رووداو - میشیگن
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەرنجێکی بەرچاو لەسەر دەنگدەرانی میشیگنە، بە تایبەت موسڵمانەکان کە ئەم ساڵ بۆچوونی جیاوازیان هەیە. ئەحمەد خەڵکی سەماوەی عێراقە و 27 ساڵە لە شاری دیترۆیت نیشتەجێیە، دەڵێت، لە هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگیان بە دیموکراتەکان داوە، بەڵام ئەم ساڵ جیاوازە.
ئەحمەد سەلمان، خاوەن رێستۆرانت دەڵێت، "ئەمە زەحمەتترین هەڵبژاردنە کە دەرباز دەبێت، چونکە ئێمە وەکو عەرەب بەردەوام دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەین؛ بەڵام لە ماوەی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر روویاندا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بواری ناوخۆیی. دیموکراتەکان پشتگیریی هەڵوەشاندنەوەی خێزانیان کرد، ئەو شەڕانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن، هەموو ئەوانە کاریگەرییان هەبوو کە لەم کاتەدا دەنگ بە دیموکراتەکان نەدەین. پەیمانمان داوە و کۆتاییان پێ دەهێنین لە میشیگن."
لە ویلایەتی میشیگن 241 هەزار موسڵمان هەن، موسڵمانانی شیعە و سوننە رەنگە لەڕووی ئایدۆلۆژیای ئایینەکەیانەوە کێشەیان هەبێت، بەڵام زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەنگ بدەن بە کۆمارییەکان.
مستەفا هەمزە، هاووڵاتیی بە رەچەڵەک سوورییە و دەڵێت، "ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین بەم دۆخە، دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین و ئاسایش نییە، لە وڵاتەکەماندا شەڕ هەیە، لە یەمەن شەڕە، لە وڵاتە ئیسلامییەکان شەڕە. ئێمە کەسێکمان دەوێت دۆخەکە ئارام بکاتەوە، هەموومان دەمانەوێت بچین دەنگ بدەین و ژیانمان باشتر بێت."
موسڵمان بە عەرەب، شیعە، سوننە و کوردەوە، زۆرینەیان دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا، یان بەشداریی دەنگدان ناکەن یان دەنگ بە ترەمپ دەدەن، شەڕی غەززە و پاراستنی خێران دوو هۆکاری سەرەکین بۆ دەنگدەران تاوەکو پاڵپشتیی کۆمارییەکان بکەن.
سەمیا دهۆکی ئاماژە بەوە دەکات، "هەندێک ئەگەری سیاسی و سرووشتی ناوخۆیی و دەرەکی هەن. لێرە ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە، ئەوەیە کە دەنگ بدەنە ترەمپ، چونکە ئەو زیاتر گرنگی بە خێزان دەدات."
میشیگن یەکێکە لەو حەوت ویلایەتەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە. تاوەکو پێش ساڵی 2016 لەگەڵ پێنسیلڤینیا و وسکانسن بە دیواری شینی دیموکراتەکان دادەنرا، بەڵام ئێستا هێزی دەنگ گۆڕاوە و رەنگە رۆژی هەڵبژاردن رۆژی ئاوابوونی دیموکراتەکان بێت لە میشیگن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ