رووداو - هەولێر ئیتاڵیا چوارەم گەورە وڵاتی ئابووریی لە ئەوروپایە سەرەڕای هەموو قەیرانە ئابوورییەکان، هەروەها یەکێک لەو شەش وڵاتە بووە، کە لە ساڵی ١٩٥١ رێککەوتنی پاریس بۆ کارکردن لە پێناو یەکگرتنی ئەوروپای واژۆکردووە. هەر لەو کاتەشەوە بە یەکێک لە زلهێزەکانی ئەوروپا لەقەڵەم دەدرێت. ئابووریی ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرتی پیشەسازی ئوتۆمبێل، کشتوکاڵ و مادە کیمیاییەکان دەبەستێت. سیلڤیۆ بێرلێسکۆنی کە بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەشێوەی پچڕ پچڕ سەرۆکایەتی حکومەتی ئیتاڵیای کردووە، یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە بوو، کە هەوڵیدا بایەخێکی زیاتر بە هاوپەیمانیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکادا بدات. هەر بۆیەش ئاستی هاوپەیمانێتی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا دابەزی، ئیتاڵیا لە قۆناغی بێرلێسکۆنیدا بەشێک بوو لەو هاوپەیمانێتییەی کە بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ لێدانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا پێکهات. ئێستاش حکومەتەکەی ماتیۆ رێنزی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشە لە عێراق و سووریا و لەرووی سەربازی و مرۆییەوە هاوکاریی پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و لە مانگی نۆڤێمبەری رابردووشدا بڕیاریدا راهێنان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات. ئەمە جگە لەوەی یەکەمین وڵات بوو کە دوای هێرشەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی باشووری کوردستان پێش فەرەنسا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کوردستان و عێراق و هەڕەشەکانی داعش ئەنجامبدات. ئیتاڵیا سنوورێکی دەریایی بەرفراوانی لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەفریقادا هەیە، هەر بۆیەش گۆڕانکارییەکانی ئەم ناوچەیە دەشێت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رەوشی ئەمنی ئیتاڵیا دابنێت بە تایبەت دۆخی لیبیا، ئەمە جگە لەوەی لێشاوی ئاوارەکانی لیبیا و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا روو لەم وڵاتە دەکەن. داعش لە نوێترین گرتە ڤیدیۆییەکانی خۆیاندا هەڕەشەیان لە ئیتاڵیا کردووە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی داعشە. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ راهێنانی هێزە میانڕەوەکانی لیبیا و ئامادەیی خۆیشی بۆ سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەک دژ بە داعش و گرووپە تووندڕەوەکان لە لیبیا نیشاندا. پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا و داعش هەیە و بە پێی لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گرووپە تووندڕەوەکانی لیبیا خەریکە بە تەواوەتی دەبن بە بەشێک لە داعش، هەر بۆیەش ئیتاڵیا بە بایەخەوە لە لاوازکردنی داعش لە عێراق و سووریا دەڕوانێت و ئەمە بە رێگایەک بۆ لاوازکردنی گرووپە تووندڕەوەکانی لیبیا دەزانێت. وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە دوایین سەردانی بۆ عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئیتاڵیا بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییەی بۆ جەنگی داعش پێکهاتووە و ئەمریکا رێبەرایەتی دەکات، هەر بۆیەش دەڵێت "عێراق دڵنیا دەکەینەوە بە بەردەوامی راهێنەری سەربازیی و چەک و تەقەمەنی رەوانەی عێراق دەکەین."