وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا بۆ رووداو: ئاگادار نین هیچ کچێکی دیکەی ئێزدی لە غەززە مابێت

03-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای رزگاربوون و گەڕاندنەوەی کچێکی ئێزدی لە غەززەوە بۆ شنگال، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا دەڵێت، ئاگادار نین هیچ کچ و ژنێکی دیکەی ئێزدی لە ناوچە فەلەستینییەکە مابێتنەوە.
 
فەوزییە ئەمین سەیدۆ، ئەو کچە کوردە ئێزدییە تەمەن 21 ساڵەیە، کە دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن داعشەوە و دواتر گواستنەوەی بۆ غەززە، گەڕایەوە نێو خێزانەکەی لە شنگال.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان دەزانن کە هێشتا نزیکەی دوو هەزار و 600 ئێزدی بێسەروشوێنن، بەڵام گوتیشی: "ئەم کچە تاکە کەسە کە لە غەززە بووبێت و من لێی ئاگاداربم. تاکە هۆکاری ئاگاداربوونمان لێی ئەوە بوو، کە حکومەتی عێراق ئێمەی لێ ئاگادار کردەوە و داوای هاوکاری لێ کردین".
 
میلەر هەروەها بە رووداوی گوت، "ئەوە بە واتای ئەوە نایەت کەسی دیکە [ـی ئێزدی] لەوێ نەمابێت. بەڵکو تەنیا من ئاگادار نیم".
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکی دیکەدا، میلەر بێ ئەوەی ناوی فەوزییە بهێنێت، گوتی، کچەکە "تەمەنی 11 ساڵان بووە کاتێک لە عێراق لەلایەن داعشەوە رفێندراوە و دواتر فرۆشرابوو و ناچارکرابوو شوو بە چەکدارێکی حەماس بکات و لە دژی خواستی خۆی گوێزرابووەوە بۆ غەززە".
 
میلەر هەروەها باسی لەوە کرد، مردنی ئەو کەسەی کە کچەکەی لە غەززە دەستبەسەر کردبوو، "رێگەی پێدا هەڵبێت".
 
گوتەبێژەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پەیوەندیمان پێوەکرا. ئەوان ئاگادارکرابوونەوە کە کچەکە خۆی رزگارکردووە و هێشتا زیندووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەی. حکومەتی عێراق داوای لێمان کرد هەر شتێکمان پێ بکرێت بۆ هێنانەدەرەوەی لە غەززە بیکەین".
 
هاوکات، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی: "دوای زیاتر لە 10 ساڵ دەستبەسەریی لە غەززە، ژنێکی ئێزدیی 21 ساڵ کە لەلایەن تیرۆریستێکی حەماسی سەر بە داعش بە بارمتە گیرابوو، رزگارکرا و بۆ خێزانەکەی خۆی لە عێراق گەڕێنرایەوە".
 
سوپاکە راشیگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنێک کە لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم و چەندین لایەنی دیکەی نێودەوڵەتی رێکخرابوو، فەوزییە ئەمین سەیدۆ لە بارمتەیی رزگارکرا و رەوانەی لای خێزانەکەی لە عێراق کرایەوە".
 
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگاربووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەوزییە لای چەکدارێکی داعشی خەڵکی کەرتی غەززە-ی فەڵەستین بووە. چەکدارەکە کوژراوە، چوار ساڵ دەبێت دایکی چەکدارە کوژراوەکە فەوزییەی لەگەڵ خۆی بردبووە کەرتی غەززە".
 
بەڵام میلەر دەڵێت: "دوای کوژرانی ئەو کەسەی کە دەستگیریکردبوو، کچەکە لە نێو غەززەدا خۆی لە دەستبەسەری رزگارکردبوو،" هەروەها دەڵێت: "ئێمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە دۆخەکەی ئاگادارکراینەوە. دواتر لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل کارمانکرد بۆ ئەوەی لە غەززە دەریبێنین و بە سەلامەتی بیگەڕێنینەوە بۆ ماڵەکەی".
 
فەوزییە مانگی ئابی پار لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا بە درێژی باسی لە چیرۆکەکەی کرد، کە ئەو کات بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆی، بە ناوی خوازراوی "مەریەم" ناسێندرا.
 
دکتۆر خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم جار لە رێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەداوی ئەو کچە فێنراوە ئێزدییەمان لە کەرتی غەززە دەستکەوت، کاتێک لە شاشەی رووداو دەرکەوت و باسی لەوە کرد کە ئێزدییە و لە غەززەیە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی دەڵێت، دوای دەستکەوتنی "زانیاریی گرنگ"، شوێنەکەیان لە کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە، توانراوە لە رێگەی ئوردن بگەڕێندرێتەوە و دوێنێ چوارشەممە پێشوازییان لێکردووە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و ئێستا لە شنگالە.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت، فەوزییە برابووە کەرتی غەززە، برایەکی چەکدارە کوژراوەکەی داعش، لە خۆی مارە کردبوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە رزگارکردنی کچەکەدا هاوکار بوون، بەڵام رەتیکردەوە ناوەکانیان ئاشکرا بکات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئەسما ئەسەد

ئەسما ئەسەد بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەریتانیا

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە هاوژینەکەی سەرۆکی پێشووی سووریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی رۆڵیشی لە کارەکانی سەرۆک دا، بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی بکەن و بگەڕێتەوە.