کاتێک دوێنێ شەو دیسان ئاسمانی ناوچەی کۆرمۆر بە ئاگری درۆن و مووشەک سوور هەڵگەڕا و لە بەشێکی کوردستاندا تاریک داهات، رەشی دووکەڵەکە ناسنامەی حیزبیی نەخوێندەوە و نەیپرسی کام شار سەوزە و کامەیان زەرد. نەیارانی کورد کاتێک گورزی خۆیان دەوەشێنن، ناڵێن لە فڵان شارمان داوە، باسی پارتی و یەکێتی ناکەن؛ دەڵێن: "لە کوردستانمان دا". کەچی رێک لەژێر دووکەڵی ئەو درۆنانە، دەبینین جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەونە وێزەی یەکدی و دەنگە نەگریسەکانی دووئیدارەیی و دابەشبوون زیندوو دەکرێنەوە.
مێژوو پێمان دەڵێت کە لە هەموو قۆناخە جیاوازەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا، ئەوە خۆمان بووین پرۆسەی مافی چارەی خۆنووسینمان پەکخستووە یان دواخستوە، نەک ئەوانی دی. ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان ململانێکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی خۆکوژیی سیاسی؛ بە مەرگی خۆمان رازین، بەو مەرجەی کەوتنی رکابەرەکانمان لە هەمان چاڵدا مسۆگەر بێت!
لە بێ ئاوەزیی وارگێڕیی، بەبێ بوونی دەستوور داوای جێبەجێکردنی دەکەین، بێ پەرلەمان باسی یاسادانان دەکەین، بێ حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز، لاف و گەزافی فەرمانڕەوایی لێ دەدەین. پێدەچێت وارگێرانی ئێمە ئەمڕۆیان دانابێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی میللەت و سبەینێش بۆ بەلاڕێدا بردنی هاوپەیمانەکانمان، نوێترین نمونەی زیندووش یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لەنێوان دوو کەوانەدا.
ئەورووپییەکان پاش ئەوەی لە دوو جەنگی جیهانیی خوێناویدا یەکترییان قڕ کرد، بە پشتبەستن بە ئاوەزی وارگێڕی زوو بەستەڵەکی بێئاوەزییان شکاند؛ لە نێوەڕاستی دەیەی پەنجاکاندا بەردی بناخەی بەرژەوەندیی گشتیان داڕشت تاوەکو لە سەرەتای نەوەدەکاندا کردیانە (یەکێتیی ئەورووپا) و سنوور و توندڕۆیی نەتەوەییان لەپێناو سەروەری یاساو هێشتنەوەی ئاشتیدا سڕییەوە. کەچی دوای زیاتر لە سێ دەیە بەسەر حکومڕانیی کوردی و نزیکەی 25 مانگ بەسەر دوایین هەڵبژاردندا، هێشتا دامەزراوەیەکی حکومڕانیی تۆکمە بەم گەلە رەوا نەبینراوە و کاتێکیش هاوپەیمانان پێمان دەڵێن یەک بن، وارگێڕانی ئێمە دەڵێن: "پەلەمان لێ مەکەن، بابەتی یەکگرتنەوە ئاڵۆزە!".هەر بێ ئاوەزیە راپێچمان دەکات کە دیدار و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی قەبە رێکبخەین و نوێنەری وڵاتان بانگهێشت بکەین تاوەکو پێیان بڵێین: "ئێمە ناتوانین حکومەت پێکبهێنین، هێزی پێشمەرگەمان پێ یەک ناخرێت" بەمەش خەونی گەورەی نەتەوەکەمان بچووک کردووەتەوە بۆ ململانێ لەسەر پۆستێک و وەزارەتێک کەمتر یان زیاتر، داوا لەوان دەکەین، تکایە ئامۆژگاریمان بکەن!".
روونە کە لەم گیروگازەدا، کێشەکە گەل نییە؛ بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش، لە سەرەتای ئەمساڵدا، کاتێک لەپێناو رۆژئاوای کوردستاندا شەقامەکانی سلێمانی و کوردستانمان کردە سەرمەشقی گەیاندنی دەنگی نەتەوەیی بە جیهان، لە تاقیگەی ئەو شەقامانەوە (دی ئێن ئەی کوردبوون)مان شیکار کرد، ملیۆنان کورد لەهەموو جیهاندا بێ گوێدانە لایەنداری حیزبی و ناوچەیی، هەمووان بە یەک قوڕگ هاواریان کرد: "یەکە، یەکە، یەکە، گەلی کورد یەکە"، داهێنانیان لە ماتماتیکا کرد و بیردۆزی نوێیان تۆمارکرد بەوەی "دوو کۆ دوو، دەکاتە یەک، ناکاتە چوار". ئەو زیندووێتییە سەلماندی کە نەتەوەی کورد یەک رۆح و یەک جەستەیە، بەڵام ئەوە پارتە سیاسییەکانن کە هێشتا بە فەلسەفەی نەگریسی سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لەسەر هێڵی جوگرافیا دەستکردەکەی (دێگەڵە) سیاسەت دەکەن؛ دەیانەوێت دۆزە نەتەوەییەکە لە چوارچێوەی میرنشینێک، شارێک، ناوچەیەک کورت بکەنەوە و لەقاڵبی بدەن.
سەرکردەکانی کورد لە دەرەوەی ماڵی خۆیان بێوێنە وارگێڕی دەکەن، ئەوەتا لە کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران، مێژووی خوێناویی نێوان تورکیا و گەریلا یەکلادەکەنەوە؛ بەشانازیەوە دەڵێن، کە ئەگەر ئەوان نەبوونایە عێراقی نوێ دروست نەدەبوو و شیعە و سوننە نەیاندەتوانی پێکەوە بسازێن. ئەی داخۆ، نهێنی و پەرجووی ئەم هێلکە شەیتانۆکەیەی سەر مێزی گفتوگۆکانی خۆتان چییە، وا ناتوانن لەگەڵ براکانتان کە تەنیا شارێکتان بەینە بسازێن و پێکەوە وارگێڕی بکەن؟
با کەمێک راشکاوتربین، یەکێک لە هەڵەکانی میدیای کوردی و ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵانی رابردوودا ئەوە بووە کە هەمیشە تاوانباریان بە نادیار هێشتووەتەوە. رەخنەکان ناگەنە جێ، مادام ناڵێین "فڵان کەس و فڵان لایەن، فڵان هەڵەی کرد"، بەڵکو دەستەواژەی گشتگیری "دەسەڵات، یان یەکێتی و پارتی"بۆ کێشەکان بەکاردەهێنین. کاتێک هەرکام لە حزبەکان هەڵەیەکی ستراتیژی و قۆرخکاری دەکەن، دەبێت بە دەنگی بەرز بگوترێت پارتی یان یەکێتی. لە ژوورە تاریکەکانی حکومەتی بنکەفراوان و هاوبەشیی ساختەدا، راستییەکان ون دەبن؛ بەنموونە تاوەکو ئەم چرکەساتەش بۆمان یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا خراپی ژێرخانی ستراتیژی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، سۆران و هتد، خەتای سزادانی سیاسی و جیاکاریی پارتییە بۆ بووژاندنەوەی زۆنی خۆی، یان دەرەنجامی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و رێگرییەکانی یەکێتییە؟ رەنگە بڕیارە تووندەکانی کشانەوەی ئەم دواییەی یەکێتی لە حکومەت، کاردانەوەی زنجیرەیەک پشتگوێخستن و تاکڕەویی پارتی بێت، بەڵام ئاشکرایە سەرەنجام هەر دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پێکدێنەوە، کەواتە بانگەشەکردن بۆ (دووئیدارەیی) و لەتکردنی هەرێم، بۆ؟
وەڵامی ئەم بۆیە، بەشێکی زۆری پەیوەستە بەو دەنگە ناساز و هەلپەرستانەی کە بە ناوی چاودێر و راوێژکارەوە ئاگری دووبەرەکی خۆش دەکەن؛ ئەوانەی هەرێمێکی یەکگرتوو بە مەترسی و دووئیدارەیی و دابەشبوون بەچارەسەر و نیعمەت دەزانن، وەک ئەو پیشەگەرە وان؛ کە تاوەکو پێکدادانی سەختتر و زیاتر لە نێوان ئۆتۆمبێلەکاندا رووبدات، بازاڕی ئەوان گەرمتر و گیرفانیان پڕتر دەبێت.
ئاساییە لە ئۆرگانێکی حزبیی یەکێتییەوە رەخنەی تووند لە پارتی بگیرێت و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام کەی رەوایە سەرۆکی ناوەندێکی توێژینەوەی ستراتیژی، لەسەر شاشەکانەوە ببێتە راوێژکاری شەیتان و بووقی دووئیدارەیی و لێکترازان لێ بدات؟ بابپرسین، ئایا هەرگیز دامەزراوەیەکی وەک (چاتم هاوس) لە لەندەن یان (کارنێگی) لە واشنتن، راوێژی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ و لەتکردنی نیشتمانیان داوە بە سیاسییەکانیان؟
بەڵام هێشتا درەنگ نیە بۆ ئاشتی. ئەمجارەیان لەئەگەری هەڵەی وارگێڕی و تووندکردنەوەی گرژیەکاندا، نە مێژوو رەحمتان پێ دەکات و نە گەلیش بەرگەی ئەم وازیە مەترسیدارانەی دوبەرەکی دەگرێت. دەرچەی رزگاری، گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەستوور و یاسایەی کە نەتاننووسیوەتەوە (کەواتە بینووسن)؛ چونکە تەنیا لە سایەی سەروەریی یاسادایە کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت چارەنووسی میللەتێک بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پەلکێش بکات. دەمانەوێت دوو کۆ دوو یەک بکات، نەک بکاتە هیچ.


