رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر پێتوابێت قسەکردنت لەگەڵ چاتبۆتەکانی ژیریی دەستکرد بە تەواوی نهێنییە، ئاگادار بە! ئەم رووداوە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic)، کە خاوەنی چاتبۆتی بەناوبانگی کلۆدە، بەکارهێنەرێکی خۆی رادەستی پۆلیسی ئەمریکا کرد، دوای ئەوەی لە رێگەی چاتەوە زانیبووی ئەو ژنە پلانی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی پۆلیسی داناوە.
رووداوەکە چۆن بوو؟
ژنێک لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بە ناوی کارلی میشێل هێلەر، چاتی لەگەڵ کلۆد دەکرد و وەک "تۆماری یادەوەرییەکانی رۆژانە" بەکاری دەهێنا، بێ ئەوەی بزانێت کە کەسانی دیکەش دەتوانن نامەکانی بخوێننەوە.
ئەم ژنە لە چاتەکەدا باسی لەوە کردبوو کە پلانی هەیە بچێتە سەر بنکەیەکی پۆلیسی نزیک لە ماڵی خۆیان و تەقە لە پۆلیس بکات.
سیستمی چاودێریی کۆمپانیاکە هەستی بەم وشە مەترسیدارانە کرد و نامەکانی نارد بۆ کارمەندێکی نێو کۆمپانیاکە. کاتێک کارمەندەکە نامەکانی خوێندەوە و زانی مەترسییەکە راستەقینەیە، دەستبەجێ پۆلیسی ئاگادار کردەوە و ژنەکە پێش ئەوەی هێرشەکە بکات، دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو ژنە دانی بەوەداناوە کە چاتەکەی وەک یادنامە بەکارهێناوە و نەیزانیوە کارمەندانی کۆمپانیاکە دەتوانن نامەکانی ببینن.
بۆچی ئەم هەواڵە گرنگە؟
ئەم رووداوە پرسیارێکی گەورە لە جیهاندا دروست دەکات:
نەمانی نهێنیپارێزی
زۆر کەس وا دەزانن قسەکانیان لەگەڵ چاتبۆتەکاندا نهێنییە، بەڵام ئەم رووداوە سەلماندی کە کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد چاودێریی نامەکان دەکەن و ئەگەر پێویست بکات کارمەندەکانیان دەیانخوێننەوە.
رێگریکردن لە تاوان
پێشتر لە کەنەدا کەسێک لە رێگەی چات جی پی تی (ChatGPT) پلانی تەقەکردنی دانابوو و کۆمپانیاکەی زوو پۆلیسی ئاگادار نەکردبووەوە و کارەساتی لێکەوتەوە؛ بەڵام ئەمجارە کۆمپانیاکە خێرا پۆلیسی ئاگادار کردەوە و رێگری لە خوێنڕشتن کرد.



