پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پاشەکشێی بازاڕ دۆخی ئابووریی کوردستان ناسەقامگیرتر دەکەن

28-04-2023
یاسین مەحموود رەشید
A+ A-
 
ئاشكرایە كە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان گەشەیەكی بەرچاویان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان داوە و هۆکاربوون بۆ بووژانەوە و سەرپێکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانی، بەتایبەت پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان كە بەشێكی سەرەكیی پڕۆژەی وەبەرهێنانن و لە ماوەکانی رابردووشدا خواستێكی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام سەروەخت لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکان بەراورد بەو رابردووە پڕ جووڵەیەی کە هەبوو، بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون پاشەكشەیەكی زۆری كردووە و بە رێژەیەكی گەورە خواستی هاووڵاتیان بۆ ئەم سێكتەرەی وەبەرهێنان كەمیكردووە، ئەویش بەهۆی كاریگەریی نەرێنی دۆخە جیاوازەکان، کە لە خوارەوە روونیان دەكەینەوە كە هەندێكیان هۆكاری سیاسی یاخود ئابوورین، بەڵام هەندێكیان راستەخۆ پەیوەندییان بە خودی پڕۆژەكان و وەبەرهێنەرانەوە هەیە ئەوانیش:
 
رێكخستنی زەمینەیەكی لەبار و ئاسان لەلایەن حكومەتی ناوەندی بۆ وەبەرهێنەر و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق و پشتگیریكردنیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پێدانی قەرزی ئاسانكاری، کە فاكتەرێكی كاریگەر بووە وەبەرهێنەران بەهۆیەوە روو لە پارێزگاكانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بكەن بۆ بونیادنانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، لە ئەنجامی ئەو ئاسانكارییانەی بۆیان دەكرێت وەبەرهێنەران دەتوانن پڕۆژەكانیان بە كوالێتییەكی باش و قیستی درێژخان جێبەجێ بكەن ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە بەرامبەریشدا كەمبوونەوەی خواست لەسەر یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
 
2. نەناردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەند كە ئەمەش بووتە هۆی كورتهێنانی بودجەی هەرێمی کوردستان و كەمبوونەوەی نەختینە لە بانكەكاندا كە بارگرژییەكی ئابووریی هێناوەتە كایە و كاریگەریی خراپی دروستكردووە لەسەر رەوشی وەبەرهێنان بە گشتی و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە تایبەتی، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی كەمیی بودجەوە نەیتوانیوە پێشینە و شایستە داراییەكانی وەبەرهێنەران خەرج بكات و مافەكانی فەرمانبەرانی حكومەت وەك پێویست بدات، كە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بێكاری و سستیی بازاڕ و كەمكردنەوەی خواستی بازاڕ بە گشتی و پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانی وەبەرهێنان بە تایبەتی.
 
3. یەكێك لە بنەماكانی گەشە و پێشكەوتنی ئابووری بە گشتی و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە تایبەتی، بە دیاریكراوی سێكتەری نیشتەجێبوون بریتییە لە سەقامگیری و ئاسایشی سیاسی، بەڵام نائارامی و ململانێی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەلایەك و كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەند لەلایەكی دیکەوە سەرباری كێشە و گرفتە ئابوورییەكان هۆكارێكی زۆر كاریگەربوون بۆ نەهێشتنی متمانەی وەبەرهێنەران و پاشەكشەی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون و كەمبوونەوەی خواست لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
 
4. وەستان و راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە هۆكارێكی دیكەی دابەزینی ئاستی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوونە.
 
5. زۆریی مۆڵەتپێدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بێ بەرنامەیی لە هەڵنەسەنگاندنی ئەو وەبەرهێنەرە نوێیانەی داوای مۆڵەت دەكەن، ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە كوالێتیی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانەوە هەیە لەبەرئەوەی كاتێك وەبەرهێنەرێكی بێ ئەزموون مۆڵەتێك بەدەست دەهێنێت، بێگومان كوالێتیی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكەشی نزم دەبێت و لە ئاست داخوازی و ویستی هاووڵاتیاندا نابێت، بەمەش پاشەكشە لە بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون دێنێتە كایەوە.
 
6. زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكان تێچوویان زۆرە، ماوەی گێڕانەوەی قیستەكانیان زۆر كورتن و لە (3 بۆ 5)ساڵ زیاتر نین، ژمارەیەكی كەم لە هاووڵاتیان لە توانایاندا بەشداری لەم پڕۆژانەدا بكەن بە واتایەكی دیکە خواست لەسەر ئەم پڕۆژانە كەمە بەگشتی دەبێتە هۆی داكشانی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون، بۆ چارەسەركردنی ئەم لایەنەش پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت پشتگیرییان بكرێت تاوەكو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن بفرۆشن بە جۆرێك كە نرخی یەكەكان لە ماوەی (10 بۆ 15) ساڵ لە بەشداربووان وەربگرنەوە، بەم هۆیەشەوە زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەتوانن بەشداربن كە ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی خواست و دواجار بووژانەوە و هەڵكشانی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون.
 
7. گرانیی بەدەستهێنانی رەزامەندیی مانەوە (إقامە) لەلایەن هاووڵاتیانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق و تەنانەت خەڵكانی بیانی كە کاریگەرییەكی گەورەیان هەیە لەسەر بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون لەبەرئەوەی زۆرینەیان خوازیاری كڕینی یەكەن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی رەزامەندی مانەوە ناتوانن یەكە بكڕن.
 
8. ناسەقامگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و زۆربەی دراوەكانی دیكە بە گشتی هۆكارێكی دیكەی سستبوونی بازاڕن لە هەرێمی كوردستان، سەرەڕای دیاریكردنی نرخەكەی، بەڵام تاوەكو ئێستا نرخی دینار بەهاكەی لە بازاڕدا كەمترە لەو نرخەی لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقییەوە دیاریكراوە كە سەرئەنجام ئەمەش پشێویی بازاڕ و دابەزینی خواستی هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە و کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕی یەكەنیشتەجێبوونەكان دروستكردووە.
 
9. روودانی بوومەلەرزە كارەساتبارەكەی وڵاتی توركیا كە بووە هۆی داڕمانی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون ترس و دوودڵی دروستكرد لای هاووڵاتیانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بە جۆرێك كە خواستیان بۆ كڕینی شوقە كەمبووەتەوە.
 
10. هەبوونی ئارەزووی زیاتر بۆ نیشتەجێبوون لە ڤێلا و خانوو لە جیاتی (شوقە) لەلایەن هاووڵاتیانەوە كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر كەمیی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون بە گشتی لەبەرئەوەی زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانی وەبەرهێنان لە ئێستادا بە شێوازی ستوونی (شوقە) جێبەجێ دەكرێن.
 
لەکۆتاییدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە چارەسەرێکی بەپەلە بکاتەوە، ئەو پاشەکشێیەی کە
لە ماوەی رابردوودا تەنیا خۆی لە 20% بۆ 25% دەبینێتەوە، دوور نییە نەبێتە هەرسهێنانێکی گەورە بۆ ئەم سێکتەرە کە لە ئێستادا بەهای نزیکەی 10 ملیار دۆلاری تێدا بەگەڕخراوە.
 
روون و ئاشکرا دیارە کە بەهۆی پاشەکشێی ئەم کەرتە داهاتی ناوخۆیی و نانەوتی هەرێمی کوردستانیش رووی لە دابەزین کردووە و رۆژ لە دوای رۆژ روو لە کەمی دەکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەدان و بگرە هەزاران هەلی کار لەدەستدراون و دەستی کاری ناوخۆ بێکار و جووڵە ماونەتەوە و بوونەتە بارگرانییەکی دیکەی سەر بازاڕی کاری ئەم هەرێمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەوزاد هێتوتی

ململانێی ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی گەورەی ھەرێمی

لەم قۆناخەدا لەوانەیە بەرپرسانی ئێرانی ھەوڵبدەن باردۆخەکە ھێور بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر پێگەی ترەمپ لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکان بەھێز نەبێت. بەتایبەت ھەر جۆرە ھێرشیک بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر وەڵامدانەوەی و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە، شانسی ترەمپ زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بێتەوە سەر دەسەڵات. بۆیە، پێدەچێت ئێران ئەگەر ھەر کاردانەوەیەکیشی ھەبێت بیخاتە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ​