ئا: رووداوی وه‌رزشی
شتێكی نامۆ نییه كه لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی ئه‌رجه‌نتینی، به چه‌ند وێنه‌یه‌كی سه‌یر له‌سه‌ر قاچی چه‌پی ده‌ركه‌وێ، ئه‌و له‌و یاریزانانه‌یه كه به‌دوای تاتۆكردن له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ده‌گه‌ڕێن، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند یاده‌وه‌ری و هه‌ستێكی دیاریكراو به نه‌مری بهێڵنه‌وه.
سه‌ره‌تا مێسی وێنه‌ی (دوو ده‌ستی) له‌سه‌ر قاچی كێشا، گوایه ئاماژه‌یه بۆ كوڕی یه‌كه‌می (تیاگۆ). له قۆناخی دووه‌مدا وێنه‌ی (دڵێك له چوار ده‌وری ناوی كوڕه‌كه‌ی تیاگۆ)ی بۆ دوو ده‌سته‌كه زیاد كرد. له قۆناخی سێیه‌مدا ره‌نگی ره‌شی بۆ دڵه‌كه زیادكرد، له‌گه‌ڵ دوو باڵ، وه‌ك ئه‌وه‌ی فریشته بێ و له ئاسمان بفڕێ. مێسی ژماره‌ی 10ی خسته سه‌ر تاتۆیهكانی، كه ئاماژه‌یه بۆ ژماره‌ی ئه‌و درێسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌رجه‌نتین و بارسێلۆنا دهپیۆشێت. له‌لایه‌كه‌ی دیكه‌ش وێنه‌ی تۆپێكی پێ هه‌بوو. مێسی دواتر هه‌ندێ ره‌نگی بۆ تاتۆیهكانی زیادكرد، كه پێشتر ته‌نیا به ره‌نگی ره‌ش بوون.
كامێرا‌كان وێنه‌ی تاتۆیهكانی سه‌ر قاچی مێسیان گرت، كه ده‌یكرده دیاری بۆ كوڕه گه‌وره‌كه‌ی (تیاگۆ). تاتۆیه كۆنه‌كانی بریتی بوون له: گۆڵ، باڵ، تۆپی پێ و شمشێر، به‌ڵام مێسی وازی له‌و تاتۆیه هێنا و پێش یاری ئه‌رجه‌نتین و به‌رازیل له پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی رووسیا 2018، به تاتۆیه‌كی دیكه ده‌ركه‌وت.
مێسی ئه‌مجاره هه‌موو قاچی خۆی به تاتۆیه‌كی ره‌نگ ره‌ش داپۆشی، به‌مه‌ش وازی له تاتۆیه كۆنه‌كه‌ی هێنا، ئه‌و تاتۆیه تازه‌یه‌ی ته‌نیا ژماره 10 و هه‌ردوو ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی (تیاگۆ)یه. ئه‌وه‌ش جۆرێكی تازه‌ی تاتۆیه، كه له ئه‌وروپا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و به ناوی (بلاك ئاوت) ناسراوه. ئه‌و تاتۆیه تازه‌یه مشتومڕێكی زۆری له‌نێو جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نایه‌وه. ویل كێربی پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی پێست و شاره‌زا له لادانی تاتۆ، له لێدوانی بۆ گۆڤاری (ومه‌ن هێلس) ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و حبر و ماددانه‌ی له‌و جۆره تاتۆیه به‌كار ده‌هێندرێن، له‌وانه‌یه ئاكامی خراپی بۆ به‌كارهێنه‌رانی هه‌بێت، لادانیشی له تاتۆی ئاسایی ئه‌سته‌متر ده‌بێت. كێربی گوتی "ئێستا ئه‌وانه‌ی تاتۆ ده‌كوتن، چه‌ند پێكهاته‌یه‌ك تێكه‌ڵاوی یه‌كدی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ره‌نگێكی تۆخی نزیك له ره‌نگی ره‌ش، یه‌كێ له‌و ماددانه‌ش كاربۆنه، كه زیانی راسته‌قینه به پێست و ته‌ندروستی ده‌گه‌یێنێت".
رۆژنامه‌ی لاناسیۆنی ئه‌رجه‌نتینیش ئاماژه‌ی به‌وه كرد، مێسی ئه‌و ماوه‌یه‌ی قۆسته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاتۆیه دروست بكات، چونكه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك هیچ چالاكییه‌كی وه‌رزشی نه‌بوو، به‌ڵام دوور نییه ببێته هۆكاری هه‌وكردنی پێست، له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ی كونه‌كانی پێست و ده‌رچوونی ئاره‌قه‌دا، دووریش نییه ره‌وشه‌كه خراپتر بێت و ببێته هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی له یاریگه‌كان، بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته.



