رووداو دیجیتاڵ
لە بەریتانیا فیستیڤاڵێکی تایبەت بە کەباب بەڕێوەچوو، لەنێو کەبابی چەندین وڵات کەبابی کوردی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
لە هۆڵێکی گەورەدا کە زیاتر لە هەزار کەس تێیدا ئامادەبوون، ئامادەبووان لەوێ کەبابی وڵاتانیان خوارد بۆ ئەوەی بەتامترین کەبابی ساڵ لە بەریتانیا هەڵبژێرن، بەشداربووان سەرسامن بە تامی کەبابەکان بە تایبەتیی کەبابی کوردی. کایلێ رای، بەشداربوویەکی فیستیڤاڵەکەیە و بە رووداوی گوت، "کەبابی کوردی شتێکە کە زۆر بەتامە. چێژمان لێوەرگرت. تامەکەی زۆر نایابە."
لەو فیستیڤاڵەدا جگە لە خەڵکی ئاسایی، سیاسەتڤان و کەسانی سەربازیی و ئەفسەرەکانی نێو سوپای بەریتانیاش بەشداربوون.
ئەشۆک کومار، ئەفسەرە لە سوپای بەریتانیا و باسی لەوە کرد، "تەنیا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کەبابی کوردی زۆر نایاب بوو، ئێوارەیەکی زۆر خۆش بوو و هەموو کەسیش چێژی لە کەبابی کوردی وەرگرت. جگە لێرە، هیچ شوێنێک نییە بۆ خواردن و چێژوەرگرتن لە کەبابی کوردی."
خاوەن چێشتخانەکانیش لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون. موراد کە خەڵکی مەڕەشی باکوری کوردستانە توانی خەلاتی بەتامترین کەباب لە ڤێستیڤاڵەکەدا بباتەوە.
موراد مەڕەشی بە رووداوی گوت، "دەمەوێت بڵێم سوپاس بۆ هەموو تیمەکەم، ئەمە شتێک نییە تەنیا بە یەک کەس بکرێت، بەڵکو تیمێکی زۆر باش لەگەڵ منن."
فەرهاد کارتال، خەڵکی ماردینی باکووری کوردستانە و پێشتر لە شاری سلێمانی کاریکردووە، ئەو کە لە شاری ئۆکسفۆرد ڤانێکی هەیە و کەباب دەفرۆشێت، توانی بۆ پێنجەمین جار خەڵاتی باشترین کەبابی ڤان بباتەوە.
فەرهاد کارتال باسی لەوە کرد، "ئەوە پێنجەمین جارە بەشداریی لەو فیستیڤاڵەدا دەکەین، هەر پێنج جارەکەش خەڵاتمان بردووەتەوە. زۆر دڵخۆشین بەوە."
خەڵاتی دیاریکردنی باشترین کەبابی بەریتانیا بۆ دەیەمین جارە لەلایەن سەنتەری کوردی بۆ بەرەوپێشبردن لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.