پێشەکی
تۆم باراک خەریکە دەبێتە یەکێک لە جەنجاڵیترین رووخسارە سیاسییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو هەندێک جار وەک دیپلۆمات و ئەفسەرە رۆژئاواییەکانی سەدەی بیستەم لەم ناوچەیە دەردەکەوێت؛ ئەوانەی نەخشەی سیاسیی ناوچەکەیان بە زمانی "سنوور"، ئایدیاکانی "پێکەوە لکاندنی نەتەوە" دەخوێندەوە. بۆیە قسەکانی لەبارەی بەسەرچوونی سایکس-پیکۆ، بێواتابوونی سنوورەکان، هەروەها باسەکانی لەسەر سێگۆشەی ستراتیژیی تورکیا-عێراق-سووریا، بە گوشار و سەرکردایەتیی ئەمریکا، هەرایەکی زۆریان لێکەوتووەتەوە.
هەڵبەت باراک هەندێک جار دیمەنێکی پراگماتیکانەش لە خۆی نیشان دەدات. بۆ نموونە، کاتێک پێیوایە چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی دیکە پرسێک نییە کە تەنیا "بە زۆر" بکرێت. هەروەها دوای ئەوەی پێشتر گوتبووی فیدراڵیزم بۆ ئەم ناوچەیە ناگونجێت، لە دوایین دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر عێراقێکی یەکگرتوو، فیدراڵی و دیموکراتی کردووەتەوە. هەڵوێستەکانی باراکیان کردووەتە دەنگێکی جەنجاڵی؛ بەڵام لەهەمان کاتدا، قسەکانی دەتوانن سەرەداوێک بن بۆ تێگەیشتن لەوەی واشنتن لە ناوچەکەدا چی دەیەوێت.
لەڕاستیدا، گرنگیی لێدوانەکانی باراک تەنیا لە فاکتەری کەسیی خۆیدا نییە؛ بەڵکوو لەوەدایە کە قسەکانی دەتوانن وەک نیشانەی خۆڕێکخستنەوەیەکی گەورەتر لە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بخوێندرێنەوە. ئەم خۆڕێکخستنەوەیە تەنانەت بە ترەمپیشەوە سنووردار نییە. چونکە بەشێکی گرنگیان لە بەڵگەنامەکانی ئاسایشی نیشتمانی، ستراتیژیی شەڕی دژ بە تیرۆر و بەڵگەنامەکانی بەرگریی ستراتیژیی ئەمریکادا هەن.
هۆکاری پێکهاتەیی ئەم گۆڕانکارییەش نە ترەمپە، نە باراک؛ بەڵکوو شەڕە. شەڕەکانی نزیکەی چوار دەیەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، واشنتنیان گەیاندووەتە ئەو خاڵەی کە جارێکی دیکە هەوڵ بدات تەونێکی نوێ بۆ سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەم ناوچەیەدا بچنێت ئەگەر بۆی بچێتە سەر.
دەکرێ لەم تەونە نوێیەشدا، کورد رووبەڕووی دەرفەت و مەترسیش بێتەوە. لە لایەکەوە، پێگەی جوگرافیی کوردستان لە ناو هاوسەنگی و کۆریدۆرە ناوچەییەکاندا گرنگتر دەبێت بەڵام لە لایەکی دیکەوە، خواستی واشنتن بۆ مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەت و دوورکەوتنەوە لە پرسی ناوخۆیی وڵاتان، لەوانەیە کاریگەریی دەوڵەتانی ناوچەکە و هاوسەنگییەکانی نێوانیان لە پرسی کورد دا زیاتر بکات. بە واتایەکی دیکە، ئەگەرێک هەیە کە لە قۆناخی نوێدا جوگرافیای کوردستان گرنگتر بێت، بەڵام ئۆتۆنۆمییە سیاسی و سەربازییەکەی زیاتر بخرێتە ژێر گوشار.
بۆچی ئەمریکا سیاسەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؟
شەڕەکانی ئەمریکا لە نزیکەی چوار دەیەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جارێکی دیکە ئەو راستییەیان سەلماندووە کە هێزی سەربازی بە تەنیا بەس نییە بۆ دروستکردنی نەزمێکی سیاسیی جێگیر. زیبیگنیو برژینسکی زووتر گوتبووی سەردەمی ئەوە تێپەڕیوە کە ئەمریکا تەنیا بەهۆی باڵادەستیی هێزییەوە بتوانێت خواستەکانی خۆی بسەپێنێت. ئەزموونی ئەفغانستان، عێراق، شەڕی دژ بە داعش و شەڕی 2026ی ئێران، بەڕوونی ئەم سنووردارییە پیشان دەدەن.
دوای دوو دەیە شەڕ، ئەمریکا ناچار بوو لە ساڵی 2021دا ئەفغانستان جێبهێڵێت و تاڵیبان جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات. ژەنراڵ فرانک مەکنزی لە کتێبەکەیدا، کشانەوەی ئەمریکای لە ئەفغانستان و گەڕانەوەی تاڵیبانی وەک سەرکەوتنێک بۆ "تیرۆری نێودەوڵەتی" خوێندووەتەوە. دیڤید پترایۆسیش ئەو کشانەوەیەی بە شکستێکی هاوشێوەی ئەزموونی ڤێتنام هەژمار کردووە. هەردووکیانیش شەڕی عێراقیان وەک کرانەوەی دەرفەتێک بەڕووی نفووزی ناوچەیی ئێران و دەرگایەک بۆ هەڵکشانی پێکدادانی دیکە، وەک شەڕی ئەلقاعیدە و داعش، پێناسەکردووە.
لە عێراقدا، ئەمریکا رژێمی سەدام حوسێنی رووخاند، بەڵام نەیتوانی نەزمێکی سیاسیی جێگیر دروست بکات. بە کردەوە، دوای 2003 رێگە بۆ گەشەکردنی نفووزی ئێران و هێزەکانی لایەنگری تاران لە عێراق کرایەوە. لە ساڵی 2011دا ئەمریکا عێراقی جێهێشت، بەڵام تەنیا سێ ساڵی دواتر ناچار بوو بۆ شەڕی دژ بە داعش بگەڕێتەوە. ئێستاش، دوای زیاتر لە دوو دەیە، واشنتن جارێکی دیکە تواناکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی نفووزی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە، ئەگەر بتوانێت.
لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەمریکا لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنی گرنگی بەدەستهێنا. جوگرافیای "خەلافەتی" داعش لە عێراق و سووریا کۆتایی هات. بەڵام ئەم سەرکەوتنە سەربازییە نەیتوانی کۆتایی بە تیرۆر بهێنێت. بیرۆکە، تۆڕ و توانای داعش و گرووپە هاوشێوەکان بە شێوەیەکی دیکە مایەوە و لە ناوچەکانی دیکەدا، لە ئەفریقاوە تا باشووری ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست، خۆی رێکخستەوە.
لە شەڕی 2026ی ئێرانیشدا، هەرچەندە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانی و هەواڵگرییان هەبوو، بەڵام ئامانجە ستراتیژییەکان — وەک لەناوبردنی تەواوی توانای ئەتۆمی، توانای مووشەکی و تۆڕە ناوچەییەکانی ئێران — بە تەواوی بەدی نەهاتن. رژێمی سیاسیی ئێران نەگۆڕا، توانای تاران بۆ دروستکردنی تەگەرەی ناوچەیی لەناو نەچوو، و گەرووی هورمزیش جارێکی دیکە وەک خاڵێکی گوشاری ستراتیژی بەرامبەر بە هەژموونی ئەمریکا دەرکەوت.
هاوکات، سیاسەتی هاوپەیمانیی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا تووشی کێشە بوو. هەوڵی ئۆباما بۆ سووڕانەوە بەرەو ئاسیا-پاسیفیک، هەستێکی نادڵنیایی لە نێو چەند هاوپەیمانێکی ناوچەیی ئەو وڵاتەدا دروست کرد. تورکیا، لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانی ناتۆیە، سیستمی S-400ی لە رووسیا کڕی و گەشەی بە توانای سەربازیی ناوخۆیی دا. وڵاتانی کەنداویش پەیوەندیی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی قووڵتریان لەگەڵ چین و رووسیا دروست کرد. شەڕی 2026ی ئێرانیش هاوپەیمانە کەنداوییەکانی ئەمریکای لەسەر داهاتووی خۆیان زیاتر دوودڵ کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە لە هەمانکاتدا پێویستییەکی زیاتریان بە قەڵخانی بەرگریی ئەمریکا هەیە.
بەمجۆرە دەردەکەوێت کە کێشەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست توانستی سەربازی نییە. لە شەڕەکانی نزیکەی چوار دەیەی رابردوو، ئەمریکا توانایەکی سەربازیی بێوێنەی نیشان داوە؛ توانی رژێمەکان بڕووخێنێت، گرووپە چەکدارەکان لاواز بکات و هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت. بەڵام نەیتوانیوە باڵادەستیی سەربازی بۆ سەرکەوتنێکی ستراتیژیی درێژخایەن بگۆڕێت. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی واشنتن جارێکی دیکە سیاسەتی خۆی لەم ناوچەیەدا دابڕێژێتەوە.
باراک چی دەڵێت؟
ئەگەر سەرنج بدەین، باراک لە لێدوانەکانیدا دیمەنێکی جیۆپۆلەتیکیی جیاواز وێنا دەکات: ئێرانێکی لاوازکراو، تورکیا-عێراق-سووریا وەک چەقی ستراتیژیی سەقامگیری، ئیسرائیلێک بە پێگەیەکی ئەمنیی فراوانتر، وڵاتانی کەنداویش وەک هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا لە دابینکردنی تێچووی ئەمنی و ئابووریی نەزمی نوێ. ئەمە تا چەند سەر دەگرێت باسێکی دیکەیە؛ بەڵام نیشانی دەدات کە واشنتن داوای چی دەکات.
دەکرێت سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەک دوو گۆڕانکاری بخوێندرێتەوە: یەکەم، وەرچەرخان لە ستراتیژیی شەڕی دژ بە تیرۆر؛ دووەم، هەنگاونان بەرەو نەزمێکی نوێ کە ئەکتەری دەوڵەتی لە ناوەندەکەیدایە. واشنتن هەوڵ دەدات تێچووی ئەمنیی ئەم نەزمە تازەیە بەسەر هاوپەیمانەکانیدا دابەش بکات. ئەمریکا چیتر نایەوێت بە تەنیا باری سەربازی، دارایی و سیاسیی پاراستنی نەزمی ناوچەکە هەڵبگرێت. وەک چۆن لە ناتۆدا داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە تێچووی بەرگریی خۆیان زیاتر بکەن، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا چاوەڕانیی ئەوەیە دەوڵەتان زیاتر چەکی لێ بکڕن، بەرپرسیاری ئەمنیی خۆیان هەڵبگرن و لە ڕێکخستنی هاوسەنگیی ناوچەییدا بەشدار بن.
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان پەیوەستە بە ستراتیژیی دژەتیرۆری ئەمریکا. لە روانگەی واشنتنەوە، هەڕەشەی داعش لە عێراق و سووریا کەم بووەتەوە. براد کووپەر فەرماندەی سێنتکۆم گوتوویەتی کە لە 2023وە تائێستا ژمارەی هێرشەکانی داعش بە رێژەی 70٪ کەمیان کردووە. ئەمە واتای ئەوەیە کە عێراق و سووریا چیتر بە تەنیا چەقی ستراتیژیی دژەتیرۆری ئەمریکا نین. بەشێک لە هەڕەشەکە کۆچی جوگرافی کردووە و ئەفریقا، باشووری ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست بوونەتە مەیدانی نوێی ستراتیژی دژەتیرۆری ئەمریکا.
گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لە زیادبوونی گرنگیی دەوڵەتانی ناوچەکە لە شەڕی دژ بە رادیکاڵیزم. ئەمریکا ئێستا زیاتر دەیەوێت شەڕی دژ بە تیرۆر لەڕێگەی دەوڵەتە ناوچەییەکانەوە بەڕێوەببات، نەک بە شێوەی پێشوو و بە پشتبەستن بە هێزە خۆجێییە نادەوڵەتییەکان. ئەمە پێچەوانەی ئەو رێبازەیە کە لە قۆناخی ئەلقاعیدە و دواتر داعشدا بەکار هات، ئەوکاتە ئەمریکا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزی زەوینی، پشتی بە هێزە خۆجێییەکان دەبەست.
گۆڕانکاریی سێیەم ئەوەیە کە بایەخمەندی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیاتر دەچێتە سەر لاوازکردنی ئێران، پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، رێگرتن لە هەڵکشانی رادیکاڵیزم، پاراستنی گەرووە دەریاییەکان و کۆریدۆرە بازرگانییەکان. بە واتایەکی دیکە، شەڕی دژ بە تیرۆر چیتر تەنیا چەقی سیاسەتی ئەمریکا نییە، بەڵکوو لەناو چوارچێوەیەکی فراوانتری جیۆپۆلەتیکی و جیۆئیکۆنۆمیدا جی دەگرێت.
ئەم سیاسەتە نوێیە دابڕاو نییە لە رکابەریی فراوانتری ئەمریکا لەگەڵ چین و رووسیا. لە جیۆپۆلەتیکی ئەمڕۆدا، کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە بازرگانییەکان، گەرووە دەریاییەکان و جێگرەوە وشکانییەکانیان جارێکی دیکە بوونەتە بابەتی ناوەندی. ئا لەم روانگەیەوە، گەرووی هورمز، بابولمەندەب و کەناڵی سوێز تەنیا رێڕەوی بازرگانی نین، بەڵکو دەتوانن ببنە خاڵی گوشاری ستراتیژی. لە کاتی قەیرانیشدا، هێزە گەورەکان بە ناچاری بیریان بۆ رێگای جێگرەوەی ئەم رێڕەوانە دەچێ ئەگەر دابخرێن وەک ئەوەی لە هورمز روویدا.
لەم چوارچێوەیەدا، گرنگیی سێگۆشەی تورکیا-عێراق-سووریا کە باراک باسی دەکات، تەنیا لەڕووی سیاسی و ئاسایشی نییە، بەڵکوو لە روانگەی جیۆئیکۆنۆمیشەوە گرنگە. ئەم سێ وڵاتە دەتوانن ببنە بەشێک لە کۆریدۆرێکی وشکانیی جێگرەوە بۆ پەیوەستکردنی کەنداو، عێراق، تورکیا و ئەورووپا بە یەکتری.
کاتێک پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، کۆریدۆری زەنگەزۆر، باسەکانی کردنەوەی هێڵە ئاسنییەکانی تورکیا و سعودی، پرۆژەی چوار دەریا یان هێڵەکانی بەستنەوەی عێراق بە سووریا وەک هێڵی کەرکوک-بانیاس دەخرێنە یەک چوارچێوە، بایەخی ئەم ئاراستەیە روونتر دەردەکەوێت. لێرەوە گرنگیی کوردستانیش دەردەکەوێت: جوگرافیای کوردستان لە نێوان عێراق، تورکیا، سووریا و ئێراندا دەنیشێت و دەتوانێت بەشێک بێت لە هەر کۆریدۆرێکی وشکانیی نوێ. بەڵام هەمان ئەم گرنگییە دەتوانێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی گوشار لەسەر بابەتەکانی کۆنترۆڵی سنوور، نەوت، پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
کورد و سیاسەتی نوێی ئەمریکا
لە قۆناخی پاش 2014دا، شەڕی دژ بە داعش بووە یەکێک لە چەقە سەرەکییەکانی سیاسەتی واشنتن لە عێراق و سووریا. لەو قۆناخەدا، کورد بەهۆی جوگرافیا، توانای سەربازی و ئامادەیی خۆی بۆ شەڕی مەیدانی، بووە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا. پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و هەسەدە لە رۆژئاوا، وەک هێزێکی پیادەی کاریگەر دەوریان گێڕا، بەڵام وادیارە لە قۆناخی نوێی ستراتیژیی دژەتیرۆری ئەمریکادا رۆڵی کورد جیاوازە. ئەم گۆڕانە لە سووریا و رۆژئاوا کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر هەسەدە دانا. باراک لە کانوونی دووەمی 2026دا لە پۆستێکی ئیکسدا ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی قۆناخی هاوکاریی وڵاتەکەی لەگەڵ هەسەدە کرد. دواتریش، سێنتکۆم لە کاتی شەڕی هەسەدە و حکومەتی سووریادا 5،704 ئەندامی داعش گواستەوە بۆ عێراق. ئەم هەنگاوەش تەنیا رێکارییەکی ئەمنی نەبوو؛ واتایەکی سیاسی دیکەیشی ئەوە بوو کە باری دۆسیەی داعش لەسەر شانی هێزێکی نادەوڵەتیی وەک هەسەدەوە بۆ دەوڵەتێکی وەک عێراق گوزرایەوە.
ئەم رەوتە رێگەی بۆ کشانەوەیەکی فراوانتر خۆش کرد. ئەمریکا دوایین بنکەی سەربازیی خۆی لە سووریا رادەستی حکومەتی سووریا کرد و لەوێ کشایەوە؛ کارێک کە ترەمپ هەر لە 2019ەوە دەیویست بیکات. بەمجۆرە، لە قۆناخی نوێدا گوشاری رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق، مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی تورکیا و سنووردارکردنی ئۆتۆنۆمیی سیاسی و سەربازی، کۆتایی بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی "ئیدارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا" هێنا. ئەمە رووداوێکی کتوپڕیش نەبوو. پێشتر فرانک مەکنزی، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئاراستەی رووداوەکان بەرەو ئەوە دەڕوات کە دواجار هەسەدە بسڕدرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەباشی شەڕی داعشی کردووە.
لە عێراقیشدا، ئەمریکا لەگەڵ بەغدا رێککەوتووە کە لە ئەیلوولی ئەمساڵدا بەرەو کشانەوە بچێت و کۆتایی بەو هاوکارییە داراییانەی پێشمەرگە بهێنێت کە لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆردا دەیکرد. هەڵبەت لێرە پێگەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەستورییە و بەبی دەسکاریکردنی دەستوور، هەم فیدراڵیزم هەمیش پێگەی پێشمەرگە بەهێزە لانیکەم بەشێوەی نوسراو. خاڵێکی دیەکش ئەوەیە کە وەرچەرخانی زیادی سیاسیەتی ئەمریکا رێگا بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری کورد و سایسەتی شیعەی خۆش دەکات کە بەشێوەی گشتی لە ناوچەکەدا لەژێر گوشاردایە. بۆیە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوەی سورریا و رۆژئاوا جیاوازە.
خالیکی گرنگ بۆ کورد لێرەدا تەنیا ئەگەری کۆتاییهاتنی هاوکاریی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە واشنتن زیاتر دەیەوێت هاوکاریی ئەمنی لە رێگەی دەوڵەتانەوە رێکبخات. واتە ئەگەر وڵاتان لە شەڕی دژ بە رادیکاڵیزمدا هاوکاریی ئەمریکا بکەن، واشنتن ئامادەیە کەمتر لە شێوازی حوکمڕانی و مامەڵەی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتەکانیاندا دەستوەردان بکات.
ئەمەش دەتوانێت جارێکی دیکە پرسی کورد بخاتەوە بەردەم داینامیکێکی سیاسیی ناوخۆیی- ناوچەیی، کە لە ئەزموونەکانی رابردوودا زۆرجار بە دابەشبوونی زیاتری نێوخۆیی کورد و دەستکەوتی کەمتر کۆتایی هاتووە.
هەڵبەت ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی گرنگیی کورد لە سیاسەتی ئەمریکی دا نییە. بەڵکو لە چوارچێوەی جوگرافیا، کۆریدۆرە بازرگانییەکان، نەوت، ئاسایش و فاکتەری هاوسەنگی، کورد هێشتا گرنگ دەبێت. نموونەیەکی ئەمە لە سەروبەندی شەڕی ئێراندا دەرکەوت، کاتێک دوای داخرانی گەرووی هورمز، تۆم باراک هەوڵێکی زۆری دا بۆ قایلکردنی هەولێر و بەغدا لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییەکاندا.
بەم شێوەیە، بایەخی کورد بۆ ئەمریکا لە قۆناخی "هاوپەیمانی شەڕ"ەو بۆ قۆناخی "گرنگی سیاسی و جیۆئیکۆنۆمی" دەگوازرێتەوە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە کورد گرنگیی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە بنەمای گرنگییەکە دەگۆڕێت.
کۆتایی
شەڕی حکومەتی سووریا و هەسەد بووە پاساوێک بۆ ئەوەی باراک زووتر کۆتایی هاوپەیمانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەسەدە لەسەر شەڕی داعش رابگەیەنێت، شەڕی ئێران بووەتە بیانوویەک بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پاساوێکی بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کورد دەستکەوێت. لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، ئەمە چەندەمین جارە کە ترەمپ لە لێدوانەکانیدا باس لەو "چەکانە" دەکات کە بە قسەی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی نێردراون و بە شێوەیەک لۆمەی کورد دەکات. لە ساڵی 2019یشدا گوتی کورد لە شەڕی جیهانیی دووەمدا لە نۆرماندی هاوکاریی ئەمریکای نەکردووە! دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە قسانەش دەریدەخات کە بابەتەکە تەنیا هەڵەیەکی زمانی یان زانیارییەکی هەڵە نییە، بەڵکوو دەتوانێت نیشانەی ئاراستەیەکی سیاسی بێت کە تێیدا واشنتنی سەردەمی ترەمپ بیەوێت لە چوارچێوەی گۆڕانێکی گەورەتر لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کورد رێکبخاتەوە.
لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئیدی مەرج نییە هەرشتی ئەمریکا ویستی سەربگرێت. واقعی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مژارێکە بە رەزا یان ناڕەزایی ئەمریکا دەرنەکەوتووە بەڵکوو هەموو کاتێک بە لەونی جیا بەشێک بووە لە دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ئەم ناوچەیە. بەڵام ئەوەش راستە کە لە دوای نەوەدەکانەوە دەستوەردانی سەربازی و شەڕەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە دەرفەتی گەورەیان بەڕووی کورد دا کردەوە. ئێستاش قۆناخێکی نوێ لە پێش دەرگای کوردە؛ باش بوون یان خراپی قۆناخەکەش تا رادەیەکی زۆر بە خواستی خودی کوردەوە بۆ چۆنییەتی داڕشتنی داهاتوەکەی بەستراوەتەوە.



