لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە: زۆر نیگەرانین

01-08-2024
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند، بە تووندی سەرکۆنەی دەکەن و "زۆریش نیگەرانین لەوەی کە ئەم رووداوە رەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا."

لین جیێن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەو رووداوە دەربڕیوە و "بە تووندی دژایەتیی ئەو تیرۆرە دەکەین و سەرکۆنەی دەکەین." هەروەها گوتیشی، "زۆریش نیگەرانین لەوەی کە ئەم رووداوە رەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە پێویستی دەزانێت غەززە "لە زووترین کاتدا" ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و هەمیشەیی بەدیبهێنێت، بۆئەوەی زیاتر لە پەرەسەندنی ململانێ و رووبەڕووبوونەوەکان دووربکەوێتەوە.

وەکو لین جیێن دەڵێت، وڵاتەکەی "بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بەدیهێنانی سەربەخۆیی پێشوەختەی فەلەستین و بنیاتنانی دەوڵەتین لەسەر بنەمای ئاشتەوایی ناوخۆیی."

هەروەها گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی هەمیشە پابەند بووە بە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و "دژی دەستێوەردانی دەرەکییە."
 
بەرەبەیانی 31ی تەممووزی 2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کوژرا، هەرچەندە بزووتنەوەی حەماس و لایەنەکانی هاوسۆزی ئیسرائیل بەو کارە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام تائێستا نەزانراوە بکەری ئەو کارە چ لایەنێک بووە. بەشێک لە وڵاتانی جیهانیش هۆشداری دەدەن کە کوشتنی ئەو سەرکردەی حەماس دەبێتە هۆی فراوانبوونی جەنگی غەززە و ناوچەکە دەگرێتەوە.
 
رووداو: کاریگەریی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەسەر هەوڵەکانی ئاشتیی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چی دەبێت، ئایا هیچ کاریگەریی لەسەر پرۆژەی جاڕنامەی بەیژینگ دەبێت، کە لە ماوەی رابردوودا بە نێوەندگیریی چین لێرە واژۆ کرا؟

لین جیێن: چین هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو رووداوە دەربڕیوە. ئێمە بە تووندی دژایەتیی ئەو تیرۆرە دەکەین و سەرکۆنەی دەکەین، زۆریش نیگەرانین لەوەی کە ئەم رووداوە رەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا. غەززە پێویستە لە زووترین کاتدا ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و هەمیشەیی بەدیبهێنێت، بۆئەوەی زیاتر لە پەرەسەندنی ململانێ و رووبەڕووبوونەوەکان دووربکەوێتەوە. چین هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتەوایی ناوخۆیی فەلەستین کردووە و پێیوایە گەیشتن بە ئاشتەوایی ناوخۆیی لە فەلەستین هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. چین ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنێت کە لایەنە جیاوازەکانی فەلەستین بۆ گەیشتن بە "جاڕنامەی پەکین" پێشکێشیان کردووە و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بەدیهێنانی سەربەخۆیی پێشوەختەی فەلەستین و بنیاتنانی دەوڵەتین لەسەر بنەمای ئاشتەوایی ناوخۆیی. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی ماندوونەناسانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

رووداو: کێشەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئاڵۆزتر دەبن، ئەمە ساردتان ناکاتەوە لە هەوڵەکانتان بۆ بەرقەراریی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا؟

لین جیێن: سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارەتان، تاوەکو دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەختتر بێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هەوڵ بدات بۆ ئاسانکردنی دۆخەکە و کەمکردنەوەی کێشە و ناوکۆکییەکان. چین هەمیشە پابەند بووە بە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دژی دەستێوەردانی دەرەکییە. ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بکەین و هەوڵی بێوچان بدەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە