رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆزینەوەی تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی و زیادبوونی گومانەکان لەسەر ئەوەی تەرمەکە (یاد سەرباز) بێت کە مانگی رابردوو لە هەمان سنوور بێسەروشوێن بوو، باوکی یاد لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک چەند وێنەیەکی داناوە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.
دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 12-6-2026 تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل دۆزرایەوە و گومانەکان بە ئاراستەی ئەوەن کە تەرمی (یاد سەرباز) بێت. بە گوتەی نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بۆ رووداو، جلوبەرگی ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە لە جلوبەرگی (یاد سەرباز) دەچێت.
بەڵام وەک شایەتحاڵەکان و چەند بەرپرسێکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە رووداویان راگەیاند، لەبەرئەوەی "تەرمەکە شێوێندراوە"، بۆیە نەتوانراوە بەئاسانی ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێ و رەوانەی دادپزیشکیی سلێمانی کراوە و چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی توێکارییەکە دەکەن.
سەرباز باڵەک، باوکی یاد، پۆستێکی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە کە چەند وێنەیەکی جلوبەرگی دڕاو و خوێناوییە و نووسیویەتی: "کوڕم حەقت نافەوتێت، دڵنیابە بکوژەکە بە سزای خۆی دەگەیێنین. بۆ خۆت ئارام بنوو، کوڕی شیرینم."
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، کەسوکاری یاد سەرباز راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی توێکاریی دادپزیشکی دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکەن کە جارێ پرسە بۆ یاد دانانێن و هیچ لێدوانێکیش لەوبارەیەوە نادەن.
یاد سەرباز، تەمەنی چوار ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێرە. یاد لەگەڵ دایکی، نەنکی و خاڵی بۆ سەردانی ماڵی باپیری چووبووە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، بەڵام لەدوای نیوەڕۆی 22ی مانگی رابردووەوە بێسەروشوێنە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
