی و دەکرێت هاووڵاتییانی بیانیش خەڵاتەکە وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ