ئۆتۆبیۆگرافیا یەکێکە لە هونەرەکانی گێڕانەوە، واتە بونیادی ئەم هونەرە لەسەر گێڕانەوە بەندە. نووسەر دێت ژیانی خۆی بە شێوەی ئۆتۆبیۆگرافیا دەنووسێتەوە. یەکێکە لەو هونەرانەی زۆر بڵاوە، هەوڵێکی باشە بۆ گوزارشتکردن لە سەردەم. چۆن ڕۆمان هونەرێکی نوێیە، هەمان شێوە نووسینی ئۆتۆبیۆگرافیاش هونەرێکی نوێیە. واتە سەرهەڵدانی وەکوو فۆرمێکی ئەدەبی بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە. وەکوو زاراوە لە ئینگلیزیدا پێی دەگوترێ (ئۆتۆبیۆگرافی- autobiography) . وشەکە لە سێ بەش پێکهاتووە. (لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی یۆنانییە، لە خود (Auto) و ژیان (bio) و نووسین (graphie) پێکهاتووە.) [ادلبی: ٢٠٠٨: ص٢٥] کەواتە زاراوەکە هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی ژیانی خود. ئەم هونەرە پێوەندییەکی نێزیکی لەگەڵ هونەرەکانی دیکەی گێڕانەوەدا هەیە، لەم وتارەدا دەمانەوێ پێوەندی نێوان ئۆتۆبیۆگرافیا و هونەرەکانی دیکەی وەکوو: مێژوو، بیرەوەری (مذکرات)، یاداشتی ڕۆژانە (الیومیات)، دانپێدانان (الاعترافات)، چیرۆک و ڕۆمان ئاشکرا بکەین.
ئۆتۆبیۆگرافیا و مێژوو
ئۆتۆبیۆگرافیا لە هەناوی مێژووەوە دێت، لە ڕووی مێژووییەوە، نووسەر ژیانی خۆی لە منداڵییەوە تاکوو پێش مردنی دەنووسێتەوە. واتە نووسەر لە مێژووی ژیانی خۆی دەدوێت. ڕەخنەگرێکی وەکوو (ئیحسان عەباس) لەبارەی پێوەندیی ئۆتۆبیۆگرافیا و مێژوو دەڵێت: ((ئۆتۆبیۆگرافیا لە ڕوانگەی کۆمەڵ و پێوەندی کارەکانی بە ڕووداوەکانەوە شتەکان پێشکەش دەکات، یان ڕەنگدانەوەی و کاریگەربوونی پێیانەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆتۆبیۆگرافیا مەبەستی مێژوو جێبەجێ دەکات.)) [احسان: ١٩٥٦ : ص١١] . بەڵگەیشمان بۆ ئەو پێوەندییە، چ بیۆگرافیا و چ ئۆتۆبیۆگرافیا لە زۆر ڕووەوە مێژووی ژیانی تاك، یان نەتەوەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە، چونکە نووسەر کەسێکی دابڕاو لە کۆمەڵ و ڕووداوەکانی مێژوو نییە، بەڵکوو تێیدا ژیاوە. واتە لەڕێی نووسینەوە وێنەیەکی ڕوونی مێژووی نەتەوە لە زەمەنێکی دیاریکراو پیشان دەدات. بۆ نموونە لە ئۆتۆبیۆگرافیای (کاروانی ژیانم)ی (د.مستەفا زەڵمی)دا، ڕووداوی شۆڕشی چواردەی تەمموزی (١٩٥٨) بە سەرکردایەتی (عەبدولکەریم قاسم) لە عێراق بەڕوونی باس کراوە، چونکە نووسەر خۆی بەشداری لەو ڕووداوانەدا کردووە. بۆیەش لەڕووی ڕاستبێژی و پابەندبوونەوە ئۆتۆبیۆگرافیا و مێژوو لە یەکدی دەچن، هاوکات کارەکتەرەکانی ناوی وەکوو کارەکتەری ناو مێژوو ڕاستین. هێندە هەیە ئۆتۆبیۆگرافیا پەنا بۆ بیرەوەری و یادگە دەبات، ڕەنگە هێندێک کەس، ڕووداو، یان کات لەبیر بکات، بەڵام مێژوو پەنا بۆ بەڵگە دەبات. کەواتە ئۆتۆبیۆگرافیا چەشنێکی ئەدەبییە و پێوەندی بە مێژووەوە هەیە. هەموو ئۆتۆبیۆگرافیایەکیش ڕەگەزی مێژووی تێدایە.
ئۆتۆبیۆگرافیا و بیرەوەری
کڕۆکی بیرەوەری وەکوو هونەرێکی گێڕانەوە گرینگیدانە بە ڕووداوەکانی دەوروبەری نووسەر نەک خودی نووسەر. بۆیەش نووسەری بیرەوەری زۆر لەبارەی ژیانی خۆیەوە ناپەیڤێت، زۆر لەبارەی خۆیەوە ناڵێت، بەڵکوو ئەوەی لە دەوروبەری ڕوویداوە، لەناو کۆمەڵ، مێژوو ئەوە باس دەکات. بۆیەش بیرەوەری ((گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەیە لە ژیانی نووسەردا ڕوویانداوە و ڕوڵی تێیاندا هەبووە. ئاماژە بە هەموو ئەو ڕووداوە مێژووییانە دەکات کە نووسەر بەشداری تێدا کردوون، بینیونی، یان لە هاوسەردەمانی بیستووە)) [جبور: ١٩٨٤ :٢٤٦] کەواتە بیرەوەری گرینگی بە ژیانی گشتی لە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی نووسەر دەدات، بەڵام ئۆتۆبیۆگرافیا باسکردنی ژیانی مرۆڤە وەکوو ئەوەی هەیە. جوایەزی نێوانیشیان ئەوەیە، بیرەوەری بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان پەنا بۆ بەڵگەی مێژوویی دەبات، بەڵام نووسەری ئۆتۆبیۆگرافیا پەنا بۆ ڕابردوو و بیرەوەری خۆی دەبات.
ئۆتۆبیۆگرافیا و یاداشتی ڕۆژانە
یاداشتی ڕۆژانە لە هێندێ ڕووەوە لەگەڵ ئۆتۆبیۆگرافیا جودایە و لە هێندێ ڕووی دیکەوە لەو دەچێت. لەو ڕووەوە لە ئۆتۆبیۆگرافیا دەچێت کە ئەوەی پێوەندی بە ژیانی کەسێکەوە هەیە دەگێڕێتەوە، بەڵام لەو ڕووەوە لێی جودایە کە وەکوو ئۆتۆبیۆگرافیا بە شێوازێکی هونەری و مەرجە هونەرییەکانەوە پابەند نییە. سەرەتای گرینگیدان بە یاداشتی ڕۆژانە بۆ سەرەتاکانی سەدەی حەڤدە دەگەڕێتەوە، هەرچەندە نووسەرەکانی بڵاویان نەدەکردەوە. لە ئەدەبی ئینگلیزیدا یەکەم دەرکەوتنی یاداشتی ڕۆژانە لەسەر دەستی (ولیەم دوجەیل) بوو کە چلوپێنج ساڵ لە ژیانی خۆی بە یاداشتی ڕۆژانە تۆمار کرد، بەڵام دوای مردنی بڵاوکرایەوە. یاداشتی ڕۆژانە زۆر پابەندی لایەنی هونەری نابێت، هاوکات نووسینی یاداشتی ڕۆژانە زۆر قورس و هونەری نییە. بەڵام توانای گێڕانەوە و ڕاڤەکردنی ڕووداوەکان پنتێکی بەهێزە بۆ ئەوەی لە ئۆتۆبیۆگرافیا بچێت. یاداشتی ڕۆژانە پێداگری لەسەر پێکانی ڕووداوەکان دەکات. بۆ نموونە (یاداشتەکان)ی (ئەلبێر کامۆ) زۆر جوایەزە لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی، ئەو هاتووە ڕۆژانە شتەکانی تۆمارکردووە و هێندێ تێبینی نووسیوە سەبارەت بە کارەکانی. لەوێوە زانیاری زیاترمان لەسەر ژیانی ئەم فەیلەسووفە دەستدەکەوێت.
ئۆتۆبیۆگرافیا و دانپێدانان
ئەمەش شێوەیەکە لە شێوەکانی ئۆتۆبیۆگرافیا، لە سەدەی هەژدە بەدواوە زۆر باو دەبێت، هەرچەندە لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا دانپێدانانی ئایینیمان هەیە، بۆ نموونە دانپێدانانەکانی (قەشە ئۆگەستین). لەبارەی دانپیدانانی ئەم پیاوە ئاینییەوە (یەحیا عەبدولدائیم) دەڵێت: ((سۆفی ئەزموونی خودی خۆیمان بۆ بەیان دەکات، دەگاتە جیهانێك بە ئێمە ئاشنا نییە، لە ناکاو لە ئاگایی دەردەچێت، پێوەندی بە جیهانی ئاسمانەوە دەکات و لە جیهانی ئێمە دادەبڕێت)) [عبدالدائم: ١٩٧٤: ص١٣-١٤] . لە ئەدەبی کوریدا تاکوو ئێستا کتێبێکی سەربەخۆی دانپێدانانی ئاینیمان نییە، واتە پیاوێکی ئایینی، سۆفییەک کتێبێکی لەم شێوەیەی نووسیبێت، ئەگەر هەشبێت لە چوارچێوەی کتێبی دیکە، لەناو شیعردا نووسراوە و ئاماژەی بۆ کراوە.
ئۆتۆبیۆگرافیا و ڕۆمان
ئاشکرایە زۆربەی کارە ئەدەبییەکان گوزارشتن لە ژیانی خود، لە ڕۆماندا ئەم خودێتییە خۆی لە یەکێک لە کارەکتەرەکاندا حەشار دەدات. (جۆرج مای) دەڵێت: ئەوەی هەڵوێستی ئێمە لە خوێندنەوەی ئۆتۆبیۆگرافیا بەرانبەر خوێندنەوەی ڕۆمان جودا دەکاتەوە، ئەوە نییە یەکەمیان حەقیقیە و ئەوی دیکە خەیاڵییە، بەڵکوو ئەوەی یەکەم لە بەرگێکی حەقیقی و ئەوی دیکەیان لە بەرگێکی خەیاڵیدا دەنووسرێت. واتە هەموو ڕۆمانێک بە دیوێک لە دیوەکاندا ئۆتۆبیۆگرافیایە، بەڵام لە شێواز و تەکنیکی جوایەز. بۆ نموونە ڕۆمانی (باوک و کوڕ)ی (ئیدمۆند جۆنس) لە هەموو بەشێک لە بەشەکانی ڕۆمانەکە باسی خۆی دەکات.
سەرچاوەکان:
١. ادلبی (عمر منیب): ٢٠٠٨: سرد الذات- فن السیرە الذاتیە، دائرە الثقافە والاعلام، الشارقە، الامارات العربیە المتحدە.
٢. احسان (عباس):١٩٥٦: فن السیرە، ط ٢، دار الثقافە، بیروت.
٣. جبور (عبدالنور): ١٩٨٤: المعجم الادبی دار العلم للملایین، ط ٢، لبنان.
٤. عبدالدائم (یحیی): ١٩٧٤: الترجمە الذاتیە فی الادب الحدیث، مکتبە النهضە المصریە، القاهرە.



