ئەو شیعرانەی خۆشمدەوێن(2)

05-09-2016
ئەنوەر عەباسی
نیشانەکردن شیعر
A+ A-

ئەمجارەیان هەڵبژاردنی شیعرێك كە خۆشمدەوێ ئاسان نەبوو. لەبەر ئەوەی ئەم شاعیرە كە ئەمڕۆ دەبێ شیعرێكی هەڵبژێرم، زۆر شیعری هەن بۆ من خۆشەویستن. بۆیە هاتم و یەكێك لەو شیعرانەیم هەڵبژارد كە ماوەیەك وەكوو كڵێشەیەك لە مێشكمدا مابووەوە، كڵێشەیەك لە شیعر كە خۆشم ناوێ و تەنانەت ئەو سەردەمەی كە هێندەك لاوتر بووم، هەڵوێستیشم بەرانبەری نواندووە. هاتم دیسانەوە ئەو شیعرەم خوێندەوە و دیتم ئەمجارە چەندە ئەو شیعرەم خۆشدەوێ. وەكوو هاوڕێیەتی، ئەو هاوڕێیانەی لە دوای شەڕ و كێشمەكێش دەبنە هاوڕێمان، زۆربەی جار دەبنە خۆشەویستترین هاوڕێ. ئەم شیعرەی ''پەشێو'' بۆ من ئاوایە. باسی شیعری'' لە دەستم دێ'' دەكەم.

لە دەستم دێ
كاتژمێری كامەرانیت بوەستێنم
لەدەستم دێ
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسوتێنم
لە دەستم دێ
هەموو شتێك ئاشكراكەم
كام شەوەت گەش و ڕووناكە
ئەو شەوە پف لە چراكەم
لە دەستم دێ، بە دوو وشە
دڵی زاوای نوستووت ڕەش كەم
لە خۆشاوی
شەوی پەردەتان بێ بەش كەم
نامەكانت...
یەك یەك ماون
دیاریە سادەكانت
یەك یەك ماون
چاویان شۆڕە
دەست لەسەر سنگ بۆم وەستاون
لە تاوی ئەو كارەساتەم
ئارەقەی شەرم ئەتكێنن
مۆری حەزێكی ئاگرین
بە ناوچاوتەوە..ئەلكێنن
تاڵێكی پرچت نەماوە
تێر تێر بۆنم نەكردبێ
جێی دەرزییەك
لە سینگی برسیت نەماوە
پەنجەم پەی پێ نەبردبێ
گەواهی ئەدەن لەسەرت
دار تێلەكانی سەر شەقام
گەواهی ئەدەن  ئەوانەی
نامەی تۆیان بۆ ئەهێنام
بەڵێ گیانە گەر بمەوێ
كاتژمێری كامەرانیت بوەستێنم
گەر بمەوێ
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم
بەڵگەم پێیە
هەزار بەڵگەی ئاشكرا و ڕوون
بەڵگەی چوار ساڵ پێكەوەبوون
بەڵام چ بكەم؟
خۆشەویستیت نەهەنگێكە
خوێنی هەڵچووم ئەخواتەوە
خۆشەویستیت ڕووبارێكە
قینی ڕەشم ئەشواتەوە

كۆمەڵێك رەخنە ئاراستەی ئەم شیعرە كراون. ئەم رەخنانە زیاتر باسی ناوەڕۆكی شیعرەكە دەكەن و لەسەر ئەو بنەمایەن كە ئەم شیعرە دژە ژنە. من لێرەدا نامەوێ خۆم لەو باسە وەربدەم و بە پێچەوانەی رەوتی باو، لە زنجیرە وتارەكانی ''ئەو شیعرانەی خۆشمدەوێن'' نامەوێ بچمە نێو بواری جوانیناسی شیعریی ئەم شیعرەوە. بەڵكوو دەمەوێ خوێندنەوەیەكی دەروونشیكارانە بۆ ئەم شیعرەی پەشێو بكەم.

لەم شیعرەدا بەڕوونی هەرسێ بەشی دەروونیی مرۆڤ (بەپێی دابەشكارییەكەی فرۆید) بەدی دەكرێن. پرسیار ئەوەیە كە كامیان بەسەر ئەوی دیكەیاندا زاڵە؟ فرۆید سیستەمی دەروونیی مرۆڤ بە سێ بەش دیاری دەكات: 1- ئید(ID)،  2- من (ego)، 3- بان من (super ego). ئید بنەمای سەرەكی كەسایەتی مرۆڤ پێكدێنێت كە لەگەڵ لەدایكبوون لە مرۆڤدا هەیە و گرینگترین بەشی ئید هەمان غەریزەكانن كە بەگشتی لەسەر بنەمای پێویستییە فیزیكییەكانی ئەو كار دەكەن، وەكوو ویستی جنسی و... .

بەشێك لە ئید بە تێپەڕبوونی كات سیستەمێكی تایبەت پێكدێنێت كە لە نێوان ئید و دنیای دەرەوەدا رۆڵی نێوەنجی دەگێڕێت. ئەمە (من) یان ئیگۆیە. بە كورتی یەكێك لە گرینگترین كارەكانی ئیگۆ ئەوەیە كە ویستی ئید لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەڵبسەنگێنێت و بڕیار بدات كە ئەو ویستانە بێنە دی یان رێگرییان لێبكرێت. سوپەر ئیگۆ نوێنەری بایەخە باوەكان و ئایدیاڵە كۆمەڵایەتییەكانە كە دەروونی كراونەتەوە و لەلایەن دایك و باوكەوە (هەركەسێك لە دەرەوەی مرۆڤ خۆی) دەخرێتە بەردەستی منداڵ و ئیدی بەم ئایدیاڵە كۆمەڵایەتییانە گەورە دەبێ كە هەمیشە چاودێریی دەكەن.

ئید و سوپەر ئیگۆ لە یەك خاڵدا وێكچوونێكی زۆریان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە هەردووكیان پێوەندییان بە رابردووی مرۆڤەوە هەیە. یەكیان رابردووی فیزیكاڵ و ئەویتریان رابردووی كۆمەڵایەتی. بۆ كورتكردنەوەی باسەكە ئەم بابەتەم زۆر بە كورتی و گوشراو بەیان كرد دەنا زۆر لەمە بەربڵاوترە، بەڵام لێرەدا ئێمە كارمان هەر بە ئەوەندەیەتی.

لە شیعری (لە دەستم دێ)دا (ئید)ی شاعیر سەودایەكی خرۆشان و توندئاژۆی هەیە بۆ تۆڵەسەندنەوە. دەیەوێ كاتژمێری كامەرانیی دڵداری بێوەفا بوەستێنێ. هەموو ئەعزای ناڵینی دەناڵێ و داوای تۆڵە دەكەن. تۆڵەیەكی بێبەزەییانە. شاعیر بەیەكجاری پانتاییەك دەخولقێنێ كە بەردەنگ پرسیاری لەلا ساز دەبێت: باشە ئەم هەموو ویستی تۆڵەیە لە كوێوە دێت؟ كار دەگاتە شوێنێك كە شاعیر خەریكە پەردە لەسەر كۆمەڵێك نهێنی زۆر ورد و تابوو لادەدا.

باسی ئەندامێكی جەستەی دڵدارەكەی دەكات كە كاتی خۆی دەستی پێڕاگەیشتووە و بە برسی وەسفی دەكات. وشەی برسی لێرەدا بە تەنیا خۆی بارێكی مانایی زۆر قورسی هەڵگرتووە كە دەكرێ زۆر زۆرتری لەسەر بنووسرێ، بەڵام لەم وتارەدا ناگونجێ. شتێكی نەماوە كە كار بگاتە بەزاندنی سنووری ئەخلاق و تەنیا شتێك كە ماوە بۆ گەیشتن بەو سنوور بەزاندنە هێنانی ناوی دڵداری بێوەفایە. لێرەدا ''ئیگۆ'' دەستبەكار دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی كە دەزانێ دنیای دەرەوە لەگەڵ ئەم ویستەدا ناگونجێ بۆ نەرمكردنەوەی ئید و هەڵسەنگاندنێكی ژیرانە بۆ خۆی، پاساو بۆ ئەو غەریزە و ویستە توندئاژۆیە دەهێنێتەوە. لێرەدایە كە هەوڵ دەدا بەرگی دادپەروەری بكاتە بەر چەمكی تۆڵە. ئیگۆی شاعیر لەبەرانبەر ئەو ویستە توندئاژۆیەی تۆڵە ئەستاندنەوە بەربەرەكانێ دەكات، بەڵام سەرەتا مەیلی تەواوی نییە كە رێگریی لێ بكات و بیكوژێنێتەوە. بەڵكوو رەهەندەكەی دەگۆڕێ. بە هێنانە گۆڕی باسی نامەكانی دڵداری بێوەفا و دیارییەكانی كە چاوشۆڕ و دەست لەسەر سینگ لەبەر دەمی شاعیر وەستاون، باڵانسێك لە نێوان رەش و سپیبوون و چاك و خراپبووندا ساز دەكات. دیارییەكانی دڵدار وەكوو هێمایەك لە خودی دڵدار لێدەكات.

واتە ناڕاستەوخۆ دەڵێ كە دڵدارەكەم خۆیشی دەزانێ چ خیانەتێكی كردووە (بۆیە خۆیشی دەزانێ كە تۆڵە ئەستاندنەوە مافی خۆمە) و بەمشێوەیە دەیەوێ دادپەروەری بەڕێوە بچێ. پاشان هەموو شتێك لەو چوارچێوەیەدا پێناسە دەكات، وەك بڵێی لە دادگا و لەبەردەم خواژنی دادپەروەری ''یوستیتیا'' راوەستابێ، باسی گەواهی و بەڵگە دەكات. هەموو ئەمانە لە پێناو یەك شتدایە: كۆنترۆڵی ئید.

بەڵام ئید ئەوەندە بەهێزە كە هێشتا ركێف نەكراوە، كەواتە شاعیر دەستەودامێنی سوپەر ئیگۆ دەبێت. هەموو ئەمانە لە نەستی شاعیردا روودەدەن و رەنگە لە كاتی نووسیندا بۆ یەك چركەش بەشێوەی ئاگایانە بیری لەم بابەتانە نەكردبێتەوە. هەرچەند شاعیر لە لێدوانێكیدا كە لەم دواییانە لەگەڵ كەناڵێكی راگەیاندن دابووی، دەڵێت ئەگەرچی ئەم شیعرە هی 47 ساڵ لەوە پێشە و بە مێرمنداڵی نووسیویەتی، بەڵام دیسانیش رق و قین وای لێناكات سنوورەكان ببەزێنێت و بۆ سەلماندنی ئەم مەبەستەش ئاماژە بە كۆتایی شیعرەكە دەكات.

سوپەر ئیگۆ لە كۆتایی ئەم شیعرەدا ناوی خۆشەویستی دێنێ و ئاو بە ئاگردا دەكات كە دەشێت ئەویش جۆرێك پاساو هێنانەوە بێت. كاتێك كە شاعیر ناتوانێ لە نێوەڕاستی مشەرعێنی دادگادا باسی رێزی ئەخلاق و مرۆڤایەتی بكات (چونكا دەبێ بە دروشمدان) خێرا هەر بەو رێگایەدا كە هاتووە، دەگەڕێتەوە بۆ نێو خۆی. بۆ نێو شتێك كە هاوبەشترە لەگەڵ دڵدار. هەستێك كە دەزانێ ئەویش تێیدەگا. رەنگە بگوترێ ئەمە منەتێكە كە لەسەر دڵدار دەیكا، بەڵام ئەگەر وایش بێت دیسانەوە هێندە بەهێزە كە هەم ئید رازی بكات و هەم ئیگۆ لە پەلەقاژە رزگار بكات. لە بیرمان نەچێ كە بەپێی ناوەڕۆكی شیعرەكە شاعیر حەقی بەدەستە.

لێرەدا خۆشەویستی ئایدیاڵێكی كۆمەڵایەتییە كە هەموو نامومكینێك مومكین دەكات. وەكوو خودا و دین و ئایدیۆلۆژی كە دەتوانن قسەی كۆتا بكەن و كەس قسە لەسەر قسەیان نەكات. شاعیر دەیەوێ دڵنیا بێتەوە و بەردەنگەكەی دڵنیا بكاتەوە كە لە توانایدا هەیە تۆڵە بكاتەوە، بەڵام نایكاتەوە و پێداگری لەسەر ئەمە دەكات. چونكە دەزانێ بایەخی ئەم لێبوردنە لەگەڵ لێبوردنێك كە لە لاوازییەوە بێت، قەت بەراورد ناكرێت.

ئەم شیعرە لەم روانگەیەوە شیعرێكی تایبەت و تا رادەیەك كەم وێنەیە. رەنگە هەر ئەو كێشمەكێشە دەروونییە (بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی ناوینی كە لە گێژاوی سوننەت و مۆدێرنیتە و ویست و سەركوتی ویستدا تێگیراوین، نامۆ نییە) وای كردبێت ئەم شیعرە هەتا ئێستاش ئەوەندە گرینگ بێت. ئێمەیەك كە لە بچووكترین هەڵسوكەوتی رۆژانەماندا تووشی كێشمەكێشی دەروونین. هەتا بڕیار دەدەین كە فیلتەری جگەرەكەمان لەسەر شەقام فڕێدەین (ویستی ئید) یان بیخەینە نێو تەنەكەی زبڵەوە (چاوەڕوانیی سوپەرئیگۆ) لەگەڵ خۆماندا مشەرعێن دەكەین (هەڵسەنگاندنی ئیگۆ).

فرانسیس بیكەن فیلەسۆفی بەریتانی دەڵێ: ئەو كەسەی كە بیر لە تۆڵە ئەستاندنەوە دەكاتەوە، لە راستیدا برینێك هەڵدەداتەوە و تازەی دەكاتەوە كە ئەگەر لێیگەڕابا خۆی وردە وردە ساڕێژ دەبوو.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەڕای من شاعیر تەنیا بە نووسینی ئەم شیعرە تۆڵەی خۆی كردووەتەوە. برینەكەی خۆی هەڵداوەتەوە و ئیدی قەت ساڕێژ نابێتەوە. بۆیە هەتا ئێستاش ئێمە باسی ئەم شیعرە دەكەین. ئەگەر بیویستبایە تۆڵە نەكاتەوە، دەبوو ئەو شیعرە نەنووسێ. بەڵام چ تۆڵەیەكی جوان و دڵڕفێنە ئەم شیعرە. شیعرێك كە خۆشمدەوێ. شیعرێك كە 47 ساڵ لەمەوپێش لە گوندێكی ئەم كوردستانە نووسراوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە