رووداو دیجیتاڵ
پەیامەکانی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ مەرگی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بەردەوامن. دامەزراوە حکومی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەیامەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن، گیانلەدەستدانی ئەو رۆژنامەڤانە "خەسارەتێکی گەورەیە بۆ راگەیاندنی کوردستانی."
ئاراس لوقمان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، لە پەیامێکی هاوخەمیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاندووە: "هەڵکەوت عەزیز نموونەی رۆژنامەنووسێکی دڵسۆز، راستگۆ، بوێر و پیشەیی بوو کە دەبووە سەرچاوەی بڕواپێکراو بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست و گەیاندنی بە هاووڵاتیان."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەڵبژاردنی هەولێر تیشکی خستووەتە سەر کاریگەریی کارە میدیاییەکانی ئەو رۆژنامەڤانەی رووداو و دەڵێ: "هەڵکەوت عەزیز رۆژنامەنووسێک بوو کە کارەکانی کاریگەرییان هەبوو لەسەر سەرچاوە و بنکەی بڕیاردانی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە مەرگی هەڵکەوت "کۆستێکی گەورە بوو کە خەمبارییەکی زۆری لای سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسان بە هەموو بیروڕا جیاوازەکانەوە دروست کرد."
هاوکات رێکخراوی داڤین بۆ گەشەپێدان و هاوکاری مرۆیی لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کردووە: "کاک هەڵکەوت لە ماوەی کارکردنیدا نموونەی رۆژنامەنووسێکی پیشەیی و ماندوونەناس بوو، کە بە دڵسۆزییەوە خزمەتی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکرد. لەدەستدانی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە بۆ راگەیاندنی کوردی."
هاوکات، رێکخراوی قەیسەریی هەولێری مرۆیی لە پەیامێکی هاوخەمیدا کە لەلایەن سەعد جەلال ئیسماعیل، سەرۆکی رێکخراوەکەوە ئاراستە کراوە، دەڵێت: "هەواڵی کۆچی دوایی پەیامنێرێکی بەئەمەک و پیشەگەر هەموومانی هەژاند. کۆچی دوایی جەستەی مرۆڤ دەبات، بەڵام ناو و کاری چاک لە یاد و دڵی خەڵکدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.




