وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا: گوشار دەخەینە سەر ئەو گرووپانەی هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان

03-07-2022
بێستون عوسمان
تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە لەگەڵ بێستوون عوسمان
تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە لەگەڵ بێستوون عوسمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرێکی دەوڵەتی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، حکومەتی نوێی وڵاتەکەی هەر وەک حکومەتی پێشوو بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و گوتی، "هەرێمی کوردستان دڵنیا بێت کە دەتوانێت پشتمان پێببەستێت."
 
مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وادەی ئەو ئەرکە سەربازییەی سوپای ئەڵمانیا کۆتاییپێدێت کە پەرلەمانی وڵاتەکە سەرەتای ساڵ پێی دابوو. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەش، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا بەرلین ئەرکی سوپاکەی لە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە درێژدەکاتەوە یان نا.
 
بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئەم پرسیارەی لە تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کرد. لیندنەر لە وەڵامدا گوتی: "حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان" و دڵنیایی دایە هەرێمی کوردستان کە "دەتوانن پشت بە ئەڵمانیا ببەستن."
 
ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە ئەڵمانیا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدرا و بۆ یەکەمجار دوای 16 ساڵ ئەنگێلا مێرکل بڕیاریدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکات. دوای مێرکل، پارتەکەی؛ یەکێتیی کرستیانی دیموکرات (CDU) لەژێر سەرکردایەتیی ئارمین لاشێتدا چووە هەڵبژاردنەکانەوە و نەیتوانی ئەو دەنگە بهێنێتەوە کە پێویست بوو بۆ ئەوەی دووبارە بەڕێوەبردنی وڵات بگرێتەوە دەست. بەو جۆرە قۆناخی دەسەڵاتی 16 ساڵەی CDU کۆتایی پێهات و پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) بە سەرکردایەتیی ئۆلاف شۆڵتز بە گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی سەوزەکان و پارتی دیموکراتی ئازاد حکومەتیان پێکهێنا.
 
لە قۆناخی دەسەڵاتی مێرکڵدا، بەرلین بە کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر، ساڵی 2009 پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دامەزراند و دوای سەرهەڵدانی داعشیش بە مەشقپێکردنی پێشمەرگە و راوێژدان پێی لەگەڵ دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعشدا.
 
ئەو هاوکارییانەی بەرلین بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر داوای حکومەتی ئەڵمانیا و لە ئەنجامی پەسندکردنیانن لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە، کە ساڵانە پێویست دەکات حکومەت ئەو داوایە نوێبکاتەوە و پەرلەمانیش پەسندی بکات. دوایینجار سەرەتای ئەمساڵ حکومەتی تازە هاتووە سەرکاری ئەڵمانیا بڕیاری بەردەوامی دانی دا بە ئەرکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەکاتێکدا کە بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڕیاری کشانەوەی دا. پەرلەمانی ئەڵمانیاش ئەو بڕیارەی پەسندکرد.
 
لەو هەڤپەیڤینەدا کە تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر ئەنجامیدا، لیندنەر لەسەر نوێکردنەوەی ئەرکی سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی: "دواجار ئەوە پەرلەمانە کە بڕیار دەدات. ئێمە وەکو حکومەت هاوینی ئەمساڵ هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەنجامدەدەین لەبارەی بوونی سەربازەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە مانگەکانی پاییزیشدا پەرلەمانی ئەڵمانیا دوا بڕیاری لەسەر دەدات."
 
وەزیرە ئەڵمانییەکە دووپاتی کردەوە کە ئەڵمانیا هێشتا داعش بە مەترسییەک دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی و حکومەتی وڵاتەکەی "هۆکاری باش دەبینێت بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
سەبارەت بە دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تا بەکاریان بهێنێت لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، لیندنەر گوتی "هەرێمی کوردستان تائێستا داوای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێمە نەکردووە" و "ئەگەر داوای بکات، ئێمە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان قسە دەکەین تا بزانین باشترین رێگە چییە بۆ وەڵامدانەوەی داواکانی هەرێمی کوردستان."
 
بۆ سەرکەوتنیش بەسەر داعشدا لە ناوچە جێناکۆکەکان، لیندنەر ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی کرد و گوتی: "هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا رێگەیە بۆ دابینکردنی ئاسایش لە ناوچە جێناکۆکەکان." هاوکات درەنگکەوتنی لایەنە عێراقییەکانیشی لە پێکهێنانی حکومەتدا بە هۆکارێک زانی بۆ دروستبوونی بۆشایی ئەمنی.
 
لەسەر ئەو بابەتە گوتی: "هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو ئازادترین و دیموکراتیترین هەڵبژاردن بوون لە مێژووی عێراقدا،" بەڵام نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەسەر ئەوەی کە هێشتا حکومەتێکی هەڵبژێردراوی خاوەن رەوایەتی لە بەغدا دانەمەزراوە. ئەوەشی بە مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە وەسفکرد و گوتی: "دۆخی هەڵکەوتووی ئێستای عێراق مەترسییە بۆ سەر سەرقامگیریی کۆی ناوچەکە و ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت."
 
هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان
 
تۆبیاس لیندنەر سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیشی کرد و گوتی، "ئەو هێرشانە هێرشن بۆ سەر سەقامگیریی هەموو ناوچەکە." لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی پێشبینیکردنی ئەگەری ئەوەی میلیشیا لەیاسادەرچووەکان لە ئایندەدا ببنە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو جیهان، لیندنەر گوتی: "هەموو میلیشیایەکی لەیاسادەرچوو هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری" و دانی بەوەشدا نا کە دروستبوونی ناسەقامگیری لە عێراق، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ئەوروپاش. چارەسەری ئەو دۆخەشی بەستەوە بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و گوتی: "سەرکەوتنی حکومەتی عێراق کلیلی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەیە."
 
وەزیرە ئەڵمانییەکە لەبارەی چۆنێتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ میلیشیا لەیاسادەرچووەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەڵمانیا گفتوگۆ لەگەڵ میلیشیا لەیاسادەرچووەکان ناکات" ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی " گوشار دەخاتە سەر بەرپرسیارانی هێرشە مووشەکییەکان دژی هەرێمی کوردستان."
 
لە پەیامێکیشدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆبیاس لیندنەر گوتی: "پشتگیریکردن لە میلیشیا لەیاسادەرچووەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق و هەموو دراوسێکانیشی باش نابێت." لەو چوارچێوەیەدا ناوی تورکیاشی خستە نێو قسەکانییەوە و گوتی: "هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکە بە تورکیاشەوە پێویستە رێز لە یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی عێراق بگرن."
 
پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکە
 
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی لەسەر ئەو ناسەقامگیرییەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستبووە و گوتی: "چالاکییەکانی تورکیا لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراقدا، پێویستە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بێت."
 
لیندنەر نەیشاردەوە وڵاتەکەی وەکو زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا "پارتی کرێکارانی کوردستان وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەبینێت و رایگەیاند، "ئاگاداری بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی تورکیان،" بەڵام دانی بەوەدا دا کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پەکەکە پەیوەندییان بە کاری هاوپەیمانیی NATO وە نییە، بەو پێیەی ئەو بابەتە "کاریگەریی لەسەر ئامانجەکانی ناتۆ نییە." هاوکات دووپاتی کردەوە کە "چاوەڕێی ئەوە لە تورکیا دەکەن خەڵکانی سڤیل بپارێزێت لە شەڕی لەگەڵ تیرۆردا."
 
تۆبیاس لیندنەر سیاسەتڤانێکی ئەڵمانییە لە پارتی سەوزەکان و لە ساڵی 2011ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. لە کانوونی یەکەمی 2021ەوە لە کابینەی نوێی وڵاتەکەیدا پۆستی وەزیری دەوڵەتی بۆ کاروباری دەرەوە وەرگرت. بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقایە و ساڵی 2018 سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بیرۆکەی دابەشکاریی نەوەکان لەلایەن کارل مانهایم، توێژەری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی ئەڵمانییەوە لە ساڵی 1928 داهێندرا.

2025؛ ساڵی لەدایکبوونی نەوەی بێتایە

ساڵی 2013 تاوەکو 2025ـش بە سەردەمی نەوەی ئەلفا ناسراوە. لەدایکبووانی ئەو سەردەمە ئێستا لە تەمەنی منداڵیدان. ئەو نەوەیە لە سەروبەندی دروستکردنی ژیری دەستکرد، پەتا جیهانییەکان و گرنگیدان بە ژینگە لەدایکبوون.