هەموومان ئەوەمان بەسەر هاتووە كە بەشەوق و زەوقەوە نوكتەیەكمان گێڕاوەتەوە، بەڵام تومەز نوكتەكە كۆنە و هەموو بیستوویانە، هەر بۆیە لەجێی پێكەنین پێماندەڵێن: كە كۆنی.. تۆزی لێ هەڵدەستێ. دوای ئەوەش لەجێی نوكتەكە بەخۆمان پێدەكەنن.
بەم دواییە، حاڵی هەندێ سیاسیی پارچەكانی دیكەی كوردستان وەك حاڵی خاوەنی نوكتە كۆنەكەی لێ هاتووە. پێشنیازەكانی ئەوان بۆ باشووری كوردستان لە نوكتەیەكی كۆن و بێتام زیاتر هیچی دیكە نییە.
باشووری كوردستان و سیاسییەكانی ئەزموونی حوكمدارییان زیاترە لە پارتە سیاسیەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان. بۆ نموونە، ئێمە تا چەند ساڵێكی كەمیش لەمەوبەر دوو كانتۆن بووین. كانتۆنی زەرد و سەوز. بێجگە لە خودا هەموو شتێكمان جودا بوو. تا ئەم ساتەش برینی دوو ئیدارەییمان ساڕێژ نەبووە. هەربۆیە كاتێك كەسێك دێت و بە حەماسەتەوە و وەك ئەوەی شتێكی تازەی كەشف كردبێ پێشنیازی چەند ئیدارەییمان بۆ دەكات، پێدەكەنین. ئەو خورمایەی ئەوان بەنیازن بیتەكێنن، ناوكەكەی لە دەستی ئێمەدایە.
یاخود كاتێك هەندێك سیاسی و نووسەری بەشەكانی دیكە دێن و شەڕە گەرمە ئایدیۆلۆژییەكانی خۆیان دێننە باشوور، ناچارین پێبكەنین. خەڵكی ئەم بەشە نەك هەر تێرە، بەڵكو وەڕس بووە لە ئایدیۆلۆجیا و قسەی گەورە. لێرە حیزبی ئیسلامی و عەلمانی تەنها بەناو لە یەك جودان. لێرە تەنانەت لە كاتی هەڵبژاردنیشدا بەرەی عەلمانی و ئیسلامی دروست نابێ. ئەو پارتانەی بڕیار وایە سیكۆلار بن، ژمارەی مەلاكانیان زیاترە لە پارتە ئیسلامییەكان. ئیسلامییەكانیش ئەوەندەی باسی دژایەتی گەندەڵی و چاكسازیی ئیداری دەكەن، ئەوەندە باسی دەوڵەتی ئیسلامی ناكەن. لە بەیاننامەی هیچ حیزبێكی ئیسلامیدا دەستەواژەی دەوڵەتی ئیسلامی بوونی نییە، بەكورتی حیزبەكان لێرە تێگەیشتوون لەوەی ئایدیۆلۆژیای وشك سكی كەس تێرناكات. ئێستا ئەگەر بە رووكەشیش بێت، شەڕەكانیان باسی پرۆژە و بژێوی و قووتی خەڵكە.
باشووری كوردستان لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا باوەشی بۆ ئایدیۆلۆژیای ماركسی كردەوە. ژمارەیەكی كەم مەلا و پارتی نەبێ كە ئەوانیش هەر بە مەلایی ناسرابوون، زۆرینەی رەهای خەڵكی باشوور باوەشیان بۆ ئایدیۆلۆژیای ماركسی كردەوە. بەڵام ئەوكاتیش ئەوەندی بە وێنەكانی لینین و ستالین سەرسام بوون، ئەوەندە ئاگاداری ناوەڕۆكی ئایدیۆلۆژیاكە نەبوون. دواجاریش كوردستان خاكێكی بەپیت نەبوو بۆ ئەو ئایدیۆلۆجیایە. هەر بۆیە كاتێك ئێستا پەیڕەوانی ئەو ئایدیۆلۆجیایە یان هی دیكە دێن و دەیانەوێ ئەو خەیاڵەی لە مێشكیاندا هەیە بۆ سیستەمی ئابووری و جیاوازیی چینایەتی بیسەپێنن و خۆیان و بۆچوونەكانیان وەك مەسیح و فریادڕەس بخەنەڕوو، ئێمە تەنیا پێدەكەنین. ئەمە نەك بۆ كۆمیونیزم، بۆ تەواوی ئایدیۆلۆجیاكانی دیكەش راستە. هەروەك ئێمە لە باشوور ئیرەیی بەو سیستەمە سیاسیانە نابەین كە لە جێگەی دیكەی بەشەكانی كوردستان لە گەشەكردندان. سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكانی، سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی لە باشوور پێگەیشتووترین و كامڵترینە لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە.
دەبێت هەموو لایەك ئەوە تێبگەن كە پێمانخۆشبێت یان نا، هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بەشێكی زۆری ئەم تایبەتمەندیانە بەهۆی ئەوەوەیە كە هەر پارچە و لەژێر دەسەڵاتی نەتەوە و دەسەڵاتێكی تەواو جیاواز بووە لەوانی تر. ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە یەك نەتەوە نەبین، بەڵكو مانای ئەوەیە كە پێویستمان بە كاتە بۆ ئەوەی لە یەك تێبگەین. هەر كەس دەیەوێت نەبێتە نوكتە و قسەكانی گوێیان بۆ بگیرێت، دەبێت ئەو راستیەی لەبەرچاوبێت كە باشووری كوردستان گەشە و پێگەیشتنێكی فیكری و سیاسی و ئابووری بەخۆیەوە بینیوە و لە قۆناغی شۆڕش و شاخ تێپەڕیوە. پێویستییەكانی ئێمە و خەونەكانی خەڵك لێرە زۆر جیاوازن لە هی شوێنی دیكە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی زنجیرە شاخێك نییە بەڵكو حكومەتێكی دانپێدانراوی دەستووریە كە هەرێمێكی گەورە بەڕێوە دەبات و ئەرك و مافی هەیە لەبەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێكانیدا. بەر لە هەموو ئەوانەش، میللەتێك هەیە كە چاوەڕوانیەكانی جیاوازن و چیدی تەنها بە دروشمی یان كوردستان یان نەمان رازی نابن، بەڵكو هەلی كارو ئاسایش و خۆشگوزەرانیشیان دەوێت. بێگومان باشوور فرمێسك و خوێن و هاوكاریی پارچەكانی دیكە لەیاد ناكات و باوەشیشی كراوەیە بۆ هەموو كورد، بەڵام نوكتەكانتان هەڵگرن بۆ خۆتان.



