ئەمریکا: هیچ پەیوەندییەکمان بە رووداوەکانی سووریاوە نییە

دوێنێ کاژێر 08:05
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەیدا، لەبەرامبەر ئاڵۆزییە نوێیەکانی نێوخۆی سووریا رایگەیاند، سووریا و بەشار ئەسەد بەهۆی پشتبەستنیان بە رووسیا و ئێران، شاری حەلەبیان لەدەست دا. 
 
رۆژی شەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2024، شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پشتبەستنی دیمەشق بە رووسیا و ئێران و هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و نەدۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی لەسەر بنەمای پرۆژەبڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش، هۆکاری سەرەکین لە دروستبوونی ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە. "
 
شۆن ساڤێت لەو راگەیێندراوەدا، دەشڵێت: ئەمریکا هیچ پەیوندییەکی بەو هێرشانەوە نییە کە لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە دەکرێن و بە رێکخراوێکی "تیرۆرستی" ناوی دەبات. 
 
ئاماژە بەوەش دەکات کە واشنتن بەردەوام چاودێریی دۆخی نێوخۆی سووریا دەکات و لەماوەی 48 کاژێری رابردوودا، لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەپێناو پاراستنی خەڵکی سڤیل و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە و راگرتنی تووندوتیژییەکان. 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد و هانی هەموو لایەکیشی دا بگەڕێنەوە بۆ "پرۆسەیەکی جیدی و باوەڕپێکراوی سیاسیی لەسەر بنەمای پرۆژەبڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەڕوونی هەنگاوەکانی ئاگربەست و راگوزەری سیاسیی دیاریکردووە." 
 
پڕۆژەبڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش کە ساڵی 2015 پەسند کراوە، داوای ئاگربەست و چارەسەری سیاسیی لە سەرانسەری سووریا دەکات، لەگەڵ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەو قەیرانە، دەستپێکردنی پرۆسەی راگوزەری سیاسیی، پاشانیش داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئازاد دەکات لە ماوەی 18 مانگدا. 
 
لەدرێژەی بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکادا هاتووە: "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن و پاراستنی سەربازان و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا، کە هێشتا گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داعش دووبارە لە سووریا سەرهەڵنەداتەوە." 
 
ئەو بەیاننامەیەی ئەمریکا لەدوای تۆمەتەکانی، رۆژی شەممەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دێت، کە ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە پشت ئاڵۆزییە نوێیەکانی سووریاوەن و رایگەیاند: "هێرشەکانی ئەمدواییەی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا بەشێکە لەپیلانی ئەمریکا و زایۆنی لەپێناو تێکدانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە."
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە