یەکەمین ماچێ کە لە کچێکی فارسی تارانی وەرمگرت، شەممە نەبوو، یەکشەممە بوو؛ لە کڵێسای مریەمی موقەدەس لەئاڕاستەی شەقامی میرزا کووچەکخانی جەنگەڵی. پێتان سەیر نەبێ "ئێمە" هیچکام مەسیحی نەبووین. من مزگەوتم بەقەدەر تەمەنی باوکم دیبوو، بەڵام خۆم نۆستالۆژیم بە کڵێسا هەبوو، ئەو نۆستالۆژییەکەمی ئەبەدی کردەوە. بۆ "ئەو" پیرۆزی و پاکیزەیی مریەم گرینگ بوو کە خۆی و "ئەو"ی لە قاڵب و پۆرترێتێکدا دەدیتەوە، خۆی و "ئەو"ی لێ تێکچووبوو، مریەم و مەرجان تا پێش من پاکیزە مابوون. بەڵام لەوێ هەم خۆی و هەم "ئەو" بە ماچێک پاکیزەییان دۆڕاند بە کوردێکی وەک "من". لەڕاستیدا ئەو ماچە لە کۆنترۆڵی هەردووکمان بەدەر بوو، قەشەیەکی مۆن و ناوچاوتاڵ کە لە ژوورۆچکەیەکی بەردەم کڵێسا نیشتەجێ بوو، کاروباری ئایینی و شتەکانی تری ناو و دەرەوەی کڵێسای رادەپەڕاند، سەرەتا وایزانی خوێندکارین و رەنگە پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوەمان لەبارەی کڵێساکەوە هەبێ، پرۆژەمان نەبوو، خوێندکاریش نەبووین، بەڵام لە خوێندکارە بێکار و بەرەڵاکان دەچووین. لە ماوەی یەک حەوتەی تەواو کە بە شەقام و پارکەکانی تاراندا دەسووڕاینەوە، نەمانوێرا لە هیچ گۆشە و قوژبنێک بۆ ماوەی دوو لێو خۆمان ئازاد بکەین و نەترسین. تاران پڕە لە ئیمامزادە و ئاخوند و زۆڵ و قەحبە و پاکیزە! ناوەڕاستی هاوین بوو، ئیلهامێک، شتێک لە رەنگی شەهوەتێکی نابەکار لێوەکانمانی راساند، دوو لێوی ئاسایی کە بەو هاوینە گەرمە ئەگەر نووسەرێک یان شاعیرێک لە خەیاڵدانی خۆیدا سەرنجی بدایە، دەیشوبهاندن بە تووت فەرەنگی، خوازراو و راکێشەر و رەنگیشە بێتام! لەو هاوینە گەرمە و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاخوندێکی بۆینباخ لەمل لە رۆژێکی وێڵ، زۆر ناوەخت و لە کۆنترۆڵ بەدەر بەیانییەکی زووی یەکشەممە لەو کڵێسایە، لێوەکانمان پێکەوە نووسان، ئەگەر موسوڵمانێکی راستەقینە بایەم، دەمگوت نووسێنران، لکێنران، خوران! لێوخواردن وەکوو شەرابێکی دەستپێنەگەیشتووی کۆن! لێو و شەراب لە نان و شەراب خۆشتر و مەعنەویتریشە! لەنێوان ساتی پێکەوەنووسانی دوو لێودا چ دەگوزەرێ؟ ئەو چێژە ئەفسووناوییە تێپەڕ و جاویدە دەستی چی و کێی تێدایە؟ باوەگەورەم دەیگوت: چێژ هەمیشە دەستی شەیتانیشی تێدایە. بەڵام من نە باوەگەورەم بووم، نە "ئەم" و نە ئەویش، من و "ئەو" دواتر کە سێشەممە بوو بە شەڕمان، هەردووکمان بەرەو ئەو باوەڕە چووین کە ئەم ماچە دەستی شەیتانی تێدابوو، شەیتانێک کە هیچمان باوەڕمان بە وجوودی نەبوو، بەڵام لە ئیسلامدا زۆرتر لە مەسیحیەت باسی کرابوو. بەتایبەتی ئەم شەیتانەی ئیسلام سازێنەری ماچ و شتە. با شتەکان لێگەڕێین! ماچ دەروازەی هەموو شتەکانی ترە. سەرەتا ماچ بوو! رۆژی سێشەممە، ئێمە پێکەوە دانمان بەوەدا نا کە یەکشەممە شەیتانمان لێ نووساوە لەڕێگەی ماچێکەوە، یان بە ماچێکەوە نووساوین لەڕێگەی شەیتانەوە! ... من لێوی ئەوم زۆر نەرم و تەڕ وەبەر لێوان کەوت، ئەو دواتر هیچ باسی ئەو ماچەی یەکەمینی نەکرد، تەنها کاتێ من باسم دەکرد چاوی بریسکەیەکی دەهات و دەیگوت: "اولین بوسەام تو مکان مقدسی بود". مەرجان تەنها بەبۆنەی ئەو ماچەوە کوردی خۆشدەویست، یەکەمین ماچ لەگەڵ یەکەمین کورد! یان رەنگە یەکەمین گیانداری دووپێی لێودار وەک توت فەرەنگی! کچێکی پاک و پاکیزە بوو وەکوو یەکەمینەکان، لێرەدا ماچ و سێ نوختە! بۆم جێگەی باوەڕ نەبوو کە تا ئێستە ماچی نەدابێ بە کەس، یان کەسی ماچ نەکردبێ. بەهەرحاڵ ماچێکی شەیتانیی یەکەمین، یانێ بێدەنگی و برووسکەی چاوەکانی مەرجان بۆ "من". رۆژی دووشەممە لە خانەی هونەرمەندان قەرارمان دانا، کچ و کوڕێک کە لە نەخۆشخانە پێکەوە کاریان دەکرد، هاتبوون. ئەو نەخۆشخانانەی تاران کە زۆر کات ماچ وەکوو نوقڵ و شیرینی پشاوە و کوڕی باش هەبێ و تۆزێک دڵخۆش، کۆیاندەکاتەوە بەڵام...بەڵامی زۆرە! ئەو رۆژە پێکەوە قاوەمان خواردەوە، کوڕەکە، کوردێکی کرماشانی بوو، پلانی داڕشتبوو کە بۆ ماچێک یان تۆزێ ئەولای ماچ، هەموو مێژووی خۆی و لێو و زمانی رەت بکاتەوە، ئەو شەوە من لەگەڵ سامی و کچە هاوڕێ کەرەجییە ناسکۆڵ و تەرچکەکەی بوو بە دەمەقاڵەمان و هێندە لەسەری رۆشتم کە سەبا گریا و سامی بێدەنگ بوو. بۆ جارێکی تر هەستم کرد تەواو کوردم، نەک لەبەر ئەوەی بەرگرییەکی حەماسیم لە هەمبەر قسەکانی سامی و سەبا کرد کە دژ بە کورد قسەیان کردبوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دوای بەرقەراربوونی بێدەنگی، هەستم کرد کە نەدەبوو ئەم تەپوتۆزە کوردانەیە لەهەمبەر ماچ و پیلانێکی ماچاویدا بکەم. ماچی ئەوان بەمن چی؟ ماچی منیش بەوان چی؟ سامی دەیویست ماوەیەک لەگەڵ سەبا و جەستەی رابوێرێ و ویستبووی لەو ماوەیە مێژوو تووڕهەڵدات و من نەمهێشت و بووم بە گۆڵچی (دروازەبان)ی گەلی کورد! ساتێ بێدەنگ بووم، هەستی بێڕەحمانەی کوردانەم سەرکوت کرا یان سەرکوتم کرد، نازانم! ژنانەییم جووڵا و بە سەبام گوت: "بابا حالا چیزی نشدە، شاید شما راست بگین، گریە ندارە!" ئەویش بە چاوی تەڕ و روخسارێکی غەیری¬ سێکسی و کزۆڵانە و لەهەمان کاتدا بە فێڵێکی کچانەوە گوتی: "قچیە اصڵا بەخاگر این نیست، فقگ یاد پسرم افتادم!" سەبا بچووکتر لەوە بوو کە منداڵی هەبێ، بەڵام من وەکوو کوردێک لە ساتەکانی تاران باوەڕم بە هەموو شتێک دەکرد و ئەگەری هەموو شتێکم دادەنا، تەنانەت فڕینی پێشکەشکاری شەبەکە چواری ئێران بە دوو چاوی زۆڵەوە کە ئەو شەوە لە مێزی تەنیشت ئێمە لەگەڵ کچێکی جوان دانیشتبوو! کە سوێند بە بەرزیی ئیڤل و میلاد نە کچی بوو نە ژنی بوو نە هیچ پێوەندییەکی خوێنییان پێکەوە هەبوو! بەهەرحاڵ گرینگ ماچە! سەبا کە باسی "پسرم"ی کرد، سامی تەمێک لە کزۆڵی و بێدەسەڵاتی و سووکایەتی بە روخساریدا گەڕا، دواتر لە مەرجانم پرسی گوتم: "صبا بچە دارە و الان ازش دورە؟ دلش براش تنگ شدە؟" وتی: "نە دیوونە، بچەش منڤورش دوست¬پسر قبلیشە!" ئیتر من لەسەری نەڕۆشتم و زانیم هەرچی لەسەری بڕۆم سەرم دەچێ بە شوێنێکدا کە دیار نییە کوێیە. تاران وایە! ئەو شەوە سەرەڕای دەمەقاڵەم لەگەڵیان، سامی بە پێداگرییەوە ناچاری کردم بچم بۆ ماڵیان. لەگەڵ دایکی ئاشنا بووم، هەستم دەکرد ئەمە ئەو بەشە لە کوردبوونی سامییە کە تێیدا ماوەتەوە و دەیەویست بەم شێوە خیانەتەکەی قەرەبوو بکاتەوە! کام خیانەت؟! خیانەت! وشەیەکی شەش پیتی بە کوردی، وشەیەکی پێنج پیتی بە فارسی! خیانت! بەڵام ماچ سێ پیتە هەم لە فارسی و هەم لە کوردیدا و دەرگای زۆر وشەی پێنج پیتیی ترە! سامی و مەیهەن خانمی دایکی پێکەوە تەنها دەژیان، مەیهەن خانم زۆر حەزی لە رۆمانەکانی عەلی ئەشرەف دەروێشیان و مەحموود دەوڵەت ئابادی بوو، سەرێکی کوردی کرماشان بوو، کام سەری؟ نەمپرسی و نەموێرا بپرسم، تەمەنی لەسەر بوو... ئەمان سەر بەوانە بوون کە کوردن و دڵنیاشن کوردن و دڵنیاشم کە کوردی دەزانن و کوردبوونیشیان ناشارنەوە، بەڵام بە فارسی قسە دەکەن، زمانیان هەوڵ دەدا فارسی بئاخێوێت، بەڵام کوردی دەسووڕێت، بەمە دەڵێن لەهجەداربوون، زمان بەدەگمەن دەکرێ بشاردرێتەوە...بەڵام وەک گوتم گرینگ ماچە کە لەکانگای لێوەوە دێت...ماچی قووڵ و قایم زمانەکان لەناو دەم پێکەوە گرێدەدا و بەسەر تەڕایی و لووسیی لێوە ناسک و نەرمەکاندا تێدەپەڕێت...دەچێتە چەقی زمانەوە، زمانێک کە تامی لێو و ماچەکان وەک تووت فەرەنگی لە یادەوەریدا هەڵدەگرێت. هەر وەک چۆن ئەم ماچە بەشێک زمانی من و مەرجانی لەم چیرۆکەدا لێک هەڵواسیوە...من شەوی دووشەممە لەوێ خەوتم و بەیانییەکەی لەگەڵ مەرجان لە شەقامی ویساڵ قەرارمان دانا، تاران شارێکە کە بەردەوام بێ-قەراری تێی "دا". سێشەممە ئەو رۆژە بوو کە من و مەرجان بوو بە شەڕمان. ئەو رۆژە بوو کە ماچەکەی یەکشەممەی ناو کڵێساکەمان بە پیلان و مۆرکی شەیتان زانی و تەفسیرێکی شەیتانیمان بە "سەر"دا سەپاند...وەک گوتم گرینگ ماچە نەک "سەر"... خۆشیش لەوەدا بوو کەسمان باوەڕمان بە شەیتان نەبوو، بەڵام ئەمە چێژ و شەڕە و ئیتر دەبێ دەستی یەکێکی تری تێدا ببینینەوە، بۆ نموونە ئەمریکا یان ئیسرائیل...لە دونیای ماچ و شەیتاندا دیواری کەس لە هی ئەمریکا و ئیسرائیل کورتتر نییە...بەگشتی رۆژی سێشەممە رۆژێکی خراپ و شەیتانی بوو، بۆ ساتێک بە خەیاڵمدا هات کە هەموو خەتای دووشەممەیە. دووشەممەی من و مەرجان و ماچ ئەمە بوو: ئەو باسەی سەبا و سامی و کوردبوونی من، دواتر رۆشتنەوە بۆ ماڵی سامی و مەیهەن خانم، درەنگ لەخەوهەستان و ترافیک و ماتەڵبوونی مەرجان و کوڕی بەرەڵا و خوێڕیی سەر شەقام و هەتا دوایی، بەکورتی مەرجان لەسەر ئەوە شەڕی کرد کە من درەنگ گەیشتمە شوێنی قەرار. کاتێ کە پێیگەییم یەکەم رستەیەک کە گوتی ئەمە بوو: "می¬دونی؟ نباید و نباید و نباید یە خانوم برای مدت گولانی یە جا منتڤر بمونە، میفهمی اینو؟" منیش بێدەنگ بووم، چوون مەزەندەم دەکرد چەند مەتەڵەک و توانجیان بە باڵا بەرزەکەیدا گوتووە، بە لێوە نەرمەکەی و چاوە بریسکەدارەکەی و ئەتوارە پڕشکۆکەی و بڕۆ بەرەو خوار...هەستم کرد ئەم دووشەممەیەش هەموو خەتای کوردە! لەشەڕی سێشەممەدا من تەنها بووم و ئەویش تەنها، بەڵام هەرکاممان دوو نەفەر بووین بە تەنیایی. چوارشەممە، من دیسان تەنها و لەگەڵ مەرجان و ئەویش دیسان تەنها و لەگەڵ من. پێکەوە تەنیایی. دەمزانی و دەیزانی بیر لە یەکتری دەکەینەوە؛ بەڵام هیچمان هەواڵی یەکترمان نەزانی، ئەو رۆژە دایکم زەنگی دا و گوتی: "دوێشەو خەوم دیگە پێتۆ لە داڵانێکی درێژی داخریاگا تێی و ئەچی و تێی و ئەچی و تێی و ئەچی و نیگات ماقی شوێنێکە لەو دیوی دیواری داڵانەکەوە و قسەیچ ناکەیت، شتێک لە درزێکی قەیی یەکێ لە دیوارەکان بۆنی تێ و تۆ تێی و ئەچی و تێی و ئەچی..." چوارشەممە وابوو من و مەرجان و دایکم پێکڕا تەنها بووین. دوا چرکەساتەکانی چوارشەممە و دەسپێکی پێنجشەممە مەرجان پەیامی دا و گوتی: "بە این راحتی دست بردارم میشی؟" وەڵامێکی زۆر ئامادە لە قووڵایی ناخمەوە تایپی کرد: "نشدم! ولی انگار تو شدی!" رستەی دووهەمم ئیتر سیاسیبازییەکی ناشیانە و تابلۆ بوو بەڵام "نشدم"ەکەم بەڕاستییەکی قووڵی نێزیک لە ئیمانەوە گوت. گوتی: "باشە، فردا خیابان وصال میبینمت." ئانوسات گوتم: "خب باشە، فردا ساعت 7 اونجام!" گوتی: "کار دارم تا ساعت دە باید سر شیفت باشم، دە بەبعد اونجا می¬بینمت؛ وصال!" من وەک کوردێک دەمزانی و دەزانم "کار" زۆر باشە، کار دەتوانێ پێش بە ماچ و هەستەکان و دەرکەوتنی لاوازییە عاتیفییەکانی مرۆڤ بگرێت، هێندە ماندووت دەکات؛ بەڵام لەنێوان "کار" و "بێکاری" دا تەنها "بێ" یەک تۆفیر هەیە. دوا پەیامی ئەو ساتەم بۆ مەرجان تەنها ئەوە بوو: "بێ". تەنها وشەیەکی کوردی کە مەرجان لەساتی ماچەکە دا فێری ببوو! زۆرینەی کورد بە "بێ" دەڵێن "وەرە"، بەڵام ئەم "بێ"یە دە قاتی "وەرە" کاریگەری و عیشوەکاریی زیاترە! پێنجشەممە کاتژمێر 10 لە ویساڵ پێکگەیشتینەوە، خۆی رازاندبووەوە، بەشێوەیەکی لەناکاو باوەشی پێدا کردم، لەبەر خۆمەوە گوتم :"کورد کوا ئەمانە دەتوانێ بکا؟" ئەم قسە سەیر و قۆڕانە لە یەک ئانوساتدا لە ناخودئاگامەوە هاتنە خودئاگا و شەرمێکیان هێنایە سەر روخسارم، دواتر نووسانی سینەی مەرجان بە سینەمەوە هەموو ئەمانەی هەر بەو خێراییەی هاتبوون رەواندەوە، پێنجشەممە ئێمە لە ماچ تێپەڕیبووین و لە من و لە ئەو، لە من و لە مەرجان... پێنجشەممە ئێمە ئیتر دوو نەفەر بووین بە سات و پێوەری ماچ... من و مەرجان و ماچ و باوەش و سینە و مەمک و دەموچاوی من و هی ئەویش، بەڵام تەنها بووین وەکوو دوو نەفەر لە بیرەوەری و بێدەنگیی ماچێکدا. ئەگەر سێشەممەی شەڕ و کورد نەبایە ئێمە تا ئەبەد لە پێنجشەممەی ماچێکی موقەدەسدا دەماینەوە. لە یەکشەممەوە تا پێنجشەممە لەلایەک و چۆنێتی ئاشنابوونی من و مەرجانیش لەلایەک: شەممە شەممە: دیسان شەممەیە، ئەو شەممەیەی کە من دەڵێم نا، بەڵکوو ئەو شەممەیەی کە خەڵکی خاوەنکار و سەرئیش دەیڵێن، فەرمانبەرە گێج و بێخەیاڵەکان، ئەوانەی کە حەتمەن دەبێ کاتژمێریان هەبێ ئەگینا دۆڕاون. منی "بێ" کاریش لەگەڵ "دیسان" و رۆژەکان پێوەندییەکی پتەوی هەیە، مەگەر ماچێک ئەو پێوەندییە بپچڕێنێت، بۆیە دەبێ هەمیشە لەبیرم بێت کە گرینگ ماچە و سێ نوختە! شەممە شوێنی دیسان و دووبارە حیز و باش و هینەکانە بۆ ئەوانەی لەسەر ئیشن و بۆ ئەوانەی تاران کە زۆرتر لەسەر ئیش دانیشتوون؛ وەک گوتم گرینگ سەر نییە، "ماچە". ئەوانە دەبێ رۆژێک لەسەر هەستن...ئیش...و لەسەر لێو بنیشنەوە. بەڵام ئەوان لەسەر کارن، کار مەجالی فڕین و هەستان بە تاران نادات...کاری "بێ" سوود...من "بێ" کار بووم، بەڵام "بێ"سوود نەبووم، یانی بۆ من وا نەبوو کە بۆ ئەوان، بۆ من شەممە سەرەتای ئەو ماچە بوو کە لە یەکشەممەوە تا پێنجشەممە باسم کرد، دووبارە و دیسان هەڵناگرێت، چون دیسان شەممە حیزە باشەکە نییە، ئەو ماچە یەک جار کرا و تا ئەبەد دووبارە نابێتەوە. رێک وەکوو روانینی هیراکلیتۆس بۆ ماچی رووبارێک...ببوورن بۆ ئاوی رووبارێک: "ئێمە ناتوانین دووجار پێی تێخەین، چوون ئاوەکە دەڕوات بەردەوام..." کێ ناڵێ مەبەستی هیراکلیتۆس لەوێدا لە "رووبار" لێو و لە "ئاو" ماچ بووە؟ ئاو و ماچ...لێو و تەڕایی...رووبار و زەمانی بەخوڕ...من و مەرجان و هیراکلیتۆس و ماچ من و تاران و مریەم و شەممە و یەکشەممە...بەخوڕ لە رووباری ماچی زەمەن تا ناکۆتا لەراستیدا "من" مەرجانی سێ ساڵ پێش و یەکەمجار بەدەر لە یاسای رۆژانە و حەوتە لە ئەبەدییەتی جووڵەی ئاوەکەی هیراکلیتۆس و لە شیعری هاوڕێیەک لەژێر ناوی "ێن دختر تنهای سر کوچە برای کە میرقصد، وقتی کە من نیستم"، دیت؛ یانی وێنای کرد، دوای سێ ساڵ هەمان من هەمان کچی بەناوی مەرجان لە ئەنجوومەنێکی کافەییدا لەتاران دیت. وتمەز مەڵێ "من" زانیویە پێشتر دیتویە، "تۆ" بڵێ وێنا و وەهم! "من" بەردەوام خوێنەرێکی باشی شیعرە تەنیا و قۆڕەکانی ئەمڕۆ بوو، من لە شیعرێکدا مەرجانی وێنا کرد و لە کافەیەکدا بینی و لە کڵێسایەکدا ماچی کرد و لە چیرۆکێکدا باسی کرد و لە دواجاریش لێی ون بوو وەکوو ئاوی رووبارێکی لەخوش و خوڕ بەکاتی هیراکلیتۆس، وەکوو وێنەیەکی شیعریی کە هەموو شاعیرێک بەشێوەیەک دەیڵێت و هی کەسیشیان نییە و هەمووشیان ئیدەعای ئەوە دەکەن کە هی "ئەوە" بەڵام ماچ پێی دەڵێ: زمان وێنە دەکێشێ و وێنە شیعر و شیعر ماچ و ماچ چیرۆک و چیرۆک، ون بوون؛ ون بوونی زمانی ماچ و ... پێتانم گوت: گرینگ ماچە تا زمان. سەرەتا ماچ بوو نەک زمان! زمان وشەیە بۆ نموونە ماچ! جومعە کاتی پشوودان و ون بوونە، من مەرجانم لەم رۆژەدا ون کرد و بوو بە ئاو، پێش مەلابانگدانی نیوەڕوانی مزگەوتی جامیعە و لە گەرماوگەرم و قووڵایی خوتبەکانی مامۆستا لەبارەی هەڵبژاردنە قۆڕەکانی سەرۆککۆماریی ئێران، "بووین بە ئاو". خوتبە وەک باواگەورەم دەڵێ: "شەیتان لە هیچ و هەموو شوێنێکدا هەیە و بەردەوامیش ناوەستێ، ئەو هەیە و نیشە" ئەمە لە خوتبەدا یانی ئامریکا و ئامریکا یانی ئیسرائیل و ئەو دووەش یانی شەیتان و من و مەرجان و ماچ و باوەش و سینە و کڵێسا و مەریەم، یانی یەکشەممەی ئەم چیرۆکە تا جوومعە. ئەم چیرۆکە لە یەکشەممەوە تا یەکشەممەی تر: اما بعدوا...شەیتان هەمیشە لەنێوان "من" و "تۆ"یە و سێهەمە، لە خوتبە و باواگەورەم دا دەزرینگایەوە. یانی "ئێمە" دوو کەسین، سەبا و سامی یانی دوو...سامی و مەیهەن یانی دوو...دوو یانی من و مەرجان، سێ یانی شەیتان و ماچ= ماچتان... جومعە کاتی پشووە، هی مامۆستا و حەوتەی وەحدەت و پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد و شەرم و کورد و دوو و دوو و دوو...جومعانە فرووغ بێزار بوو...جومعانە کاتی پشووە، پشوو کاتی بێزارییە، بێزاری کاتی شیعرە و شیعر، یەکشەممان دوور لە مزگەوت و نێزیک لە کڵێسا و خوا، لە ماچێکدا دەبێ بە چیرۆکێکی حەوت قاشی حەوتانە... دەزانم رۆژێک "من" لە شیعرێکدا لەبارەی ئەم چیرۆکەوە دەڵێت: جومعە یانی حەوت، حەوت یانی بەتاڵ...بەتاڵ یانی قودسی... جومعە یانی یەکشەممە نا، دووشەممە نا، سێ و چوار و پەنجیش نا یانی حەوتی پیسی خەبیس، حەوتە یانی یەکشەممە مەسیحی نەبی، مزگەوتەکانت لەبەر بێ بەڵام لە کڵێسادا لەپێش چاوی قەشەیەکی مۆن و ئەو هەموو ئینجیلە ئیسلامییەوە ماچێک بکەی لە کچێکی فارس. کچێک کە تەنها یەک شەممان لەخۆی هەڵدەگرێ و ئیتر باقی پشووە بۆی و خەمی فرووغ و نۆستالۆژیای شەیتانیی ماچ و "من" و موقەدەس و کڵێسا و تاران و بەرەڵڵایی و "بێ" کاری، تاران یانی ماچێ لە حەوتەیەک دا ونبکەی بۆ ئەبەد! بۆ هەمیشە کوردێک لە خۆی دەپرسێ ئەمڕۆ تاران چەن شەممەیە؟ 6/8/2018
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست25-08-2026ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوە؛ ئەمریکا دیپلۆماتەکانی دەگەڕێنێتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستهەکار عەلی
ئابووری25-08-2026لێكۆڵینەوەیەک: یەک لەسەر سێی ئەو کەشتییانەی لە لیستی رەشی ئێراندان، پێشتر بە ئامانج گیراونهەکار عەلی
جیهان25-08-2026ترەمپ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "داڕووخاو" و بەرپرس لە قەیرانی مرۆیی وەسف دەکاتهەکار عەلی