رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە گەڕەکی پەنجاعەلی شاری کەرکووک، بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان دوو ماڵبات دروستبوو، کەسێک کوژرا و برایەکی دیکەشی بریندار بوو.
گەرمیان قادر، کوڕی کوژراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باوکم و مامم زەوییەکیان لەو گەڕەکە کڕیوە، بەڵام چەند کەسێک کە 'گرووپێکی مافیایین' هاتوون و ویستوویانە زەوییەکە داگیر بکەن. کاتێک باوکم و مامم بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆیان هاتوونەتە دەنگ، تەقەیان لێکراوە."
بە گوتەی گەرمیان قادر، باوکی کە ناوی (قادر مەعرووف)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1966ـە، سەرەڕای ئەوەی کەمئەندام بووە، بەڵام لە رووداوەکەدا 13 گوللـەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە. هەروەها مامیشی بە ناوی (سەلام مەعرووف) لەو شەڕەدا بریندار بووە.
لەبارەی رێکارە ئەمنییەکان، پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە دوو کەس لە لایەنی تەقەکەر دەستگیر بکەن، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەی وردتر لەسەر چۆنییەتی رووداوەکە بەردەوامە.

.jpg&w=3840&q=75)