پێنتاگۆن: ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، رووبەڕووی لێکەوتی جیددی دەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەربڕی بۆ ئەوەی "ژێرخانی هێرشبردن"ـی حیزبوڵڵا بە درێژایی سنووری لوبنان لەنێوببردرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل دەستی بە هێرشی زەوینی بۆ سەر لوبنان کرد. 
 
لۆید ئۆستن هەروەها هۆشداریی بە ئێران دا لەوەی ئەگەر هێرشی راستەوخۆ بکاتە سەر ئیسرائیل، رووبەڕووی "لێکەوتی جیددی" دەبێتەوە. 
 
ئۆستن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئەمڕۆ (سێشەممە) بە کاتی هەولێر، دەڵێت "ئێمە، هاوڕابووین لەسەر پێویستیی لەنێوبردنی ژێرخانی هێرشبردن بەدرێژایی سنوور بۆ ئەوەی حیزبوڵڵای لوبنان نەتوانێت هێرشی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر، بکاتە سەر کۆمەڵگەکانی باکووری ئیسرائیل."
 
گالانت پێشتر هۆشداریی دابوو کە هێشتا هەنگاوە سەربازییەکانیان لەنێو لوبناندا کۆتایی نەهاتوون، دوای ئەوەی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا، کە ئەوە گورزێکی گەورەی لە بزووتنەوەکە دا. 
 
ئۆستن جەختی لە هەڵوێستی ئەمریکا کردەوە بەوەی "چارەسەری دیپلۆماسی پێویستە" بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل "لە هەردوو دیوی سنوور" بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت "جەختم کردەوە لەوەی؛ ئێران رووبەڕووی لێکەوتی جیددی دەبێتەوە ئەگەر هێرشی سەربازیی راستەوخۆ بکاتە سەر ئیسرائیل."
 
ئۆستن هەروەها باس لەوە دەکات ئەمریکا "لە ئاستێکی ئامادەیی باشدایە بۆ ئەوەی بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا، هاوبەش و هاوپەیمانەکانی بکات لە دژی هەڕەشەکانی ئێران و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی سەر بە ئێران،" هەروەها ئەمریکا "پێداگرە لەسەر رێگریکردن لە هەر لایەنێک لە قۆستنەوەی گرژییەکان بۆ فراوانکردنی ململانێکە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە