رووداو - هەولێر لویس سوارێز، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای رایگەیاندووە، دوای ماڵئاواییکردنی ئەرجەنتین لە مۆندیال لەگەڵ لیۆنێل مێسی هاوڕێی قسەیکردووە. سوارێز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە دەربارەی یاریی بەرامبەر فەرەنسا بۆی رێکخرابوو گوتی، بێگومان قسەم لەگەڵی کردووە، بەڵام ئەوەی باسمان کردووە، لەنێوان ئێمە دەمێنێتەوە. هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا زیاتر گوتی، مێسی پیرۆزبایی لێکردووم، لە بەرامبەر مانەوەمان لە رکابەرییەکانی مۆندیالدا. هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بەرگریی لە مێسی کرد و گوتی ئەوەی لە ئەرجەنتین روویدا بەشێوەیەکی گشتییە نەک تەنیا بۆ یەک یاریزان، هەروەها گوتیشی، مێسی تەنیا یاریزان نییە کە بۆ ئەرجەنتین یاریی دەکات. سوارێز لە کۆتایی قسەکانیدا باسی نەیمار داسیلڤای هاوڕێی پێشووی لە یانەی بارسێلۆناش کرد و گوتی، هەموو جیهان توانای نەیمار دەزانێت، ئەو یاریزانێکی زۆر باش و سەرنجڕاکێشە.