ماکرۆن: سناپچات و تیکتۆک رۆڵی سەرەکییان لە زیادبوونی تووندوتیژییەکانی فەرەنسادا هەیە

01-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
پشێوییەکان لە فەرەنسا بەردەوامن
پشێوییەکان لە فەرەنسا بەردەوامن
نیشانەکردن بنزیما، ریال مەدرید، هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەهۆی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپای لە برۆکسل بەجێهێشت و، گەڕایەوە، راشیگەیاند سناپچات و تیکتۆک رۆڵی سەرەکییان لە زیادبوونی تووندوتیژییەکانی فەرەنسادا هەیە.
 
پێشانگەیەکی کۆمپانیای ئەپڵ لە شاری نانتێری فەرەنسا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەرگا و پەنجەرەکانی شکێنرا و چوونە ژوورەوە، لەلایەکی دیکەوە دەیان خۆپیشاندەر چوونە سەر پێشانگەیەکی براندی نایکی لە پاریس و هەوڵیان دا بچنە ژوورەوە.
 
ئەمانانە بەشێکن لەو کارە نابەجێیانەی تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا بوون و حکومەت بە "نانەوەی پشێوی و کاری ناڕەوا" ناویان دەبات.
 
ئێلیزابێز بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا گوتی "تووندوتیژییەکان کاریگەرییان خستووەتە سەر کۆمەڵگە. هۆڵ، قوتابخانە، بنکەی پۆلیس، دووکان و ئامرازەکانی گواستنەوە بە ئامانج دەکرێن و زیانیان پێ دەگەیێنرێت و دەسووتێنرێن. تووندوتیژی چارەسەری هیچ ناکات، ئەمە قبووڵنەکراوە، هیچ بیانوویەک بۆ ئەم کارانە نییە".
 
حکومەت دەڵێت، دوو لەسەر سێی ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن و پشێوی دەنێنەوە، گەنجن و بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سناپچات و تیکتۆکن، بۆیە داوا لەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەکات، گرتەی ڤیدیۆیی هەستیار و بابەتی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان رەشبکەنەوە. ئەوەش بۆ رێگریکردن لە دنەدانی زیاتری گەنجان.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی "پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵی باڵایان لە جموجووڵەکانی رۆژانی رابردوودا بینیوە، بەتایبەت سناپچات و تیکتۆک. دەبینین کۆبوونەوە پڕ لە تووندوتیژییەکان لەوێوە رێکدەخرێن، هەروەها دنەدەری تووندوتیژییەکەشن".
 
ناڕەزاییەکانی چەند رۆژی رابردووی فەرەنسا لەدژی کوژرانی ناهێلی تەمەن 17 ساڵەوە لەلایەن پۆلیس، دەستیانپێکرد. ئەو مێرمنداڵە بە رەچەڵەک نایجێرییەی، پۆلیس سەرەتا گوتی هەڕەشەی لە پۆلیس کردووە و ویستوویەتی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەسەریان بکەوێت، بەڵام دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت، پۆلیسەکان لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەکەیەوەن کاتێک یەکێکیان گوللـەیەکی لێدەدات و دەیکوژێت.
 
رووداوی کوشتنی ناهێل، پشێوییەکی زۆری لە فەرەنسا ناوەتەوە، تەنیا لە سێ رۆژدا 2000 ئۆتۆمبێل و 500 باڵەخانە سووتێنراون؛ 250 پۆلیس بریندارکراون و هێرش کراوەتە سەر هەزاران دووکان و شوێنی گشتی، خۆپێشاندەرێکیش بەهۆی بەربوونەوەی لە سەربانی باڵەخانەیەک، گیانی لەدەستداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.