دەنگی لانیکەم 10 تەقینەوەی بەهێز لە کیێڤ بیسترا

02-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا هۆشداریدا لەوەی رووسیا دەستی بە هێرشی بەرفراوانی مووشەکی کردووە، بەیانیی ئەمڕۆ، دەنگی لانیکەم 10 تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بیسترا. 
 
گرمەی تەقینەوەکان بە جۆرێک گەورە بووە، کە باڵەخانەکانی نێوەڕاستی کیێڤیان هەژاندووە. ئیدارەی سەربازیی پایتەختی ئۆکرایناش پشتڕاستیکردەوە پاشماوەی مووشەکە بەرپەرچدراوەکانی رووسیا لە ژمارەیەک ناوچەی شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە و، هەندێکیان بە باڵەخانەکان کەوتوون. 
 
ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکشارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، کارەبای ژمارەیەک ناوچە بڕاوە. 
 
پێشتر لە رێگەی تێلیگرامەوە، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا هۆشداریی بە خەڵکی کیێڤ دابوو کە ژمارەیەک مووشەکی رووسی لە جۆری کینجال و ئەوانی دیکە، ئاراستەیان کراون. 
 
هێزەکە رایگەیاندبوو "لە شوێنی خۆتان بمێننەوە. ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئێوە دێن."
 
ئۆلیگ سینیگۆبۆڤ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی خارکیڤ رایگەیاند، ئەو شارەی رۆژهەڵاتی ئۆکرایناش لە لایەن رووسیاوە بۆردوومان کراوە. 
 
هەروەها هەر ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-1-2024) سوپای ئۆکراینا، لە سەرانسەری وڵاتەکەی ئاستی ئامادەیی بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرزکردەوە و هۆشداریی لە هەڕەشەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی رووسیا دا. 
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە رێگەی تێلیگرامەوە رایگەیاند "لەو ناوچانەی هۆشداریی ئاسمانی هەیە، مەترسیی مووشەک هەیە. هەڕەشەی هاویشتنی مووشەکی کرووز لە فڕۆکەکانی Tu-95MS هەیە. بە گشتی 16 فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی Tu-95MS بە ئاسمانەوە دەسووڕێنەوە."
 
چەند کاژێرێک پێشتر سوپای ئۆکراینا هۆشداری دابوو؛ نزیکەی 20 فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی رووسیا لە ئاسماندا بوون.
 
بەرپرسانی سەربازی لە تێلیگرامەوە رایانگەیاندووە، دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی ئۆلێنیای باکووری رووسیا و بنکەی ئاسمانیی ئەنجڵس لە باشوور هەستیان بە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان کردووە، چەندین فڕۆکەی بۆمبهاوێژی توپۆلیڤ Tu-95MS یان لە ئاسمانی رووسیادا بینیون.
 
چوار فڕۆکەی دیکەی بۆمبهاوێژ لە جۆر Tu-22M3 لە فڕۆکەخانەی شایکۆڤکای رووسیا لە نزیک سنووری بێلارووسەوە بەڕێکەوتبوون.
 
هێزی ئاسمانی لە 29ـی کانوونی یەکەمدا هەواڵی فڕینی چەند فڕۆکەیەکی جۆری Tu-95MSی راگەیاندبوو، کە ئەو فڕۆکانە لە سەردەمی سۆڤیەت دروستکراون.
 
لەو رۆژەدا رووسیا ژمارەیەک هێرشی کردە سەر شارەکانی سەرانسەری ئۆکراینا، لەنێویاندا کیێڤی پایتەخت و بەهۆیەوە 39 کەس کوژران.
 
بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، نزیکەی دوو کاژێر دوای نیوەشەوی سێشەممە، دەنگی تەقینەوەی گەورە، لە ئاسمانی ئۆکراینا بیستراوە، لەکاتێکدا هێزی ئاسمانی ئۆکراینا بەرپەرچی هێرشی درۆنی دایەوە.
 
نزیکەی کاژێرێک دوای ئەوەی ئیدارەی سەربازیی ناوچەکە رایگەیاند، درۆن لە ئاسمانی شارەکەدا دۆزراوەتەوە، ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ، هەواڵی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی لە پایتەختی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
هەروەها سەرۆکی شارەوانیی میکۆلایڤ گوتی، هێزی ئاسمانی، ژمارەیەک درۆنیان لە شارەکەدا خستووەتە خوارەوە و پاشماوەکانیشیان ئاگری لێکەوتووەتەوە.
 
ھێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاندووە، شەوی رابردوو، 35 درۆنیان خستووەتە خوارەوە، کە بە گوتەی خۆیان لە جۆری شاهیدی دروستکراوی ئێران بوون.
 
هێرشەکانی رۆژی سێشەممە، رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئۆکراینا چڕتر دەکەنەوە، ئەمەش دوای هێرشێکی بێ وێنەی ئۆکراینا لە کۆتایی هەفتەدا بۆ سەر شاری بێلگۆرۆدی رووسیا. ئەو هێرشە، رۆژی شەممە، 25 کەسی کوشت، کە پێنجیان منداڵ بوون.
 
هەروەها مۆسکۆ لە شەوی سەری ساڵدا لە شارەکانی ئۆکراینای دا، کیێڤیش رایگەیاند "ژمارەیەکی پێوانەیی" لە درۆن، کە لەلایەن رووسیاوە ئاراستەکرابوون، تێکشکێنراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.