رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەی پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوادا، جەختی لە پێویستیی چەکی ئەتۆمی بۆ وڵاتەکەی کردووەتەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA)، کۆبوونەوەکە لەنێوان 20 بۆ 22ـی حوزەیران بەڕێوەچووە. زۆرجار میدیاکانی کۆریای باکوور رۆژێک یان زیاتر دوای رووداوەکان، هەواڵەکان بڵاودەکەنەوە.
ئاژانسەکە رایگەیاند: "کیم جۆنگ ئوون لە گوتەی کۆتاییدا، دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی نەگۆڕی پارت و وڵاتەکەمان ئەوەیە کە بە خێراییەکی زیاتر تواناکانی بەرگریی نیشتمانیی بەهێزتر بکەین."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ جیهان گەواهیدەری سەرهەڵدانی وەشانی نوێی ناسیۆنالیزمی تووندڕۆیە، وەک بیرۆکەی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک"، زایۆنیزم، نیۆنازیی ئۆکراینی و سەربازگەریی ژاپۆنی."
هەروەها راپۆرتەکە رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باشوور و هەروەها شەڕی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرتووە.



.jpg&w=3840&q=75)