رووداو دیجیتاڵ
بۆردوومانێکی رووسیا بە مووشەکی بالیستی بۆسەر شاری کریڤی ریگ، 12 کەسی لە ئۆکراینا کوشت. سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، بۆردوومانەکە بەڵگەی ئەوەیە "رووسیا ئاگربەستی ناوێت."
رۆژی هەینی 04-04-2025 سێرگی لیساک، پارێزگاری هەرێمی دینپرۆپێترۆڤسک کە شارەکەی تێدایە گوتی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە "12 کەس کوژراون؛ سیانیان منداڵن."
ئۆلیکساندەر ڤیلکول، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی شارەکە گوتی: "50 کەس لە هێرشەکەدا برینداربوون."
شاری کریڤی ریگ دەکەوێتە باشووری ئۆکراینا؛ شارەکە زێدی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینایە.
زیلینسکی رایگەیاند، ئەو هێرشە نیشاندەری ئەوەیە "رووسیا ئاگربەستی ناوێت. ئێمە و هەموو جیهانیش ئەمە دەبینین."
شاری کریڤی ریگ نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە بەرەی پێشەوەی جەنگی رووسیا دوورە و جاروبر بە درۆن و مووشەکە رووسییەکان دەکرێتە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە 2ـی نیسان، رووسیا بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شارەکە، چوار کەس کوژران و زیاتر لە 12 کەس برینداربوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشاری زۆر بۆ راگرتنی ئەو جەنگە دەکات کە تەمەنی سێ ساڵی تێپەڕاندووە.
کیێڤ و واشنتن پێشنیازیان کرد رووسیا بێ مەرج ئاگربەستی تەواوەتی رانگەیێنێت، بەڵام مۆسکۆ رازی نەبوو. لەو کاتەوە ئۆکراینا بەردەوام تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ رووسیا کە ئاگربەستی ناوێت و دەیەوێت جەنگەکە بەردەوام بێت. هەردوولا رێککەوتن کە هێرش نەکەنە سەر ژێرخانی وزەی یەکدی، بەڵام ئەو هێرشانەش نەوەستاون.
جەنگەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. حکومەتی ئۆکراینا لە دوایین ئاماردا رایگەیاند: "120 هەزار بۆ 170 هەزار رووسی کوژراون و زیاتر لە 180 هەزار سەرباز برینداربوون."
مانگی رابردوو وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند: "نزیکەی 250 هەزار سەربازی رووسی کوژراون."
تشرینی یەکەمی 2024 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "600 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون یان برینداربوون."
سەرەتای ئەم ساڵ میدیای رووسیا رایگەیاند: "90 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون."
هەرچی لەبارەی ئۆکراینایە، حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، تاوەکو 17-02-2025 لانیکەم 65 هەزار و 542 سەربازیان کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، تاوەکو 21-02-2025 لانیکەم 12 هەزار و 654 سڤیلی ئۆکراینا کوژراون و 27 هەزار و 836 کەسیش بەهۆی جەنگەکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ