تووشبووانی کۆرۆنا 951 هەزاری تێپەڕاند؛ ئیتاڵیا رۆژ بە رۆژ دۆخی خراپتر دەبێت

02-04-2020

15:44

69 پزیشک لە ئیتاڵیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

69 پزیشک لە ئیتاڵیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
 
ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە تێدایە کە 13 هەزار و 155 کەسن، دکتۆرەکانیش کە لە هێڵی پێشەوەی ئەوانەن رووبەڕووی کۆرۆنا بوونەتەوە بەدەر نین لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و تاوەکو ئێستا 69 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی لیستێک کە لەلایەن فێدراسیۆنی نیشتمانیی ئیتاڵیا بۆ پزیشکانی ددان و پزیشکی نەشتەرگەر بڵاوکراوەتەوە و رۆژانە نوێدەکرێتەوە تاوەکو ئێستا 69 پزیشک گیانیان لەدەستداوە. کە بەشێکی زۆریان لەپڕ گیانیان لەدەستداوە. 
 
فێدراسیۆنەکە دەڵێت، ئەگەر هۆکاری گیانلەدەستدانیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنایشەوە نەبێت روون نییە، چونکە فریا ناکەون پشکنینیان بۆ بکەن. 
 
ئەو فێدراسیۆنە لیستەکە وەکو "هۆشداری و وانەیەک بۆ هەمووان ناودەبات". 
 
بەپێی ئامارەکانی ئینستیتیوتی نیشتمانیی ئیتاڵیا نۆ هەزار کارمەندی تەندروستیی لە ئیتاڵیا تاوەکو کۆتایی مانگی ئادار تووشی ڤایرۆسەکە بوون. 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:31

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 951 هەزاری تێپەڕاند

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 951 هەزاری تێپەڕاند
 
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 951 هەزار و 754 کەسە، لەو ژمارەیەش 48 هەزار و 319 کەس گیانیان لەدەستداوە هاوکات 202 هەزار کەس چاکبوونەتەوە.
 
ئەمریکا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە ماوەتەوە کە زۆرترین ژمارەی تووشبوونی تێدایە و 215 هەزار و 357 کەس تووشبوون و پێنج هەزار و 113 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئیتاڵیا دووەم وڵاتە کە نزیکەی نیوەی ژمارەی تووشبوونی ئەمریکای هەیە کە 110 هەزار و 574 کەسن، بەڵام ژمارەی گیانلەدەستدان تێیدا زیاتر لە دوو هێندەی ئەمریکایە و 13 هەزار و 155 کەسە.
 
ئیسپانیا لە پلەی سێیەمی وڵاتانە بۆ ژمارەی تووشبوون و 110 هەزار و 238 کەس تووشبوون، دووەمی وڵاتانیشە بۆ گیانلەدەستدان و 10 هەزار و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

14:29

تەندروستیی نەجەف: 10 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەوە

تەندروستیی نەجەف: 10 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەوە
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەجەف لە راگەیێندراوێکدا چاکبوونەوەی 10 تووشبووی کۆرۆنای راگەیاند و بەوەش تاوەکو ئێستا 41 کەس لەو پارێزگایە چاکبوونەتەوە.
 
تەندروستیی نەجەف ئاماژە بەوەشدەکات 17 کەسی دیکە دوای ئەوەی هیچ نیشانەیەکی کۆرۆنایان لێدەرنەکەوتووە لە کەرەنتینە دەرچوونە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
زیاتر بخوێنەوە

13:20

124 کەسی دیکە لە ئێران بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

124 کەسی دیکە لە ئێران بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
 
لە 24 کاژێری رابردوو لە ئێران دوو هەزار و 875 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکران و 124 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
 
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 50 هەزار و 468 کەس. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 160 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار و 711 کەس چاکبوونەتەوە. 
 
جەهانپوور دەڵێت، سێ هەزار و 956 کەس لە تووشبووانی کۆرۆنا دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
بەپێی ئاماری تەندروستیی ئێران، لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستیی 69 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە کراوە و نزیکەی 13 ملیۆن کەس ماون هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:12

سەفین دزەیی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا داوای هاوکاریمان لە وڵاتان کردووە

سەفین دزەیی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا داوای هاوکاریمان لە وڵاتان کردووە
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای هاوکارییان لە وڵاتان کردووە، چونکە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ جیهان و کوردستان بەتایبەتی پێشهاتێکی نوێیە.
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رادیۆی رووداودا گوتی "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای هاوکاریمان لە کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتانە کردووە کە لە هەولێرن، ئەوانیش بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەیان داوینەتەوە و بەشێکیان بە کردەیی هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەشەکەی دیکەش بەڵێنیانداوە هاوکاریمان بکەن".
 
سەفین دزەیی دەڵێت "بەو پێیەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ جیهان و کوردستان بەتایبەتی پێشهاتێکی نوێیە، هاوکاری ئەو وڵاتانە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و وەرگرتنی ئەزموونی زیاترە لە وڵاتانەی کە رابردوویان لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسدا هەیە".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:11

قەدەخەی هاتووچۆ هەوای پێنجەم پیسترین شاری جیهانی پاککردووەتەوە

قەدەخەی هاتووچۆ هەوای پێنجەم پیسترین شاری جیهانی پاککردووەتەوە
 
ژینگەی شاری نیودلهی پایتەختی هیندستان کە بەگوێرەی ریزبەندیی کۆربەندی ئابووریی جیهان پێنجەم پیسترین ژینگەی شارەکانی جیهانە دوای راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ بە ئاسانی هەست بە پاکبوونەوەی دەکرێت.
 
ئەبهیجیت چاتەرجی، پارێزەرە و دەڵێت "لە ناوچەی مەترسیدار پێشکەوتنێکی ناوازە لە رووی باشبوونی کوالێتی هەوا روویداوە، کوالێتی هەوا لە دەورووبەری 300 بوو،  ئێستا بووە بە 56. هەواکە زۆرباش پاکبووەتەوە. ئەگەر ساماڵ بێت، هەر لە ئێوارەوە ئەستێرەکان دەبینین". 
 
کۆرۆنا زەرەری گیانی و ماددی زۆری بە مرۆڤایەتی گەیاندووە، بەڵام ئەو رێوشوێنانەی لە دژی کۆرۆنا گیراونەتە بەر، لە لایەکی دیکەوە لە بەرژەوەندیی مرۆڤن.
 
کەمبوونەوەی دووکەڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکان بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ، دەرەنجامێکی بەرچاوە کە هیندییەکان هیواخوازن دوای نەمانی کۆرۆناش بەردەوامبێت.
 
لە ریزبەندی جیهاندا لە 10 پیسترین شاری جیهاندا، شەشیان بەر هیندستان کەوتوون، نیودلهی پێنجەم پیسترین شاری جیهانە.
 
لەوەتەی قەدەخەی هاتووچۆ لە هیندستان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ژینگەی نیودلهی بە رێژەی 70٪ پاکبووەتەوە. 
زیاتر بخوێنەوە

12:58

سەربازانی نێو کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا کەرەنتین دەکرێن

 
 
سەربازانی نێو کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکی لە زەریای هێمن کەرەنتین دەکرێن، کاپتنی کەشتییەکە هۆشداری دەدات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو لەنێو کەشتییەکەیاندا بڵابووەتەوە.
 
برێت کۆرۆزێر، کاپتنی کەشتی تیۆدۆر رۆزفێڵت، کە کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکییە لە زەریای هێمن، داوای لە وەزارەتی بەگری وڵاتەکەی کردووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا سەربازانی کەشتییەکەی کەرەنتین بکرێن و هەندێکیشیان بنێردرێنەوە ماڵەوە.
 
کاپتنی کەشتییەکە پێنتاگۆنی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە رەنگە سەربازانی نێو کەشتییەکەی کە زیاتر لە 4000 سەرباز دەبن تووشی کۆرۆنا ببن، بۆیە داوا دەکات بە زوویی هاوکاری بکرێن و لەیەکدی جیابکرێنەوە، چونکە ئەوان لە جەنگدا نین و ناکرێت سەربازەکانیان بەهۆی کۆرۆناوە گیانلەدەستبدەن.
زیاتر بخوێنەوە

11:55

کەمی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە ئیسپانیا هۆکارێکی مردنی تووشبووە بەتەمەنەکانە

کەمی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە ئیسپانیا هۆکارێکی مردنی تووشبووە بەتەمەنەکانە
 
کتێبخانەیەکی بەرچاوی بارسێلۆنای پایتەختی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا بەهۆی کەمی شوێن و بە ناچاری کراوەتە یەکەیەکی چاودێریی چڕ.
 
زۆری ژمارەی تووشبووان وایکردووە ئیسپانیا چەندین ناوەندی رۆشنبیری بکاتە یەکەی چاودێریی چڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام کەمی کەرەستەی پزیشکی وەکو ئامێری هەناسەدانی دەستکرد کاریگەریی خراپیان بەسەر بەرزکردنەوەی ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسەکە هەیە، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەتەمەندا.
 
گولین دێل باریۆ، یاریدەدەری پزیشکە و دەڵێت، "چەندین نەخۆشمان هەن کە بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە یەکەی چاودێریی چڕ دەخەوێندران، بەڵام ئێستا لەو یەکانە ناخەوێندرێن و بێشوێن ماونەتەوە، ئێستا لە هەوڵی تاقیکردنەوەی چارەسەری شوێنگرەوەین وەکو بەکارهێنانی ماسکی خۆهەڵدانە نێو ئاو لەشوێنی ئامێری هەناسەدان، بەڵام هێشتا پێویستمان بە ئامێری هەناسەدان هەیە کە وەکو پێویست نیمانە".
 
هەوڵەکانی ئیسپانیا بۆ زیادکردنی نەخۆشخانەی کاتی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە کێبڕکێدایە. بەڵام تاوەکو ئێستا زیادبوونی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە پێشەنگە و ستافی تەندروستیش داوای پێداویستیی پزیشکی زیاتر دەکەن.
 
بەدەر لەو کتێبخانەیە، پێشتر حکومەتی ئیسپانیا چەند هۆتێلێکی لە وڵاتەکەی کرد بە نەخۆشخانە و هەروەها چەند نەخۆشخانەیەکی کاتیی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکراون.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:34

ترەمپ: ئامارەکانی چین لەسەر کۆرۆنا دڵخۆشکەرن

ترەمپ: ئامارەکانی چین لەسەر کۆرۆنا دڵخۆشکەرن
 
هەرچەندە کۆشکی سپی راپۆرتی هەواڵگری دەستکەوتووە کە ئەو ئامارانەی چین بڵاویان دەکاتەوە لەسەر کۆرۆنا گومانیان تێدایەو "شێوێندراون"، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی گوتی ئامارەکان دڵخۆشکەرن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، راپۆرتە هەواڵگرییەکەی بەدەستگەیشتووە و پێیگوتراوە کە چین ئاماری راست لەسەر کۆرۆنا بڵاوناکاتەوە، بەڵام "ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت ئامارەکانی چین دڵخۆشکەرن کە مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کەمبووەتەوە".
 
ترەمپ دەشڵێت، لەگەڵ سەرۆکی چین "پەیوەندییان بەردەوامە، لە باشترین کاتدایە و زۆر باشە"، زۆریش قسەیان لەسەر ئامارەکان نەکردووە کە چۆن بڵاویان دەکەنەوە و دۆخی ئامارەکانیان چۆنە.
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

11:34

تووشبووانی کۆرۆنا 951 هەزاری تێپەڕاند؛ ئیتاڵیا رۆژ بە رۆژ دۆخی خراپتر دەبێت

دوایین ئامارەکان

رووداو - هەولێر 

 

لە ئیتاڵیا ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا 13 هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە نزیکەی چوار هێندەی چینە. لە ئەمریکاش ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 215 هەزار و 344 کەس کە هەردوو وڵات پلەی یەکەمی وڵاتانیان لە ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبووان گرتووە. 
 
ژمارەی تووشبووان بە خێرایی لە جیهان بەرزدەبنەوە، ئەگەر بەو خێراییە بەردەوامبێت لە بڵاوبوونەوە چاوەڕواندەکرێت لە کەمتر لە 24 کاژێری داهاتوو بگاتە ملیۆنێک تووشبوو. 
 
بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر تاوەکو ئێستا 938 هەزار و 348 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 47 هەزار و 286 کەس گیانیان لەدەستداوە و 195 هەزار و 371 کەس چاکبوونەتەوە. 

 

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە