رووداو دیجیتاڵ
کرێملن وەکو درێژەدان بە وەستانەوە لە دژی سیاسەتی یەک جەمسەریی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، لە رەشنووسێکی 42 لاپەڕەییدا ستراتیجیەتی سیاسەتی دەرەوەی گۆڕی.
رەشنووسەکە بەو ئاراستەیە کاردەکات، کاریگەرییەکانی سیاسەتی خۆسەپێنی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەسەر جیهان و رووسیا کەمبکاتەوە.
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا بە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیایان گوت، پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەیە و پووتینیش پەسندی کرد.
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "بە شێوەیەکی کرداری، داوا لە هەموو هاوبەشەکانمان دەکەم هەمان سیاسەتی دەرەوە پەیڕەو دەکەن، سەرنجی تایبەت بخەنە سەر بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە بنیاتنەرەکانمان. هەروەها دۆخی ناجۆر بۆ دەوڵەتە نەیارەکانمان دروست بکەن بۆ رێگەگرتن لەو سیاسەتە تووندوتیژەی دژی وڵاتەکەمان دەیکەن."
کۆتاییهێنان بە تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ رۆژئاوا و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی باشووری ئاسیا و ناوچەی ئیندۆ پاسفیک کە لە رووسیا نزیکن، پێکهاتەی سەرەکیی نێوەڕۆکی رەشنووسەکەیە؛ چین و هیندستانیش بە هاوپەیمانی سەرەکیی رووسیا هەژمار کراون.
زۆربوونی جموجۆڵەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ئیندۆ پاسفیک لە لایەک و فراوانکردنی ناتۆ لە لایەکی دیکە، رووسیا، چین و هیندستانی زیاتر لێک نزیک کردووەتەوە.
رووسیاش بەڵێنی پاڵپشتیی سەربازی و ئابوورییان بۆ دووپاتدەکاتەوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، هەنگاوی هاوتا و ناهاوتا بۆ وەڵامدانەوەی هەر کارێکی ناحەزانە بکرێت کە لە دژی رووسیان. بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ رێگەگرتن یان وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر رووسیا و هاوپەیمانەکانی بنچینەی پڕۆژەیاساکەیە."
جەنگی ئۆکراینا لە شەڕی نێوان دوو وڵاتی دراوسێوە خەریکە دەبێتە درزێکی گەورە لەنێوان پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی جیهان.
وڵاتانی زلهێزیش هەوڵی جیددی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی نوێ و بەهێزکردنی زیاتری پێگەی سەربازی و ئابووریی خۆیان لەسەر رووبەرێکی فراوانتری جیهان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ