چین هۆشداریی بە ئەمریكا دەدات و داوا دەكات بە زووترین كات فرۆشتنی چەك بە تایوان رابگرێت

04-03-2023
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
A+ A-

رووداو-پەکین

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین هۆشداریی دەداتە ئەمریكا و داوا دەکات کە فرۆشتنی چەك بە تایوان رابگرێت و بە زووترین كات ئاڵوگۆڕی سەربازیی خۆی لەگەڵ تایوان كۆتایی پێ بهێنێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 04-03-2023، تان كێ فێی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین رایگەیاند، "داوا لە ئەمریكا دەكەین هەم فرۆشتنی چەك بە تایوان رابگرێت و هەمیش چیدیكە دەستوەردان لە كاروبار و پرسی تایوان نەكات." دەشڵێت، ئەمریكا هۆكاری سەرەكیی گرژیی و كێشەكانی تایوان و چینە و ئەگەر بێتو دەستوەردانەكانی رابگرێت كێشەكان دەگەنە كەمترین ئاستی خۆیان. 
 
ئەم كاردانەوە تووندە لە وەڵامی ئەوەدا هاتووە كە ئەمریكا بڕیاری داوە بە بڕی نزیكەی 620 ملیۆن دۆلار چەك بە تایوان بفرۆشێت كە تێیاندا مووشەكی فڕۆكەی ئێف 16ش هەن. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین هەروەها گوتوویەتی كە ئەم كارەی ئەمریكا دەستوەردانی راستەوخۆیە لە كاروباری نێوخۆیی چین و بەردەوامیی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە پەیوەندییەكانی وڵاتەکەی و ئەمریكا بەرەو ئاراستەیەكی خراپ دەبات. 
 
وەزارەتی بەرگریی چین راشیگەیاندووە كە لە ئەگەری هەر جۆرە ناسەقامیگیری و گرژییەك لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی چین و بەزاندنی سەروەریی خاكی وڵاتەکەی، ئەوان ئەمریكا بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان دادەنێن و هەموو جۆرە كاردانەوەیەك بە رەوا دەزانن. 
 
تایوان رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو كە 25 فڕۆكەی سەربازیی چین بەرەو ئاسمانی وڵاتەکەیان فڕیون كە 19یان ئاسمانی ئەو وڵاتەیان بەزاندووە و سێ كەشتیی سەربازی چین بەرەو كەناراوەكانی تایوان بەڕێكەوتوون. تایوان لەگەڵ ئەو بڕە چەكەی كە بڕیارە لە ئەمریكای بكڕێت رایگەیاندووە، داوای كڕینی 66 فڕۆكەی سەربازیشی لەو وڵاتە كردووە. 
 
هەر رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئەمریكا رایگەیاند كە بڕی 619 ملیۆن دۆلار چەك بە تایتوان دەفرۆشێت كە تێیاندا مووشەكی تایبەت بە فڕۆكەی ئێف 16 و هەروەها مووشەكی راداربەزێنیش هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە