رووداو دیجیتاڵ
ئامینە کاکە باوە کە ئەندامی پەرلەمانی سوێدە و کوردە رایگەیاند، دژی ئەندامبوونی سوێدە لە ناتۆ، "چونکە ناتۆ بۆ شەڕ دروستبووە نەک ئاشتی." دەشڵێت، "ناکرێت وڵاتێکی دیموکراسی و ئاشتیخوازی وەک سوێد ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانییەکدا کە وڵاتێکی وەک تورکیای تێدابێت."
تیمی بەرنامەی دیاسپۆرا سەردانی سوێدیان کرد، لەوێ بەرنامەیەکی تایبەتیان لەسەر کاریگەریی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ لەسەر کورد ئامادەکرد، ژمارەیەک کەسایەتیی کاریگەری سوێد و پەرلەمانتارانی کوردی ئەو وڵاتە قسەیان بۆ رووداو کرد، کە بۆچی تورکیا سوێد بە پشتیوانی لە پەکەکە تۆمەتبار دەکات، لەکاتێكدا سوێد دەیەوێ ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام سوێد دەیەوێ بۆ ئەندامبوون لەو هاوپەیمانێتییە چ باجێک بداتە تورکیا، هەروەها ئەو باجە بۆ کوردی دیاسپۆرانشینی سوێد مانای چی دەبێ.
کۆتایی ئەم مانگە، لە مەدرید لووتکەی ناتۆ دەبەسترێ، ئەمریکییەکان دڵنیان سوێد و فینلاند دەبنە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە. تورکیا دەڵێ: هەردوو وڵات بەخێربێن، بەڵام بە مەرجی ئەوەی پشتیوانی لە پەکەکە نەکەن. ئەمەش واتە خۆپێشاندانی هەواداری بۆ پەکەکە قەدەخە بکەن، 33 داواکراو رادەست بکەنەوە و پشتیوانیش لە رێڤەبەریی رۆژئاوای کوردستانیش نەکەن.
کورد ئێستا رۆڵێکی گرنگی لە سیاسەت و بڕیاری سیاسی سوێد هەیە، تەنانەت حکومەتی ئێستای سوێد بە رێککەوتن لەگەڵ ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری کورد پێکهێنراوە، تورکیاش داوای رادەستکردنەوەی دەکات. لەو بارەیەوە سەلام جزیری کە چەند جارێک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بووە لە ستۆکهۆڵم دەڵێت: ئێستا دەوڵەتی سوێد لەڕووی ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی لە لووتکەدایە و حکومەتی سوێد رێگەی بە رێکخراوەکانی سڤیل داوە بەئازادی تێبکۆشن و کاربکەن و بووەتە هۆی ئەوەی کورد سوودی زۆر لە شێوازی کارکردنی رێکخراو و فیدراسیۆنە سوێدییەکان وەربگرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کورد زیرەک بێت و ببێتە خاوەن بڕیاری گرنگ لەو وڵاتەدا.
سەلام جەزیری زیاتر باسی رۆڵی کوردی دیاسپۆرای سوێد دەکات و گوتی: بەپێی ئامارە نافەرمییەکان 160-180 هەزار کورد لە سوێد دەژین و زۆربەییان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و بەشێکیان چوونەتە نێو پارتە سیاسییەکان و ئێستا پێگەی بەرزیان هەیە، بۆ نموونە ئێستا 7 کورد لە پارتە جیاوازەکان پەرلەمانتاری پەرلەمانی سوێدن. لە سوێد 290 شارەوانی هەن و لەسەر 20 هەرێم دابەشکراون و ئێستا زیاتر لە 100 کورد ئەندامی شارەوانییەکانی سوێدن، بۆیە کورد خاوەنی بڕیار و رۆڵێکی گرنگە لەو وڵاتە و پێموایە هەرگیز حکومەتی سوێد ناتوانێت بۆ رازیبوونی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پشت لە کورد بکات، بەتایبەتی کوردی نیشتەجێی وڵاتەکەی.
د. جەلادەت چەلیکەر. پزیشکێکی ئەزموونداری کوردستانی و سوێدی و چاودێرێکی وردی سیاسییە لە سوێد، ئەو پێیوایە سوێد ناچار بووە داوای ئەندامێتی لە ناتۆ بکات، بەڵام کێشەسازیشە بۆی.
د. جەلادەت چەلیکەر دەڵێت، "سوێد زیاتر لە 200 ساڵە شەڕی تێدا رووینەداوە، هەمیشە بێ لایەن بووە لە کێشە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئەگەر ببێتە ئەندامی ناتۆ بێلایەنی ئەو وڵاتە دەسڕێتەوە، تەنانەت ئەو وڵاتە لە بڕیارە سەربەخۆکان بێبەشدەکات و ئازادیش سنووردار دەکات."
د. جەلادەت چەلیکەر پێیوایە جێبەجێکردنی مەرجەکانی تورکیا و یاساکانی ناتۆ لەلایەن حکومەتی سوێدەوە کاریگەریی دەروونی بەسەر هاووڵاتییانی سویدەوە دەبێت و دەڵێت، "رازیبوونی سوێد بە مەرجەکانی تورکیا بۆ سوێدییەکان شۆکهێنەر دەبێت."
کاریگەریی کورد لە سوێد هێندە گەورەیە کە ئەو حکومەتەی ئێستا لەسەر کارە، دوای رێککەوتن لەگەڵ پەرلەمانتارێکی کورد پێکهات. ئامینە کاکە باوە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. 14 ساڵە پەرلەمانتارە لە سوێد و دژی ئەندامبوونی وڵاتەکەشیەتی لە ناتۆ.
هەرچەندە دەگوترێ کەس لیستی فەرمیی داواکراوانی تورکیای لە سوێد نەبینیوە، بەڵام لە زاری باڵیۆزی تورکیاوە لە سوێد بڵاوکرایەوە کە ئەنقەرە داوای رادەستکردنەوەی ئامینە کاکە باوەش دەکات. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەو داوای دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات و رێککەوتنیشی کردووە لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوێد کە بەو مەرجە پشتیوانییان دەکات کە پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان بکەن.
ئەنقەرە داوای رادەستکردنەوەی ئامینە کاکە باوە دەکات
ئامینە کاکە باوە باسی لەوە کرد، "دژی ئەندامبوونی سوێدم لە ناتۆ، چونکە ناتۆ بۆ شەڕ دروستبووە نەک ئاشتی بۆیە دژی ئەوەم بچینە نێوی"، کاکە باوە تورکیا بە وڵاتێکی داگیرکەر و شەڕانگێز وەسفدەکات و دەڵێت، "ناکرێت وڵاتێکی دیموکراسی و ئاشتیخوازی وەک سوێد ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانییەکدا کە وڵاتێکی وەک تورکیای تێدابێت."
ئامینە کاکە باوە ئاماژەی بەوەش کرد: حکومەتی ئێستا بە دەنگی من دروست بوو، راستەوخۆ بە بەرپرسانی حیزب و بە حکومەتم گوتووە سوێد بە مەرجەکانی تورکیا رازی بێت دەنگ بە بودجە نادەم کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەخرێتە دەنگدانەوە.
تورکیا داوای رادەستکردنی ئامینە دەکات و بە پشتیوانی پەکەکە و رۆژئاوای کوردستان ناوی دەبات، ئامینە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هەرگیز ئەندام و پێشمەرگەی پەکەکە نەبووم، بەڵکو پێشمەرگەی کۆمەڵە بووم و لەبەر ئەوەی کوردم و پشتیوانی لە کوردی رۆژئاوای کوردستان دەکەم تورکیا دژایەتیم دەکات."
ئامینە کاکە باوە ئەوەشی خستەڕوو: سوورم لەسەر ئەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بهێندرێتە دەرەوە، تورکیا دۆسیەی کوردی لە پەکەکە گرێداوە، ئەمەش راست نییە و ئێستاش ناوی من لەنێو لیستی تیرۆری تورکیادایە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی لە دۆسیەی کورد لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکەین.
ئامینە کاکە باوە روونیکردەوە کە بەداخەوە سوێد هەر دەبێتە ئەندامی ناتۆ.
سوێد وڵاتی خۆپێشاندان و ئازادیی رادەربڕینە. حەفزوڵڵا نێروەیی تیمی رووداوی بردە ئەو گۆڕەپانەی کە خۆی و هاوڕێکانی خەریکە دەبێتە چل ساڵ خۆپێشاندانی بۆ کوردستان تێدا دەکەن. بۆنموونە خۆپێشاندانی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان.
حەفزەڵڵا نێروەیی، کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە پۆڵۆنیاوە هاتووەتە سوێد و بەدرێژایی ئەو ساڵانە رۆڵی هەبووە و شاهیدی زۆرتربوونی کاریگەریی کورد بووە لەسەر کۆمەڵگەی سوێد دەڵێت: سەتان خۆپێشاندان بۆ پشتیوانیی لە دۆسیەی کورد لە گۆڕەپانەکانی سوێد سازکراون و گەورەترینیان لە ساڵی 1988 بوو خۆپێشاندان لە دژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە سازکرا و هەروەها بۆ پشتیوانیی لە گشتپرسی کوردستان نزیکەی 5 هەزار کورد گردبوونەوە.
لە هەمان ئەو گۆڕەپانەی خۆپێشاندانی بۆ هەڵەبجە و ئەنفال و گشتپرسی تێدا دەکرێ، ئەم وێنانەش لە میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاودەبنەوە. خۆپێشاندان بە ئاڵای پەکەکە و وێنەی ئۆجەلانەوە. تورکیا ئەمە بە پشتیوانیی سوێد لە پەکەکە دەزانێ. بەڵام سوێد رەتیدەکاتەوە و دەڵێ: ئێرە وڵاتی ئازادیی خۆئیفادەکردن و میدیایە. ئەوەندە میدیایەی کە د. ئەکرەم ئیونەن، رۆژنامەڤان و چاودێری سیاسیی کورد، پێیوایە هەندێکجار بە هەواڵی ناڕاست کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی ئەمدواییەی سوێد هەبووە. ئەو هاووڵاتیی رووسیا و سوێدە و لە مۆسکۆ بووەتە ئەکادیمییەکی بواری میدیا، ئەو رای جیاوازی لەسەر بێلایەنی سوێد هەیە و دەڵێت، "دوای کوشتنی ئۆلف پالما، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری سوێد، سوێد وڵاتێکی سەربەخۆ و بێلایەن نەمایەوە و بووە لایەنگری ناتۆ."
ئەکرەم باسی هاوپەیمانییەتێکی دیکە دەکات و دەڵێت، "سوێد هاوپەیمانی پاراستنی باکووری ئەوروپای لەگەڵ نەرویج و دانیمارک هەیە کە ئەندامی ناتۆن، واتە ئەمەش بەڵگەیەکە کە سوید پاریزراوی ناتۆیە."
سوێد دەیەوێ ببێتە ئەندام و تورکیا مەرجی هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کە تورکیا بەڕاستی مەبەستیێتی چەند کەسێکی داواکراوی لە سوێد و فینلاندەوە رادەست بکرێتەوە یان رووی دەمی ئەنقەرە لە سوێد نا بەڵکو لە شوێنێکی دیکەیە؟ باوەڕ کەڤر ئەسەر، ساڵانی زوو پێشمەرگە بووە لە چیاکانی کوردستان، بەڵام ئێستا سیاسییەکی کاریگەرە لەنێو پارتی سۆسیال دیموکراتی حوکمڕان لە سوێد. ئەو زوو زوو سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی سوێد دەبینێ و پرسی پێدەکەن. ئەو پێیوایە تورکیا شەڕی ئەمریکا بەرامبەر سوێد دەکات، واتە تورکیا ئامانجی گەورەتری هەیە و دەیەوێ هەندێ دەستکەوت بەدەستبێنێت کە ئەمریکا رێگەی لێدەگرێت، بۆ ئەمەش سوێد بەکاردەهێنێت.
باوەڕ ئەسەر دەڵێت، "ئێمە تێگەیشتووین تورکیا دەیەوێ هیچ وڵاتێکی ئەوروپا پشتیوانیی لە رۆژئاوای کوردستان نەکات، بەڵام ئەمە ئاسان نییە، سوێد هەمیشە پشتیوانیی لە دۆزی کورد کردووە، کە ئەم پشتیوانییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەی ئۆلف پالمێ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری سوێد بۆیە پێموایە سوێد لە پرەنسیپەکانی لانادات و رێگەی دیکە بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنی تورکیا بە رازیبوون بە ئەندامبوونی لە ناتۆدا."
هەموو هەوڵی رووسیا ئەوەیە ئاڵای شین و زەردی ئۆکراینا لە کیێڤ دابگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش خۆی دووچاری شەڕێکی قورس کردووەتەوە. سوێد و فینلاند لەترسی ئەوەی رۆژێک ئاڵاکەی ئەوانیش دابگیرێ پەنایان هێناوەتە بەر ناتۆ، بەڵام وا دیارە تورکیا دەرگای ناتۆی بەڕووی ئەو دوو وڵاتەدا داخستووە. کۆدێکیشی بۆ داناوە کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە. دەبێ ببینین سوێد و فینلاند چۆن دەرگاکەی پێدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ