رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکی کەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا ماوە. دانیشتووانی شاری خارکیڤ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بەربژێرەکان هەیە.
ئیگۆر بۆڤسایلۆ، دانیشتووی خارکیڤ دەڵێت: "ترەمپ پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ رووسیا و پووتین هەیە. ئەگەر ئەو بچێتە سەر دەسەڵات، پلانەکەی ساڵی 2014 جێبەجێ دەکات کە بریتییە لە دابەشکردنی ئۆکراینا بە درێژایی رووباری دنیپرۆ، واتە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان دەداتە رووسیا."
دۆناڵد ترەمپی کۆماری لەماوەی چەندین بانگەشەی رابردوویدا بەڵێنی داوە لە کەمتر لە 48 کاژێر دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا جەنگی رووسیا و ئۆکراینا رابگرێت. رەخنەی لە ئیدارەی بایدن گرتووە کە هاوکاری زۆری ئۆکراینا دەکات، بەتایبەتی هاوکاری دارایی.
هاوکات، پووتینی بە "زیرەک" ناوبردووە. باسی ئەوەی کردووە بەجۆرێک گفتوگۆ دەکات لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت.
ترەمپ پێی وایە یارمەتیدانی ئۆکراینا زیانگەیاندنە بە ئابووریی وڵاتەکەی. گوتوویەتی ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا هەڵنەدەگیرسا.
بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو پلانەی بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکراینا باس نەکردووە.
ماکسیم، دانیشتووی خارکیڤ دەڵێت: "پێم وایە ئەگەرێک هەیە کە ترەمپ جەنگەکە کۆتایی پێدەهێنێت و ئەو بەشانەی ئۆکراینا کە رووسیا داگیری کردوون بۆ رووسیا جێدەهێڵێت. پێم وایە ئەمە بۆ ترەمپ ئاسانترە، بەداخەوەم کە بۆ سەرکردەکانی دیکەش هەروایە."
لە شوباتی 2022یەوە ئیدارەی بایدن بایی 64 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکراینای کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، کامالا هاریسی دیموکرات هەمیشە پشتیوانی لە ئۆکراینا کردووە لەو جەنگەی هەیە. پێی وایە رووسیا دەبێت ئەو خاکەی لە ئۆکراینا خستویەتییە ژێر دەسەڵاتی، لێی بکشێتەوە.
هەنگاوەکانی رووسیا بە "دڕندە و نامرۆڤانە" ناودەبات. پێی وایە یارمەتیدانی ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ