گرەوی تورکمان و دەنگدەرانی حەویجە

27-12-2023
فازڵ نه‌جیب
A+ A-
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە داواکردنی ھەڵوەشاندنەوەی کۆتای کەمینە نەتەوەییەکان بەبێ بوونی جێگرەوەیەکی باشتر بۆیان، ئەگەر قازانجی ئەوە بکات چەند کورسییەک لە نزیکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەم بکاتەوە و چەند کورسییەکی نزیکەکانی خۆی زیاد بکات لە پەرلەمانێک کە ھیچ رۆڵێکی ستراتیجی نەماوە و نابێت، ئەوا یەکێتی بۆ ئەم دەستکەوتە لاوەکییە زیانێکی ستراتیجی درێژخایەن لە خۆی و گەلی کوردستان بەگشتی و سلێمانی دەدات بەتایبەت.
 
کۆنترۆڵکردنی ناوخۆی یەکێتی و رێژەی دەنگەکانیان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانییە وەک حیزب و سەرۆکی ئەو حیزبە، بەڵام پێدانی رۆڵی ستراتیجی و راستەقینە بە تورکمان و پێکھاتەکانی دیکە، سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی خوالێخۆشبوو مام جەلالە کە ئەوەش سەرکەوتنێکی کوردستانی و ناوچەیی دەبێت بۆ خۆی و حیزبەکەی.
 
نەتەوەی تورکمان وەک ژمارە، نەتەوەی دووەمن لە هەرێمی کوردستان و سێیەمن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان. لە چوارچێوەی ئەو جیاوازییەی ئەم وڵاتەی پێ بەڕێوەدەبرێت، مافی خۆیانە ئەم تایبەتمەندێتییەیان لەبەرچاو بگیرێت.
 
بافڵ تاڵەبانی ئەگەر چاوی لە گەڕانەوەی ناوچە جێناکۆکەکانە، پێویستە داوای رۆڵ و پێگەی زیاتر بۆ تورکمان و پێکھاتەکانی دیکە بکات لە ھەرێمی کوردستان. وەک چۆن چەندین کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان ھەن، دەبێت تورکمان و پێکھاتەکانی دیکەش ئەم مافەیان ھەبێت.
 
رێگەی باشتر بۆ سەرۆکی یەکێتی ئەوەیە داوا بکات یەکێک لە پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان بدرێتە تورکمان. ھەروەھا چەند چەند وەزارەت و چەندین پۆستی ئیداری لە ھەموو کەرت و وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێتە تورکمان و پێکھاتەکانی دیکە لە ھەموو پارێزگاکان نەک تەنیا لە ھەولێر، وەک چۆن کورد ئەم ماف و بەشدارییەی لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دا تائێستا و لە حکومەتی ئێستای تورکیادا ھەیە، پێکھاتەکانیش ئەم بەشدارییە راستەقینەیان شۆڕببێتەوە بۆ ھەموو جومگەکانی دەوڵەت و ئیدارە و حکومەت، بەمەش سەرۆکی یەکێتی یارییەکی ناوخۆیی و ناوچەیی سەرکەوتوو دەکات. 
 
تورکمانەکان داوایان کرد یەکێک لە پۆستی جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوان بێت، بەڵام عەرەبی عێراق ئەوەیان پەسند نەکرد. لە دوای جەنگە تایفی و نەتەوەییەکانی عێراق، رۆژ بە رۆژ عەرەبی عێراق زیاتر پشت دەکەنە مافە نەتەوەییەکان و روودەکەنە لۆژیکی زۆرینە و ھێز. لەم دۆخەدا تورکمانەکان زیاتر لە کورد ھەست بە مەترسی سەر خۆیان دەکەن و زۆرجار ئەم ترسە وایلێکردون لە عەرەبی عێراق نزیکتر ببنەوە تاوەکو کەمتر ئازاریان بدەن و باشترە کورد ئێستا کار لەسەر ئەمە بکات.
 
لێدوانی ئایدن مەعروف، یەکێک لە بەرپرسە چالاکەکانی تورکمان لە تۆڕی میدیایی رووداو، بەوەی کە تورکمانەکان ھاوپەیمانییان لەگەڵ حیزبە کوردییەکان پێباشترە لە حیزبە عەرەبییەکان، ئاماژەیەکی گرنگ و ئیجابیە و دەبێت کورد زوو بەدەم ئەم خواستەوە بڕوات.
 
کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھیچ رێگەیەکی دیکەی گرەنتیکردنی مافەکانی نییە جگە لە رێگەی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکمانەکان، بەڵام تورکمانەکان وەک کورد نین، ئەوان بە پشتیوانی تورکیا و ھاوپەیمانەکانی تورکیا لە ناوچەکە و جیھان، ھەمیشە دەتوانن عەرەبی عێراق ناچار بکەن بۆ رەچاوکردنی بەشێک لە مافەکانیان.
 
بەر لە ھاتنی داعش، بۆ بەرنامەیەکی مەیدانی ماوەیەک لە پارێزگای کەرکووک مامەوە، لە حەویجە و ھەموو ناوچەکانی دیکە ھەموو جۆرە کەسێکم بینی. چوومە نەخۆشخانەی لەدایکبوون، راستییەکی تاڵم بۆ دەرکەوت کە نەتەوەی کورد و تورکمان رۆژ بە رۆژ لەو ناوچانە بەشێوەیەکی زۆر خێرا بەرامبەر نەتەوەی عەرەب کەم دەکەن. ژنی گەنجی تورکمان و کوردم بینی کە دەیانگوت منداڵی دووەمە و ئیتر تەواو. ژنی عەرەبم لە نەخۆشخانە دەدواند دەیگوت منداڵی شەشەممە و چاوەڕێی منداڵی دیکەم چونکە بەرەکەتی خودایە.
 
چوومە نێو ئەو ماڵە کوردانەی کە کاتی خۆی خێزانەکەیان لە 11 ئەندام پێکھاتبوو، بەڵام ئێستا بە دایک و باوکیشەوە لەنێوان سێ تاوەکو پێنج ئەندامن. چوومە حەویجە لەنێو خێزانە عەرەبەکان مامەوە کە پێش سیاسەتی تەعریب، لە پێنج ئەندام پێکھاتبوون، بەڵام بەھۆی فرەژنییەوە ژمارەیان بووە بە 26 کەس لە یەک پیاو، 57 کەس لە یەک خێزان. 
 
ھەر ئەوکات گوتمان شەڕی داھاتووی کەرکووک دایکەکان دەیکەن نەک سیاسییەکان، لەم شەڕەدا ھەر ژنێکی عەرەب دوو ئەوەندەی ژنێکی کورد و ژنێکی تورکمان منداڵ دەخاتەوە بۆ سەر سندووقی دەنگدان. 
 
لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاوەکو ساڵی 2003 کە رژێمی بەعس دەڕووخێت، نزیکەی 200 ھەزار عەرەبی ھاوردە لە کەرکووک نیشتەجێ کراون، ساڵی 1998 ژمارەی دانیشتووانی قەزای حەویجە 130132 كەس بووە، لەساڵی 2008، ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە گەیشتووەتە 274215 كەس. واتە لە ماوەی 10 ساڵ دا كە یەك عەرەبی دیکەی تەعریب نەبراوە بۆ حەویجە، تەنیا لەڕێی گەشەی دانیشتووانەوە 144083 كەس زیادیكردووە.
 
گەشەی دانیشتووانی قەزای حەویجە کە 99% عەرەبنشینن، لەو ساڵانەدا زیاتر بووە لە 7%، بەڵام نێو شاری كەركووك کە تورکمان و کوردیشی تێدایە نزیکەی 3% بووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.