فەیسبووکی نوێ؛ رەنگە لە داهاتوودا لە ماڵی خۆتەوە سەردانی خزمەکانت بکەیت

29-10-2021
باوەڕ کەمال
A+ A-
 
گۆڕینی ناوی کۆمپانیای فەیسبووک لە رووکەش تەنیا گۆڕانکارییەکی سادەیە، بەڵام ئەگەر لە ناوە نوێیەکەی وردببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە رەنگە ئامانجێکی قووڵ، پلان و ستراتیژییەتێکی درێژخایەنی لە پشتەوە بێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە فەیسبووک لە کێشەیەکی قووڵی تەکنیکیدایە.
 
کۆمپانیاکە ناوەکەی بۆ "مێتا" گۆڕیوە و لە ڤیدیۆیەکدا مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری ناونانی بە مێتا ئەوەیە کە دەیەوێت فەیسبووک بچێتە ناو دونیای مێتاڤێرسەوە. ئەمەش دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە دوای دروستبوونی فەیسبووک کە بەسەر کۆمپانیاکەدا هاتبێت.
 
مێتاڤێرس کوێیە؟
 
مێتاڤێرس شوێنێکی ڤێرچواڵە (خەیاڵی) کە تۆ وەکو بەکارهێنەرێک دەتوانیت لە رێگەی ئامێرەکەی دەستت یان به نموونە لە رێگەی چاویلکەی VR بچیتە نێو ئەو دنیا خەیاڵییەوە. تۆ لەوێیت و هاوڕێ و کەسە ناسراوەکانیشت لەوێن، دەتوانیت قسەیان لەگەڵدا بکەیت، دەتوانیت خەڵکی نوێ بناسیت، کە قسە دەکەیت دەنگت دەگوازرێتەوە، کەسە نزیکەکانت دەبینیت (بەڵام بە شێوەی مۆدێلێکی 3D). ئەو شوێنە دروستکراوە پێشتر، دەکرێت کافێیەک بێت، دەکرێ کتێبخانەیەک بێت، یان هەر شوێنێکی دیکە.
 
لە ڤیدیۆکەدا مارک دەڵێت، سەرەتا ئەوان لە تێکستەوە چوونە وێنە و ڤیدیۆ لە ئینتەرنێت، ئێستا لە رەسم وێنە و ڤیدیۆوە دەیانەوێت بچنە مێتاڤێرس.
 
بۆ نموونە لە کاتی کۆرۆنا، دەکرا خەڵک لەبری ئەوەی لە رێگەی ڤیدیۆوە کۆببنەوە، دەکرا هەموویان بچنە دونیایەکی خەیاڵی و یەک ببین و قسە بکەن. ئەم تەکنەلۆژیایە بەکارهێنانی زۆر زیاتری دەبێت لەوەی تەنها دوو کەس یەک ببینن لە دونیای خەیاڵی، بەڵکو دەبێتە شوێنێک وردە وردە مرۆڤەکان حەزدەکەن هەموو چالاکییەکانیان بەرنە ئەوێ.
 
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کۆمپانیایەک بە تەنیا نابێتە خاوەنی مێتاڤێرس، وەکو چۆن ئینتەرنێت کەسێک بە تەنیا خاوەنی نییە، بەڵکو هەرکەسەو دەکرێت لە شار و وڵاتی خۆیەوە هاوشێوەی سێرڤەر پلاتفۆڕمی خۆی رێکبخات و دواتر بیبەستێتەوە بە مێتاڤێرسەوە، ئێستا وا دەردەکەێت کە مێتاڤێرس دەبێتە سپەیسێکی تایبەت لەناو ئینتەرنێت.
 
ئەمەش مانای ئەوەیە کە جیهان پێویستی بە شارەزا و پسپۆری زیاتر و جیاواز دەبێت لە کۆمەڵێک بواردا، کە ئەوەندەی تاوەکو ئێستا دەردەکەوێت ئەمانەن:
 
شارەزا لە بواری 3D، مۆدێلینگ و ئەنیمەیشن و ریگینکی کاراکتەر.
 
شارەزا لە بواری ئێنجنی تایبەت بە مێتاڤێرس کە هاوشێوەی گەیم ئێنجن دەبن، بەڵام جیاواز دەبن بە دڵنیاییەوە، چونکە جیاواز لە گەیم ئێنجن کار دەکەن. هەر ئێستا چەند دانەیەک پەیدا بوون
 
پڕۆگرامساز و دیڤیلۆپەرەکان دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ لێشاوێک لە سیستەم و لایبرەری و زمانی نوێ کە دەبێت فێرببن پلاتفۆرمی نوێ بۆ مێتاڤێرس دروستبکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە پڕۆگرامسازێکی زۆر زیاتر پێویست دەبن لە جیهاندا وەک لەوەی ئێستا هەیە.
 
پسپۆرانی ژیری دەستکردیش یەکێکی دیکەیە لەو شارەزاییانەی کە پێشبینیدەکرێت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە خواستی زیاتریان لەسەر دروستببێت، ئەو شارەزاییە ئێستا بووەتە کڕۆکی گەیمەکان، بەکارهێنانی زۆر زیاتری دەبێت لە مێتاڤێرس و، کەسانی شارەزا لەم بوارە زۆر پێویست دەبن.
 
مێتاڤێرس کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دەبێت، هەروەک چۆن فەیسبووک لایەنی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکانی گۆڕی، گۆڕانکارییەکە بە جۆرێک بوو کە مرۆڤەکان لە رێگەی فەیسبووک یەکیان دەناسی، هاوسەرگیرییان دەکرد، پیرۆزباییان لەیەکدی دەکرد، کاری نوێی خۆیان رادەگەیاند، چالاکییەکانی رۆژانەیان لەسەر دادەنا. بەشێک لەم گۆڕانکارییانە بە بڕوای شارەزایان دەرئەنجامی خراپیان لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان هەبووە.
 
مێتاڤێرسیش بەهەمان شێوە، کاریگەری و دەرئەنجامی خۆی دەبێت (باش یان خراپ) لەسەر ژیانی مرۆڤەکان. لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەت لە سەردەمی کۆرۆنا زۆربەمان ئەوەمان بینیوە کە لە جەژندا بەشێک لە خەڵک سەردانی یەکدی ناکەن و تەنیا لە فەیسبووک نامەیەک دەنێرن، بەڵام رەنگە لە داهاتوو کەسەکە لە ماڵی خۆیانەوە سەردانی خزمەکانی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی.

تەڵەى سەرژمێری بە پێى کورد دا دەتەقێت

کورد سەرقاڵکراوە بە هەندێ پرس و بابەتى لابەلا و ناپێویستەوە ئاگاى لەم هاوکێشانە نەماوە، بەڵام لە سەرژمێریدا و دواى پرۆسەکە دەردەکەوێت چى پرۆژەیەکى مەترسیدارى تەشەیوع و تەعریب بەسەر کورد دا سەپێندراوە.