دەستپێشخەریی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆبوونەوەی ھەرچوار سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی وەڵامدانەوەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، دەستپێشخەرییەکی کوردستانییانە بوو.
یەکخستنی ھەڵوێستی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان و تەرجەمەکردنی بۆ ھەڵوێستی فەرمی ھەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە کە یەکڕیزی و یەکدەنگی کردووەتە پێشەنگی ئەرک و کارەکانی.
کۆبوونەوەکە و بڕیارەکانی پشتئەستوورن بە کۆمەڵێک ھەڵوێستی سەرەکی و بەجێی و لەپێشینەی سەرۆک بارزانی و پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کە بە تێکڕا بڕیارە سیاسییەکەی دادگەی فیدڕاڵی عێراقیان رەتکردەوە و بە گوشاریان زانی بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان.
بەشداریکردنی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمدا، رایەکی فەرمی و شەرعی و یاسایی و دامەزراوەیی بۆ ھەرێمی کوردستان دروستکرد، کە سەرجەم دامەزراوەکان لە چوارچێوەی ھەستکردن بە مەترسیی لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق و سووربوون لەسەر یەکڕیزیی ھەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە دەقی دەستووری ھەمیشەیی عێراق وەڵامێکی شایستی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراقیان دایەوە.
ھەر دامەزراوەیەکیش بەپێی ئەرکە پیشەییەکانیان، ئارگۆمێنت و بەڵگەی پێویستی نادەستووریبوونی بڕیارە سیاسییەکەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراقیان خستووەتەڕوو، کە تێکڕا و لە رێگەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێتە پەیامێکی فەرمی بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەم ھەنگاوە رێگە راستەکەیە بۆ بینینی وێنە گەورەکە و ئەو ویستەیە کە سەرجەم کوردستانییان لە دەسەڵاتی سیاسی و فەرمی ھەرێمی کوردستانی دەخوازن، بەبێ جیاوازیی بیروڕای سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرھەمی ئەم کۆبوونەوەیە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتییانی کوردستان و چەسپاندنی دەستوور و فیدراڵییەتی عێراقدایە کە چەسپاوە لە دەستووردا.
ئەم ھەڵوێستە گشتگیرەی ھەرچوار سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان، ھێزێکی زیاتر و سەنگێکی گەورەتر دەداتە ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە عێراق و لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
دڵنەوایی و ئارامییەکی زیاتریش دەبەخشێتە کۆمەڵگەی کوردستان کە بە بڕوایەکی پتەوەوە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانیانەوە.
زمانی گفتوگۆ باشترین رێگەی گەیشتنە بە ئامانجی ھاوبەش، ھەرێمی کوردستانیش ھەمیشە بەو بڕوایەوە مامەڵەی کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، ئەزموونی رەتکردنەوەی یەکتریش لە پێشدا تاقیکراوەتەوە و لە زیان زیاتر ھیچ سوودێکی نەبوو بۆ ھەردوولا.
ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکرێت وەک نەریتێکی سیاسی لێی بڕوانین و ھەرکاتێک ھەرێمی کوردستان تووشی کێشە و گرفت بووەوە، ئەم نەریتە بە پەسند بزانرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
رۆڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەریش جێگەی بایەخ و ستایشن، چونکە ئەرکی گەورەیان بینیوە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا و ھەمیشە مامەڵەیەکی شایستەیان کردووە لەگەڵ پێشهاتەکاندا.



