سیاسەتی پارتی و یەكێتی لە شەترەنجەكەی سەدردا

29-01-2022
دلاوەر عەلائەدین
A+ A-
 
لە شەترەنجی دەسەڵاتخوازیدا، رەوتی سەدر گراند ماستەرەكەیە و یاری بۆ بردنەوە دەكات، بە هەر باج و نرخێك بێ. هێزە سوننەكان لە خولی یەكەمەوە دەرفەتیان قۆستەوە و بە براوە لێی دەرچوون. لایەنی كوردیش هەر لە دەستپێكدا باجێكی گەورەیان دا، بە لاوازی چوونە یارییەكەوە، نەخشە گەورەكەیان لەبیركرد و كەوتنە سیاسەتی یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی. ئەگەر لەوەدا بەردەوامبن، خولی دووەم كەمەرشكێن دەبێ. خۆشبەختانە، دەرفەت ماوە هەتا بە براوە، یان هیچ نەبێ بە كەمترین زیان، لێی دەرچن. بۆ ئەوەش، تێگەیشتن لە دینامیەتی جیهانی شیعە زۆر گرنگە. 
 
ماڵی شیعە و جیهانی شیعە
 
پێشڕەوێتیی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراق، بە میكانیزمێكی ئاڵۆز، لەنێو ماڵی شیعەدا یەكلا دەبێتەوە. براوەی هەڵبژاردن دەبێتە سەردار، بەڵام دوا بڕیار لەسەر پێكهاتەی حكومەت بە تەنیا لە دەست هێزی براوەدا نییە و بگرە لەنێو ماڵی شیعەی عێراقیشدا نییە، بەڵكو كۆمەڵێك دامەزراوەی نەبینراو لە جیهانی شیعەدا (لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق) خاوەنی دۆزەكە و خاوەنی دواقسەن. ئەوانە بریتین لە: 
 
(أ) مەرجەعیەتی نەجەف و دامەزراوە ئایینییەكانی دیكەی شیعەی وەك حەوزە و توێژی نوخبە و کۆمەڵانی خەڵک.
(ب) لایەنە سیاسییەکانی وەک رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاریەكان) و توێژی سیاسی و هێزەكانی دیكە. 
(ج) دامەزراوەكانی دەسەڵات لە دەوڵەتی ئێران و مورشیدی باڵا و حەوزەی قوم و حیزبوڵڵای لوبنان و هی دیكە.
 
دوای سەدان ساڵ لە هەژموونی حوكمی سوننە لە عێراق، یەكەمجارە (لە دوای رووخانی رژێمی سەددام) حوكمی شیعە بەسەر عێراقد دەسەپێندرێ. دامەزراوە و مەرجەعەكانی جیهانی شیعەش، كە خۆیان بە پارێزەری ستراتیژ و بەرژەوەندی باڵای شیعە دەزانن، بەنیاز نین لە ئایندەدا رێگە بە هێزێكی خۆماڵی بدەن كە چەنگی شیعە لە حوكمڕانی عێراقدا شل بكات. بەڵێ، هەر یەكێك لەو دامەزراوە و مەرجەعانە هەمەپێكهاتە و هەمەبۆچوونن و چەندین چەقی بڕیاردانیان تێدایە. پۆڵەسیان بۆ كاری رۆژانە و كورتخایەن جیاوازە و بگرە بەرژەوەندی تایبەتیشیان جیاوازە یان دژبەیەكە، بەڵام لە ئاستی ستراتیژ و هەڕەشەی چارەنووسسازدا كۆكن و بڕیارەكانیان تەواوكەری یەكترە. هەژموونی دەستەجەمیعیشیان، كە لە كاتی پێویستدا دەیخەنە گەڕ، لە ژمارەی كورسیەكانی هەر هێزێكی شیعەی عێراق مەزنترە. 
 
بەو مانایەش جیهانی شیعە رێگە بە رەوتی سەدر نادات كە هاوپەیمانێتیەكەی لەگەڵ پێكهاتە غەیرە شیعەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی باڵای ئێران و باقی شیعەكاندا سەر بگرێ. رێگە نادەن كاریگەریی هێزە ئیقلیمییە نەیارەكانیان، وەك توركیا و عەربە سوننە مەزهەبەكانی كەنداو، بخرێتە سەر هێزە سوننیەكان یان كوردییەكان بۆ ئەوەی عێراق لە چەنگی ئێران دەربێنن؛ یان عێراق، بەپێی ئەجێندایەكی دەرەكی نەیار، بخەنەوە باوەشی جیهانیی عەرەبی سوننە بە قووڵاییە نێودەوڵەتییەكەیەوە. 
 
جا ئەگەر دامەزراوەكانی جیهانی شیعە، بە تایبەتی ئێران و نەجەف، لە قۆناخی ئێستادا وەك چاودێر رەفتار بكەن و دواتر رێگە بدەن سەدرییەكان لەگەڵ پارتی و زۆربەی سوننەكان حكومەتێك پێكبهێنن، مانای ئەوە نییە كە هەر بە چاودێر دەمێننەوە. بەڵكو ئاماژەكان و هەڕەشەكان وا دەگەیێنن كە هاوتەریب، بە هاوكاریی ئیتارییەكانی عێراق، بە سیستماتیكی كار لەسەر شكستپێهێنانی ئەو جۆرە حكومەتە دەكەن. رێگە بە گۆڕانكاری و چاكسازی نادەن و كارێكی وا دەكەن كە لەمەودایەكی كەمدا حكومەت هەڵبوەشێتەوە و سەرلەنوێ حكومەتێكی نوێ یان هەڵبژاردنێكی نوێ بێتە كایەوە. 
 
بیركردنەوەی سەدرییەكان 
 
سەدرییەكان ئەو راستیانەی سەرەوە باش دەزانن. دەشزانن كە بەلای جیهانی شیعەوە، یەكگرتنەوەی ماڵی سوننە مانای هەڵسانەوە و باڵادەستیی جیهانی سوننەیە لە عێراق و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی چارەنووسسازە لەسەر حوكمی شیعە. هاوكات زاڵبوونی دەسەڵاتی كوردی لە حكومەتی بەغدادا بە مەترسی دەزانن. بێجگە لە رەوتە تەسكبینە نەژادپەرستییەكەی هەندێ كەس و لایەن بەرامبەر بە پێكهاتەی كوردی، عێراقییەكان هێشتا بە گومانن لە مەودای جیدیەتی لایەنی كوردی، بەتایبەتی هیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەهێزكردنەوەی عێراق و دەستهەڵگرتن لە مافی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق.  
 
سەدرییەكان نایشارنەوە كە متمانەیان بە نیەتی كوردی نییە و لەخۆشیان رانابینن بكەونە ژێرباڵی هاوپەیمانێتیەك كە دواتر مافی كوردیان بەسەردا بسەپێندرێت. لەترسی دەنگدەران و هێزە پۆپۆڵیستیەكان ناوێرن ماددەی 140 جێبەجێ بكەن، هەژموونی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەهێڵن، یان بەشە بودجەی هەرێم بە ئاسانی بەدەستەوە بدەن. واتە چارەنووسی سیاسییان ناكەنە قوربانیی هاوپەیمانێتییەكی كاتی. بۆیەش، رەوتی سەدر بە جەختەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ راكێشانی بەشێك لە سەركردەكانی نێو ئیتارییەكان هەتا شەرعیەتی شیعی و زۆرینەی شیعی مسۆگەر بكات. ئەگینا، پێناچێ بەنیاز بێ كە بەبێ ئەوان حكومەت پێكبهێنێ. 
 
پاكێجی سازش
 
لە گفتوگۆیەكانی نێوان ئیتاری و سەدرییەكان تەنیا سێ بژارە رەچاوكراوە، بەڵام چوارەمیش لە ئەگەردایە. 
 
1- پاكێجی ئیتارییەكان كە سەرجەم هێزەكانیان، بە نووری مالیكیەوە، بچنە ناو حكومەت. شەش وەزارەت وەربگرن و مالیكی ببێتە جێگری سەرۆككۆمار و و مافی ڤیتۆشیان لەسەر بەربژێری سەرۆكوەزیران هەبێ. تاوەکو ئێستا ئەو بژارەیە لەلایەن سەدرەوە رەتدەكرێتەوە.
 
2- پاكێجی سەدر: مالیكی جیابكرێتەوە و ئیتارییەكانی دیكە بچنە ناو حكومەتەوە، چوار وەزارەت وەربگرن و مافی ڤیتۆشیان لەسەر سەرۆكی حكومەت نەبێ. ئەوە جارێ لەلایەن ئیتارییەكانەوە رەتكراوەتەوە و جەخت دەکەنەوە کە بە بێ مالیکی نایەنە ناو حکومەتەوە. 
 
3- پاكێجی سازش: مالیكی بكرێتە جێگری سەرۆككۆمار، بەڵام لەناو حكومەت پشكی نەبێ. هێزەكانی دیكەی ئیتارییەكان بێنە ناو حكومەت و چوار تاوەکو شەش وەزارەت وەربگرن، بەڵام هیچیان مافی ڤیتۆی لەسەر سەرۆكوەزیران نەبێت. رەنگە لە دواقۆناخدا هەر ئەو بژارەیەیان سەركەوێ. 
 
لەو نێوەدا بژارەی چوارەم لە ئارادایە، كە بریتییە لە پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەدر و پارتی و سوننەكانەوە. ئەوەش زۆر گرنگە، چونكە تەنیا لەو حاڵەتەدا پارتی دەتوانێ بەتەنیا بچێتە ناو حكومەتی بەغداوە و چانسی شەراكەت بۆ یەكێتی لاواز بكات و لە پشكەكانی پێشووی (وەك سەرۆككۆمار و وەزارەتەكان) بێبەشی بكات. ئەگەر بژارەی چوارەم نەهاتەدی و پاكێجی سازش سەریگرت، ئەوا ئیتارییەكان مەرجیان دەبێ بۆ بەشداریكردن، كە مەرج نییە لەگەڵ رێكکەوتنی نێوان سەدر و پارتی هاوئاهەنگ بێ. خۆ سەدری و ئیتاری و سوننەكان پێیان گرنگە یەكێتی لە حكومەتەكەدا بێ، بۆیە لە مەسەلەی دانانی سەرۆككۆمار و وەزیرەكاندا بۆچوونیان جیاواز دەبێ.
 
هاوپەیمانێتیی پارتی و رەوتی سەدر
 
دیارە پێشتر رەوتی سەدر بۆ پارتی لێگەڕابوو كە یەكێتی رازی بكات و بیهێنێتە ژێر باڵی رێكکەوتننامەكانەوە. لە سەردانی شاندە كوردییە هاوبەشەكەدا بۆ بەغدا، سەدرییەكان چاویان لەوە بوو كە یەكێتی هەمان رێكکەوتنیان لەگەڵدا واژوو بكات. ئێستاش سەدرییەكان و بگرە سوننەكانیش تا رادەیەك نیگەرانن كە یەكتێی و پارتی لێكترازاون و كارەكانیان لێ قورس بووە، بەڵام بۆ خاتری بەرژەوەندیی پێشتریان، سەدرییەكان لە رێکكەوتنەكەیان بەردەوامبوون. سەدرییەكان لە هاوپەیمانێتیی پارتی و سوننەدا تەنیا یەك مەبەستیان لا گرنگ بوو، ئەویش كە كوتلەی گەورە بۆ خۆیان زامین بكەن هەتا بەبێ ركابەر حكومەت پێكبهێنن. بۆیە شایانی سەرنجە كە سەدرییەكان پێویستیان بە پارتی و لیستی عەزم نەبوو، تەنیا پێویستیان بە لیستی حەلبووسی و (تەقەدووم) بوو بۆ ئەوەی ژمارەكانیان دەستبكەوێت. 
 
بەو پێیە، ئەگەر لە خولی دووەمی شەترەنجەكەدا بەشێك لە ئیتارییەكان لەگەڵ یەكێتی بچنە ناو حكومەتەوە و سوننەكانیشیان لەگەڵدا بمێننەوە، رەوتی سەدر بەقەدەر جاران پێویستی بە هاوپەیمانێتیی پارتی نامێنێ. بۆ نموونە، لەكاتی دەنگدان بە سەرۆككۆمار، ئەگەر دەنگیان بە كاندیدی پارتی نەدا و لە دەرەنجامدا پارتی لە هاوپەیمانێتییەكەدا كشایەوە، سەدرییەكان زەرەرمەند نابن، چونكە بۆشایی پارتی بە ئاسانی پڕ دەكەنەوە. 
 
نەخشە گەورەكە و تونێلە باریكەكە
 
بێجگە لە سوننەكان، هیچ كام لە پێكهاتەكانی شیعە و كورد لە ئاستی نەخشە سیاسییە گەورەكەدا گەمەكەیان دەستپێنەكرد. بەڵام ململانێیەكانی نێو ماڵی شیعی ناگەنە ئەوەی چارەنووسی حوكمڕانیی شیعی لە عێراقدا بنكۆڵ بكەن. بەپێچەوانەوە، رەنگە لە دەرەنجامدا جۆرە رەوتێكی چاكسازی یان حوكمڕانی تۆكمەتر بێتە كایەوە و بەهۆیەوە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێز بكرێنەوە و ناوبانگی حوكمی شیعە بەرز بكەنەوە، بەڵام ململانێكانی نێو ماڵی كوردی مەترسیدارن، چونكە كوردستان بە گشتی دووچاری بارێكی جیۆسیاسی و ئەمنی چارەنووسساز دەبێتەوە كە بۆ هەرێمێكی لاواز مەترسیدار دەبێ. 
 
پێش و پاش هەڵبژاردنەكانی ئەو دواییە، گوتاری یەكێتی و پارتی و حیزبەكانی دیكە دڵخۆشكەر بوو. براوەكان دڵنەواییان دەدا كە بە خاكییانە مامەڵە لەگەڵ دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن دەكەن و یەكڕیزی دەپارێزن و بە دەستەجەمعی لە بەغدادا داكۆكی لە مافی هەرێمی کوردستان دەكەن. پارتیش وەك براوەی یەكەم، پێگەی لەوانی دیكە بەهێزتر بوو بۆ ئەوەی سەركردایەتی لۆبی كوردی بكات. كەچی ئەوەی رووی دا، بە پێچەوانە بووە هەتا ئێستا. لەوە دەچێ كە دوو حیزبە براوە سەرەكییەكە، پارتی و یەكێتی، چاویان لەسەر نەخشە گەورە گشتگیرەكە و بەرژەوەندییە باڵاكان لاچووە و لەجیاتیان چوونەتە ناو تونێلێكی تەسكەوە و  ئاراستەی تیرەكانیان و  تەوژمی كێبڕكێكی دەسەڵاتیان روو لەناو ماڵە. لەجیاتی ئەوەی بەغدا شانۆی خەبات بێ بۆ دەستكەوتی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، كەچی هاوپەیمانێتییە كلاسیكییەكەیان و رێكەوتننامە كۆنەكانیان بەیەكجاری هەڵوەشاندەوە و وا لەسەر لاوازییەكانی یەكدی كار دەكەن. 
 
ئەو دوو حیزبە لەگەڵ یەكدی راهاتوون كە هەمیشە بەو جۆرە دینامیەتەی (هاوكاری - ناكۆكی) مامەڵەیان لەگەڵ یەكتردا كردووە. ترسێك هەیە كە ئەگەر پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئەو دوو حیزبە رێك نەكەون، رەنگە دواتر لە هەرێمی کوردستاندا زیاتریش لێك بترازێن و ئەزموونی دوو ئیدارەیی هەتا ئاستی ریشەیی دووبارە بكەنەوە، بەڵام مەرج نییە ئەو دەرەنجامە بێتە دی. پارتی و یەكێتی سەلماندوویانە كە دەتوانن بەرەكانی ململانێیان جیابكەنەوە و لە هەندێكیاندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەماهەنگ بن و هاوكاریی یەكتر بكەن و لە بەرەی دیكەشدا هەتا ئاستی یەكتر سڕینەوە ململانێی دەسەڵات بكەن. 
 
بەڵام هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەتێكی مەزنی هێناوەتە كایەوە بۆ سەپاندنی مافەكانی هەرێمی کوردستان لەسەر بەغدا، گواستنەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ قۆناخێكی نوێ، بۆ ریشەكێشكردنی قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی هەرێمی کوردستان كە زۆربەیان لە بەغداوە سەرچاوە دەگرن و هەر لەوێش چارەسەر دەكرێن. لەوەش گرنگتر، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەلایەوە گرنگە كە هەرێمی کوردستان بەهۆی یەكڕیزییەوە سەقامگیر بێ و لەهەناودا بەهێز بێ و لە بەغدا شەریكێكی كاریگەریان بێ.
 
بەوپێیە، هێشتا درەنگ نییە پارتی و یەكێتی ئەو رەوت و ململانێ كەمەرشكێنە هێور بكەنەوە. هەرچی زووە گفتوگۆیەكی جیددی، بە نیەتی سازش و رێكکەوتن و سەرخستنی دۆزی هاوبەش، دەستپێبكەن و سەرلەنوێ لەسەر پارسەنگێكی نوێ رێك بكەونەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە