وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: وەڵامی هێرشکردنە سەر سەربازەکانمان دەدەینەوە

02-11-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
نیشانەکردن ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لە پەیامەکانیاندا ئێرانیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی نابێت شەڕی غەززە فراوان بێت، دەشڵێت، ئەگەر لە عێراق هێرش بکرێتە سەر هێزەکانیان، وەڵامیان دەبێت، وەک پێشتریش وەڵامیان داوەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 01ی تشرینی دووەمی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی رۆژانەیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی ئاگادارکردەوە، کە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رابگرن. 
 
ماتیو میلەر گوتی "دەبێت ئەوە بڵێم؛ ئێمە لە پەیامە گشتی و تایبەتییەکانیشدا بۆ ئێران روونمانکردووەتەوە، نابێت رێگەبدات ناکۆکییەکە پەرەبسەنێت یان فراوانتری بکات، یان دۆخی ئێستا بقۆزێتەوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دا و گوتی "ئەگەر هێرش بکرێتە سەر سەربازانمان ئێمە وەڵاممان دەبێت، ئەو کارەشمان کرد، ئەگەر هێرشیان بکرێتەوە سەر جارێکی دیکە وەڵاممان دەبێت".
 
رۆژی سێشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2023، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند لە 7ی تشرینی یەکەمەوە و لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لانیکەم 26 جار هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان لە عێراق و سووریا کرووەتە ئامانج. 
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی سێشەممە، ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى نوجەبا لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس (توویتەری پێشوو) شەڕی راگەیاند. ئەکرەم کەعبى لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "بەرگریى ئیسلامى لە عێراق بڕیاریداوە بەشێوەى سەربازی، عێراق ئازاد بکات و پرسەکە یەکلابکاتەوە". کەعبی هەروەها نووسیویەتی: "راوەستان نییە، ئاگربەست نییە، پاشەکشە نییە".
 
ماتیو میلەر، لە بارەی هەڕەشەکانی ئەو گرووپە چەکدارەی عێراق گوتی "پێموانییە هیچ کەسێک گومانی لە پابەندبوونمان بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانمان هەبێت".  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمبوڵانسێک لە شوێنی رووداوەکە. وێنە: AFP

کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکەی ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکەی مارگدێبورک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتە 2 کەس و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس تۆمەتبارێکی 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودی دەستگیرکردووە.